|
پارتی و یه‌کێتی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن
که به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵك له
"هه‌ڵبژاردن"دا زیانی بۆ "کورد" هه‌یه.
ده‌ستی عه‌ره‌به شۆڤێنیسته‌کان و
ئیسلامیه‌کان ده‌کاته‌وه له دژی خه‌ڵکی
کوردستان و ئه‌وان زاڵ ده‌بن و به‌م پێیه
خه‌ڵکی کوردستان رووبه‌رووی خه‌ته‌رو کاره‌سات
ده‌بنه‌وه. ده‌ڵێن خه ڵك ده‌نگ به یه‌کێتی و
پارتی نا‌ده‌ن، ده‌نگ به کورد ده‌ده‌ن!
پێویست ده‌کات له چه‌ند لاوه ئه‌م
پڕوپاگه‌نده‌یه روون بکه‌ینه‌وه:
1-
ئایا ئه‌مه‌ی ئه‌نجام ده‌درێ به راستی
هه‌ڵبژاردنه و هیچ پێوانه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردنی
ره‌چاو کردووه؟ ئایا ده‌نگدانی خه‌ڵك هیچ
کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئاکامه‌کانی
هه‌ڵبژاردن؟ ئایا ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێن
ده‌بنه نوێنه‌رانی خه‌ڵك و خۆیان به‌رامبه‌ر
خه‌ڵك و به هیچ خواست و مه‌سه‌له‌یه‌کی
سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه به
به‌رپرسیار ده‌زانن، یان ته‌نها مۆری
ره‌زامه‌ندی خه‌ڵکیان ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی له
پێشبڕکێی ده‌سه‌ڵاتدا له‌گه‌ڵ یه‌کتر سوودی
لێوه‌رگرن!؟
وه‌ڵامی ئه‌وانه هه‌مووی نه‌خێره بێجگه له
پرسیاری ئه‌خیر. هه‌ڵبژاردن به‌پیی پێوانه
بۆرژواییه رۆژئاواییه‌که‌شی، ده‌بێ
هه‌لومه‌رجێکی ئازادانه‌ی سیاسی بۆ ده‌نگدانی
خه‌ڵك فه‌راهه‌م کرابێت. ئه‌مه نه له
کوردستان و نه له عێراق فه‌راهه‌م نییه.
چه‌ند حیزبی میلیشیایی ده‌سه‌ڵاتیان
به‌ده‌سته‌و هه‌ر یه‌که‌یان ناوچه‌یه‌کیان
بۆخۆیان پاوان کردووه. هه‌موو هه‌ڵسووڕانێك و
هه‌موو بڕیارێکی سیاسی له ناوچه‌ی ژێر
ده‌سه‌ڵاتیان به‌پێی ئیتیفاقی نێوانیان
ده‌کرێ. هه‌موو شتێك ده‌بێ ره‌زامه‌ندی
ئه‌وانی له‌سه‌ر بێت، ئه‌ویش به‌پێی
به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌کانیان. هه‌ڵبژاردن و
ده‌نگدانی ئازادانه‌ی خه‌ڵك و به‌شداری سیاسی
ئازادانه‌و هوشیارانه‌ی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی
میلیشیای بۆرژوایی ئه‌رزو ئاسمانیان له
نێواندایه.
ئازادی خه‌ڵك ومافی ئیختیاری سیاسی خه‌ڵك له
چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و بڕیاری
سیاسی ئه‌واندا مانای هه‌یه و هیچی دیکه!
لیستی ئه‌وان هه‌یه، راگه‌یه‌نراوه. خه‌ڵك
ئازاده ده‌نگ به‌و لیسته بدات. ئازاد نییه
ده‌نگی پێ نه‌دات، چونکه ئه‌وه
ئیتر"خیانه‌ته به کورد و به خوێنی
شه‌هیدان". ئه‌وه ساده‌ترین فشار‌و زه‌غتی
نه‌فسی و ئه‌خلاقییه که بۆ خه‌ڵکی ده‌هینن
بۆ ئه‌وه‌ی ناچاریان بکه‌ن ده‌نگ به‌وان
بده‌ن!
ته‌جروبه‌ی هه‌ڵبژاردنی مانگی یه‌کی ئه‌مساڵ،
ته‌جروبه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌وانیه‌کانی
هه‌ولێرو سلێمانی، ته‌جروبه‌ی هه‌ڵبژاردنی
په‌رله‌مانی 1992، هه‌موویان به رۆشنی
ئه‌وه‌یان نیشان داوه که لیسته‌کانی ئه‌وان
لیستی نوێنه‌رانی خه‌ڵک نه‌بوون. خۆیان
به‌رامبه‌ر هیچ مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی،
ئابووری، خۆشگووزه‌رانی و خزمه‌تگووزاریی
خه‌ڵك به به‌رپرس نه‌زانیوه و نازانن. به
هیچ شێوه‌یه‌ك خه‌ڵك ناتونێت لێیان
بپرسێته‌وه. ئه‌گه‌ریش مانگرتن و خۆپیشاندان
بکه‌ن ئه‌وا لوله‌ی چه‌کی پۆلیس و ئاسایشی
کوردایه‌تی ده‌وری راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بینێت
و چی تر نابێته " دوگمه‌و دۆڵاب" به
سنگیانه‌وه!
2-
ئایا به‌راستی ده‌نگی خه‌ڵك بۆ یه‌کێتی و
پارتی نابێت و به‌رپرسانی ئه‌وان و لیستی
ئه‌وان ناچنه ناو حکومه‌تی ناوه‌ندیه‌وه؟
ئایا بێجگه له لیستی ئه‌و دوو حیزبه‌و
ده‌سته‌و تاقمه‌کانی هاوپه‌یمانی ئه‌وان ده‌نگ
به کێی دیکه ده‌درێ؟ ئایا هیچ کاندیدێکی
دیکه له ئارادا هه‌یه که نوێنه‌رایه‌تی
راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك و خواست و ئومێده
سیاسیه‌کانی ئه‌وان بکه‌ن؟ ئایا ئه‌سڵه‌ن ئه‌م
حیزبانه رێگه‌یان داوه به که‌سی دیکه که
خۆیان کاندید بکه‌ن؟ ئایا خه‌ڵك هیچ
ئیختیارێکی دیکه‌ی هه‌یه تا ده‌نگی پێبدات؟
ئایا یه‌کگرتووی ئیسلامی که ریاکارانه خۆی
وه‌کو نوێنه‌ری ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك دژی
گه‌نده‌ڵی نیشان ده‌دات، فڕی به‌سه‌ر
به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئومێده‌کانی کۆمه‌ڵگای
کوردستانه‌وه هه‌یه بۆ ئازادی و
خۆشگووزه‌رانی و ژیانی شارستانی؟!
ئه‌وه‌ی
ئاشکرایه ئه‌وه‌یه که ئه‌و ده‌نگدانه‌ی
خه‌ڵك راسته‌وخۆ ده‌چێته گیرفانی یه‌کێتی و
پارتیه‌وه. ده‌نگدانه‌که بۆ لیستی هاوبه‌شی
ئه‌وانه. هیچ کاندیدێکی دیکه که به‌قه‌ده‌ر
نووکه‌ده‌رزییه‌ك په‌یوه‌ندی به
به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئومێد‌و خواسته
ئینسانیه‌کانی خه‌ڵکه‌وه هه‌بێت، له‌م به‌ناو
هه‌ڵبژاردنه‌دا نابینرێ. گومانیش له‌وه‌دا
نییه که یه‌کگرتووی ئیسلامی نه‌ك نوێنه‌ری
هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ك و ئومێدێکی ئینسانی خه‌ڵك
نییه، به‌ڵو هێزێکی تیرۆریستی ئیسلامیه که
په‌یامی ره‌شی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسی بۆ
خه‌ڵکی ئازادیخواز‌و یه‌کسانیخوازو مۆدێرنی
کۆمه‌ڵگای کوردستان پێیه.
ده‌نگی خه‌ڵك بۆ لیستی(730)، مۆری
ره‌زامه‌ندی دانه له رێکه‌وتننامه‌ی نێوان
یه‌کێتی و پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌و میلیشیا ئیسلامی
و نه‌ته‌وه‌په‌رسته عه‌ره‌بانه‌ی که ئه‌مان
کورسیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی عێراقیان له‌گه‌ڵیاندا
دابه‌ش کردووه. رێکه‌وتنامه‌یه‌كی ئاگربه‌ست
و ته‌قسیمی ده‌سه‌ڵات و سامان له‌نێوانیاندا
ئیمزا کراوه و پێویستیان به ته‌ئیدی خه‌ڵك
هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به ناوی دیموکراسیه‌وه
ده‌ردخواردی خه‌ڵک خۆی و میدیای بۆرژوایی و
رۆژئاوای بده‌ن و رووی ئه‌مریکاش سپی
بکه‌نه‌وه!
له‌م به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌دا که له ژێر
سایه‌ی داگیرکاری ئه‌مریکاو ده‌سه‌ڵاتی
ئه‌حزابی میلیشیایی لایه‌نگری ئه‌مریکا
ئه‌نجام ده‌درێ، جێگایه‌ك بۆ ده‌نگی خه‌ڵك و
نوینه‌ری خه‌ڵك نابێته‌وه. نوێنه‌ری خه‌ڵك،
نوێنه‌ری به‌دیهێنانی خواسته‌کانی ئه‌وان له
ئازادی، فرسه‌تی یه‌کسانی ژیان بۆ هه‌مووان،
نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆری به‌رپرسانی
ئه‌حزابی میلیشیایی ده‌سه‌ڵاتدار،
خزمه‌تگووزاری شاره‌وانی، پارێزراوبوونی مافه
ئینسانیه‌کانی ژنان، مافی ژیانێکی ئازاد‌و
هاوچارخ بۆ لاوانی کوردستان، هه‌ڵپێچانی
بیرۆکراسی به‌رپرسانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار....
و تاد. له‌م "هه‌ڵبژاردن"دا جێگای نییه. هیچ
ئیختیارێکی سیاسی دیکه بۆ خه‌ڵك
نه‌هێڵراوه‌ته‌وه. هه‌یه‌و نییه لیستی
هاوبه‌شی پارتی و یه‌کێتی و
هاوپه‌یمانه‌کانیان له‌گه‌ڵ لیستی یه‌کگرتووی
ئیسلامییه، که ته‌نانه‌ت بوونی ئه‌میشیان پێ
قبووڵ ناکرێت. ئه‌وه‌تا پارتی له جه‌رگه‌ی
پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموکراسیدا
په‌لاماری ئه‌م تاقمه ده‌دات که تا دوێنێ
دۆستی سه‌ر مێزی کۆبوونه‌وه
دیپلۆماسیه‌کانیان بوون. چ جای ئه‌وه‌ی
ته‌حه‌مولی ئه‌و لایه و که‌سانه بکه‌ن که
نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك ده‌که‌ن.
هه‌رئه‌وه‌یه؛ له نێوان خراپ و خراپتر دا
هه‌لبژێره خراپ. یان ره‌نگه ئه‌م ئیختیاره‌ش
نه‌بێت!
3-
ئایا، له هه‌مووی گرنگتر، ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی
و قازانجه سیاسییه چییه که خه‌ڵکی
کوردستان له به‌شداریکردن له"هه‌ڵبژاردن"دا
ده‌ستیان ده‌که‌وێت و ئه‌گه‌ر به‌شداری
نه‌که‌ن له ده‌ستی ده‌ده‌ن!؟
گرنگترین خاڵێك که یه‌کێتی و پارتی
ده‌یانه‌وێ خه‌ڵکی کوردستانی پێ چه‌واشه
بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی راپێچی گاڵته‌جاری
هه‌ڵبژاردنیان بکه‌ن ئه‌وه‌یه که گوایه
خه‌ڵك ده‌نگ به کورد ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر
به‌شداری نه‌که‌ن زیان به مه‌سه‌له‌ی کورد
ده‌گه‌یه‌نن!
به‌ڵام با بزانین ئه‌م هه‌ڵبژاردنه
چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد ده‌کات؟ ره‌نگه
به‌شێکی خه‌ڵك بڵێن قه‌یناکا ماوه‌یه‌کی
دیکه‌ش ته‌حه‌مولی بێکاره‌بایی ده‌که‌ین،
ته‌حه‌مولی ئه‌وه ده‌که‌ین که بۆری ئاوی
ماڵان هه‌ر فشه‌ی بێت و دڵۆپێك ئاوی
پێدانه‌یه‌ت! جاده‌کان هه‌ڵکه‌نراو به ئومێدی
ئه‌و رۆژه بن که پڕبکرێنه‌وه! گه‌نده‌ڵی
ئیداری زیاتر‌و سه‌روه‌تی به‌رپرسانی ئه‌و دوو
حیزبه زیاتر لووت له هه‌ور هه‌ڵبسوون،
و...... تاد. به‌ڵام هه‌ر به‌ومه‌رجه‌ی کورد
تووشی کاره‌سات نه‌بێته‌وه. گوایه ئه‌م دوو
حیزبه، که‌ده‌ستیان له بینی خه‌ڵک ناوه‌و
نان‌و ئا‌وو کاره‌بایان له خه‌ڵك کردووه به
خه‌ونی وه‌دی نه‌هاتوو، له‌م مه‌سه‌له
حه‌ساسه‌دا که مه‌سه‌له‌ی داهاتوو و
چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستانه نوێنه‌رایه‌تی
ئه‌وان ده‌که‌ن! گوایه ئه‌و خه‌ڵکه له
به‌رامبه‌ر شۆڤینیزمی عه‌ره‌بی و ئیسلامی
سیاسی‌دا ده‌پارێزن! ئایا شتی وا مه‌نتقییه و
ده‌کرێ هیچ ئینسانێکی عاقڵ بڕوای پێ بکات!؟
ئه‌وه نییه یه‌کێتی و پارتی هه‌ر له‌گه‌ڵ
ئه‌و شۆڤینیستانه‌ی عه‌ره‌ب و ده‌سته‌و تاقمه
ئیسلامیه سیاسیه‌کانی شیعه و غه‌یری شیعه‌دا
حکومه‌تی کاتییان پێك هێنا، "ده‌ستور"ی
کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئیسلامی و تائیفی و
قه‌ومییان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا سه‌پاند، و دوای
ئه‌م گاڵته‌جاریه‌ی هه‌ڵبژاردنیش حکومه‌تی
هاو‌به‌ش پێك ده‌هێین! یه‌کێتی و پارتی
حکومه‌تی فیدراڵیان ده‌وێت که ته‌زمینی
به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان ده‌کات.
به‌ڵام کێشه‌ی کورد چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێت و
خه‌ڵکی کوردستان چی‌یان ده‌وێت؟
له ئێستادا ته‌نها رێگای چاره‌سه‌ری کێشه‌ی
کورد له کوردستانی عێراقدا جیابوونه‌وه‌ی
کوردستانی عێراقه له رێگای ئه‌نجامدانی
ریفراندۆمێکی ئازاده‌وه. خه‌ڵکی کوردستان
خوازیاری جیابوونه‌وه‌ن. ئه‌مه خواستێکی
جه‌ماوه‌ری و هاوکات شه‌رعی و عادیلانه‌یه.
هه‌روه‌ها ته‌نها رێگاچاره‌ی سیاسی ئه‌م
کێشه‌یه‌شه که به کێشه‌ی کورد ناسراوه.
ته‌نها رێگایه‌ك که بۆ هه‌تاهه‌تایه مه‌ترسی
دوباره‌بونه‌وه‌ی زوڵمی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر
خه‌ڵکی کوردستان کۆتایی پێ ده‌هێنێ، خه‌ته‌ری
گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رکوت و داپڵۆسین و جینۆساید و
کوشتارو ئاواره‌بونی خه‌ڵکی کوردستان له‌نێو
ده‌بات، ته‌نها جیابوونه‌وه‌ی کوردستان و
پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه. خه‌ڵکی
کوردستان ئه‌مه‌ی ده‌وێ، به‌ڵام به‌شداریکردن
له هه‌ڵبژاردن به پێچه‌وانه‌وه کوردستان
ده‌به‌ستێته‌وه به عێراقه‌وه له
چوراچێوه‌ی فیدراڵی نه‌ته‌وه‌ییدا. واته
کێشه‌ی کورد به هه‌ڵواسراوی و چاره‌سه‌ر
نه‌کراوی ده‌هێڵێته‌وه. هه‌میشه له‌گه‌ڵ
ئه‌گه‌ری تێکچوونی رێکه‌وتنی نێوان پارتی و
یه‌کێتی له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه ئیسلامی و
نه‌ته‌وه‌په‌رسته عه‌ره‌بیه‌کاندا که ئێستا
له‌گه‌ڵیان رێکه‌وتوون و بڕیاره حکومه‌تیان
له‌گه‌ڵدا دروست بکه‌ن، ئه‌گه‌ری ده‌ست
پێکردنه‌وه‌ی خه‌ته‌رو کاره‌سات بۆ خه‌ڵکی
کوردستان دێته‌وه گۆڕێ. بۆچی مه‌گه‌ر پارتی و
یه‌کێتی که برای خوێنی خێزانی کوردایه‌تین
دووای هه‌ڵبژاردنی "په‌رله‌مان" به 2 ساڵ
هه‌موو رێکه‌وتنێکیان له‌ژێر پێ نه‌نا و
شه‌ڕێکی خوێناویان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا نه‌سه‌پاند
و کوردستانایان نه‌کرد به دۆزه‌خ له خه‌ڵك!؟
بۆچی ده‌بێت ئه‌م کۆکتێله سه‌یرو
سه‌مه‌ره‌یه‌ی که بڕیاره "هه‌ڵبژاردن"
شه‌رعیه‌ت به ده‌سه‌ڵاتیان بدات، له‌سه‌ر
به‌شه ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت له داهاتوویه‌کی
نزیکدا رێکه‌وتنی نێوانیان تووڕ هه‌ڵنه‌ده‌ن و
به‌رنه‌بنه گیان یه‌کتری و خه‌ڵکیش!؟
به‌ڵام ئایا به‌شداری خه‌ڵك هیچ نه‌بێت
خه‌ته‌ری ئه‌و لایه‌نه شۆڤینیست و
ئیسلامییه عه‌ره‌بیانه له‌سه‌ر خه‌ڵكی
کوردستان دوور ناخاته‌وه‌و
به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه به‌شداری نه‌کردن پێشی
ناخات؟
به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردندا ئه‌و شته‌ی
دووری ده‌خاته‌وه چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورده،
نه‌ك خه‌ته‌ری ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی زوڵمی
نه‌ته‌وه‌یی دژی خه‌ڵکی کوردستان. ئێستا هه‌م
فرسه‌ت و هه‌م زه‌مینه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی
کورد به‌شێوه‌یه‌کی عادیلانه له ئارادایه.
ئه‌وه دیار نییه که ئه‌م فرسه‌ت و
ئیمکانیه‌ته سیاسییه تا که‌ی ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ریش له ده‌ست درا ئیتر مه‌علومه که
ده‌رفه‌تێکی مێژوویی که بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م
کێشه‌یه له ئارادایه له ده‌ست ده‌درێ!
بۆیه به‌شداریکردن له قازانجی چاره‌سه‌ری
کێشه‌ی کورد نییه‌و به‌م پێیه به‌شداریکردن
تێیدا له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك نییه. بێگومان
له به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کێتی و پارتییه، به‌ڵام
له زه‌ره‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد و چاره‌سه‌ری
ره‌وای ئه‌م کێشه‌یه‌یه.
خه‌ڵکی کوردستان له جیاتی ئه‌وه‌ی روو له
بنکه‌کانی ده‌نگدان بکه‌ن بۆ به‌ستنه‌وه‌ی
کوردستان به عێراقه‌وه، با هه‌رکه‌سه
له‌سه‌ر بانی ماڵه‌که‌ی خۆی له‌سه‌ر پارچه
مقه‌بایه‌ك بنووسێت:
به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ی کوردستان!
با که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن له‌جیاتی وێنه‌ی
به‌شداریکردن له گاڵته‌جاری هه‌ڵبژاردن ئه‌م
په‌یامه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به ئاگاداری
خه‌ڵکی دنیا بگه‌یه‌نن!
********** |