|
په‌ڵه‌ڕه‌شی تاوانی هه‌ڵه‌بجه
به‌بڕوای من خولقاندنی کاره‌ساتی
بۆمبارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن
ڕژێمی فاشیستی به‌عسه‌وه به هه‌موو
جۆره‌کانی چه‌کی گازی ژاراوی، به‌ته‌نها خۆی
گه‌وره‌ترین زام و برینی له ویژدانی خه‌ڵکی
کوردستان و جیهاندا هه‌ڵکه‌ندووه. به‌دوای
خاپوورکردنی هێرۆشیما و ناکازاکی له ژاپۆن
به بۆمبی ناو‌کی له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه،
به‌دوای کاره‌ساتی به‌رپاکردنی هۆلۆکۆست و
داخستنی کووره‌کانی ئینسانسووتاندن له‌لایه‌ن
نازیزمه‌وه، کیمیاڕێژکردنی هه‌ڵه‌بجه
گه‌وره‌ترین تاوانی مێژووی سه‌ده‌ی بیست بوو.
هه‌ڵه‌بجه یه‌کجار وه له‌ماوه‌ی چه‌ند
سه‌عاتێکدا به گازی ژاراوی و ناپاڵم
له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه خاپوورکرا. به‌ڵام
15ساڵه حیزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی
له‌جیاتی به‌گه‌ڕخستنی هه‌موو توانایه‌ک بۆ
له‌بیبردنه‌وه‌ی زوخاو و ناسۆری ئه‌م زامه
سه‌خته و لابردنی ئاسه‌واری ئه‌م کۆسته
گه‌وره‌یه، بێویژدانانه هه‌موو ساڵێک بۆ
بازرگانیپێوه‌کردنی له ساڵیادی نغرۆکردنی
هه‌ڵه‌بجه‌دا قه‌تماغه‌ی برینی جه‌سته‌ی ئه‌م
شاره ده‌کولێننه‌وه. ئه‌مه گه‌وره‌ترین
بێحورمه‌تیکردنه به شاری هه‌ڵه‌بجه و به
خه‌ڵکی کوردستانیش. ئه‌مه تاوانێکه به‌ڕای
من له ئاستی کاره‌ساته‌که‌دایه. خه‌ڵکی
هه‌ڵه‌بجه هه‌موو ساڵێک ده‌مرن و
ده‌ژێنه‌وه. له کاتێکدا لێپراسراوانی
ڕه‌نگاوڕه‌نگی یه‌کێتی و پارتی کێرڤی سه‌روه‌ت
و داهاتیان فڕیوه و کوردستانیان کردۆته
فیرعه‌ونستان بۆ خۆیان و ژیانی شاهانه
ده‌گوزه‌رێنن، به‌ڵام خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و
هه‌ورامان به دیار داروپردووی پاش
ناپاڵمباران و به‌ته‌نیشت گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی
ئازیزانیانه‌وه سه‌رده‌نێنه‌وه. خۆپیشاندانی
شاری هه‌ڵه‌بجه هاوارێکی ڕه‌سا بوو بۆ
کۆتاییهێنان به‌م مه‌رگه شێنه‌ییه. هیچ شتێک
ناتوانێت پاساوی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌کێتی و
پارتی بداته‌وه.
وه‌ستانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه
به پێچه‌وانه‌ی ساڵانی ڕابردووه‌وه، ئه‌مساڵ
لاوانی هه‌ڵه‌بجه ڕێگایاننه‌دا مه‌راسیمی
یادی ڕووکه‌ش و تاڵ و کوشنده‌ی هه‌ڵه‌بجه
له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ناسیونالیستی
کورده‌وه سازبکرێت. 15ساڵه ته‌نها
له‌مڕۆژه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌یان بیردێته‌وه.
کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه پێنجهه‌زار
ژن و منداڵ و گه‌وره‌ی کرد به قوڕگی مه‌رگی
به کۆمه‌ڵدا، برینێکی قووڵی کرده ویژدانی
مرۆڤایه‌تییه‌وه. به‌ڵام یه‌کێتی و پارتی
هه‌موو ساڵێک له 16-3دا هه‌ڵڵاوزه‌نایه‌کی
فریوکارانه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک
ده‌نێنه‌وه و بڕێک فرمێسکی درۆیینه
هه‌ڵده‌ڕێژن و چه‌ندین به‌ڵێنی پووچ به
خه‌ڵکی ئه‌م شاره ده‌ده‌ن، پاشان ده‌ڕۆن و
هه‌ڵه‌بجه و دانیشتوانه‌که‌شی له‌ناو
وێرانه‌ی شاره‌که‌یان و که‌لاوه‌ی
ماڵه‌کانیاندا به‌ته‌نها به‌جێده‌هێڵن.
15ساڵه خه‌ڵکی ئه‌م شاره ڕۆژ و ساڵ
ده‌ژمێرن، سابه‌ڵکو لایه‌کیان لێبکرێته‌وه،
هه‌ر هیچنه‌بێ ئاسه‌واری ئه‌و کاولکاری و
کۆمه‌ڵکوژییه له‌به‌رچاویان لابچێت و
ڕوخسارێکی ئاوه‌دانی بۆ شاره‌که‌یان
بگه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام کوانێ؟! سه‌رباری ئه‌م
پشتگوێخستنه‌ش، ئه‌حزابی حاکم له مامه‌ڵه و
سه‌ودایان له‌گه‌ڵ جمهوری کۆنه‌په‌رستی
ئیسلامی ئێران‌دا، ڕه‌شترین ده‌سته‌وتاقمی
ئیسلامی‌یان کرده شه‌ریکه ده‌سه‌ڵاتیان
به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌ی هه‌ورامانه‌وه،
نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبانیان سه‌پاند
به‌سه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه و ئه‌م ناوچه‌یه‌دا.
له‌مه بترازێ خه‌ڵکی برینداری هه‌ڵه‌بجه
جگه له وه‌عد و به‌ڵێنی درۆ هیچیتریان
نه‌بینیوه. بۆیه خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه هه‌زار
جار هه‌قیانه ڕێگانه‌ده‌ن ئه‌م سیناریۆ پووچ
و فریوده‌رانه‌یه سازبکرێت. خۆپیشاندانی
خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه به‌ته‌نها هه‌ر ده‌ربڕینی
ناڕه‌زایه‌تییان نه‌بوو به‌رامبه‌ر به پشتگوێ
خرانی خۆیان و شاره‌که‌شیان، به‌ڵکو
به‌گه‌ڕخستنی ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆیان بوو بۆ
کۆتاییهێنان به مه‌رگێکی شێنه‌یی و
بازرگانیکردن به‌سه‌ریانه‌وه.
بزماری سه‌ر دڵی هه‌ڵه‌بجه
به‌ڕای من مۆنیۆمێنتێک که له‌ناو قووڵایی
پشتگوێخرانی خواست و داواکاری و پێویستیه
حه‌یاتییه‌کانی ئه‌م شاره‌دا، به‌سه‌ر جه‌سته
و ڕۆحی برینداری هه‌ڵه‌بجه‌وه
قووتکراوه‌ته‌وه، وه‌کو ڕه‌مزی به ئیهمال
سپاردنی ئه‌م شاره دێته‌به‌رچاو، له‌لایه‌کی
دیکه‌شه‌وه ڕه‌مزێکی ناشیرینی بازرگانی
پێوه‌کردنی سیاسی و مادیی بووه بۆ یه‌کێتی و
پارتی. بۆیه ناکرێت سه‌دان و هه‌زاران خواست
و پێویستی فه‌وری خه‌ڵکی ئه‌م شاره، به
کڵێشه‌یه‌کی ڕۆتینی کوشنده‌ی وه‌کو ئه‌و
ڕه‌مزه پاساوبدرێت. ئه‌مه له کاتێکدایه
که خۆپێشاندانی هه‌ڵه‌بجه هێمن و شارستانی
بووه و ده‌سه‌ڵاتی لێ‌ئاگادار کراوه‌ته‌وه،
هه‌رگیز ناچێت به عه‌قڵدا ئامانج سووتاندنی
ئه‌و مۆنیۆمێنته بووبێت. وه‌ک خه‌ڵکی
شاره‌که و خۆپیشانده‌ران خۆیان ووتوویانه،
هه‌ر له سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌که‌وه ئاسایش
ڕێگه‌ی پێنه‌داون و ته‌قه‌یان له
خۆپیشاندانه‌که کردووه. به‌ڵگه‌ی
بڕێنه‌ره‌وه‌ش کوژرانی دوو که‌س و
برینداربوونی 11 که‌سیتره. پاشان ئاسایش
چه‌ندین که‌سیان له خۆپیشانده‌ران له‌ناو
ئه‌و شوێنه‌دا زیندانیکردووه. ئه‌مه‌ش ڕق و
تووڕه‌یی خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌ستوورتر کردووه.
تۆوی تاوان"ئاژاوه"!
ده‌سه‌ڵاتێک له‌ماوه‌ی 15ساڵدا جگه له
به‌ڵێنی درۆ و فریودانی خه‌ڵکی، جگه له
گیرفانپڕکردن به‌سه‌ر کاره‌ساتی
هه‌ڵه‌بجه‌وه، هیچشتێکیان بۆ ئه‌م شاره
نه‌کردبێت، بێگومان بۆ پاساودانی تاوانی
ته‌قه‌کردن له خۆپیشاندانی خه‌ڵکه‌که‌ی و
کوشتن و بریندارکردنیان له‌لایه‌ن
هێزه‌کانیانه‌وه، ده‌بێت پڕوپووچی
ئاژاوه‌گێڕیی بهێننه‌ئاراوه. ئه‌م
ده‌سه‌ڵاته یه‌که‌م جار نییه ته‌قه له
خه‌ڵک و له خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی شاره‌کانی
کوردستان ده‌که‌ن. له که‌لار و ڕانیه و
چه‌مچه‌ماڵ و زاخۆ و ئاکرێش هه‌ر به ته‌قه
وه‌ڵامی خواستی ڕه‌وای خه‌ڵکیان دایه‌وه.
حیزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی بۆ
چه‌نده‌مین جار سه‌لماندیان که هێزێکی
غه‌ریبن به کوردستان و به ژیانی
خه‌ڵکه‌که‌ی. سه‌لماندیان که به‌هیچ
شێوه‌یه‌ک ژیان و ئاوات و ئاره‌زووی خه‌ڵک
به‌قه‌د پووشێک بایه‌خی نییه به‌لایانه‌وه.
خه‌ڵکیش ڕێگه‌ی شایسته ده‌گرنه‌به‌ر بۆ
به‌رگری له خۆیان و له ژیان و ئایینده‌یان.
16-3ی ئه‌مساڵی هه‌ڵه‌بجه سه‌ره‌تای
ده‌سپێکردنی بڕگه‌یه‌کی نوێیه له ژیان و
خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستاندا. هه‌موو ئیدیعاکانی
ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی له سنگی
هه‌ڵه‌بجه‌دا پووچه‌ڵ بوونه‌وه. خه‌ڵکی
هه‌ڵه‌بجه و کوردستان کرده‌وه‌یان ده‌وێ و
چیتر وه‌عده و به‌ڵێن قبوڵناکه‌ن.
سێبه‌ره‌کاننی خۆدزینه‌وه!
سه‌باره‌ت به ڕاگه‌یاندنی هاوبه‌شی پێنج
حیزبه‌که‌ش، جا‌رێ دوو له‌وانه، یه‌کێتی و
پارتی خۆیان ڕاسته‌وخۆ به‌رپرسیاری یه‌که‌من
له هه‌ر شتێک که له هه‌ڵه‌بجه ڕوویداوه و
ده‌دات تائه‌و کاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارن. 15ساڵ
پشتگوێخرانی هه‌ڵه‌بجه به‌ته‌واوی له
ئه‌ستۆی ئه‌واندایه. به‌م مانایه تووڕه‌یی
خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ش ئه‌که‌وێته‌ئه‌ستۆیان و
مامه‌ڵه‌ی به‌عسیانه له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی
شارستانیانه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه په‌ڵه‌یه‌کی
ڕه‌شی تره به‌نێوچه‌وانیانه‌وه و
پاکنابێته‌وه. ئه‌و حیزبانه‌ی تریش خۆیان
مه‌عاشخۆری ئه‌م دوو حیزبه‌ن و ملیان درێژه
له‌به‌رده‌م فه‌رمانه‌کانیاندا. یه‌کێتی و
پارتی هه‌میشه له پشتی "ئاژاوه‌گێڕی" و
"بوونی ده‌ست" و ڕاگه‌یاندنی هاوبه‌ش له‌گه‌ل
سێبه‌ره‌کانیاندا(مه‌به‌ست حیزبه
هاوپه‌یمانه‌کانیانن) خۆیان له تاوانه‌کانیان
ده‌رهه‌ق به خه‌ڵک و سه‌رکوتی ده‌نگی
ناڕه‌زایه‌تیان ده‌دزنه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌ی که
له ڕووداوی 16-3 ئه‌مساڵی هه‌ڵه‌بجه‌دا
حیزبه‌کانی تر ده‌چنه‌پاڵ یه‌کێتی و پارتی و
مۆریان بۆ ده‌که‌ن، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه که
ئه‌و حیزبانه هیچیان له‌باردا نییه و
به‌شێکن له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دوو حیزبه و
به‌س. به‌ر له هه‌ر شتێک ده‌بێت
ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان کرد له
خۆپیشانده‌رانی هه‌ڵه‌بجه وه‌کو تاوانبار
بده‌نه دادگای ئاشکرای جه‌ماوه‌ری و لایه‌نی
سه‌ره‌کی لیژنه‌ی هێوڕکردنه‌وه‌ش ده‌بێ له
نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌ران پێکبهێنرێت.
21-3-2006 |