|
کاتێک حه‌ماس له هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی
ڕابووردوی فه‌له‌ستین دا بردیه‌وه
سیاسه‌تمه‌دارانی ڕۆژئاوا‌و ئه‌مریکای تووشی
شۆک کرد و ژورنالیسته‌کانیشی به‌هه‌مان شێوه
له‌بازاڕێکی گه‌رمی گێژ کردنی کۆمه‌ڵگه‌دا
سه‌رقاڵ کرد. به‌ڵام له‌ڕاستیدا هۆی
بردنه‌وه‌ی حه‌ماس له هه‌ڵبژاردنه‌کانی
فه‌له‌ستین و به‌ده‌ست هێنانی زۆرینه‌ی
کورسیه‌کانی په‌رله‌مان چی بوو؟ ئایا ئه‌مه
شتێکی کتوپڕو چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوو؟ ئایا
خودی هه‌ڵبژاردنه‌که هه‌ڵبژاردنێکی ئاسایی و
له فه‌زایه‌کی ئاسایی‌دا به‌ڕێوه چوو؟
به‌ڕای من لێکدانه‌وه‌ی لایه‌نه
جۆراوجۆره‌کان و ناسینی فه‌زای
هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌توانێت ڕۆشناییه‌کمان
له‌سه‌ر ئه‌وه پێ بدات که بۆچی حه‌ماس
بردیه‌وه، وه ئایا چاوه‌ڕوان کراو بوو یان
نا. له ڕاستیدا نه ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی
فه‌له‌ستین ده‌سه‌ڵاتیکی ئاسایی به مانای
ئه‌وه‌ی که ڕه‌سمیه‌تی ته‌واوی نێوده‌وڵه‌تی
وه‌رگرتبێت و لایه‌نه حقوقییه‌کانی دیار بێت
و سنوره‌کانی ناسراو بێت، نه فه‌زای
به‌رپاکردنی هه‌ڵبژاردنه‌که و ئامانجه‌کانی
ئاسایی بوون. ئاسایی نه‌بوون به‌و مانایه‌ی
که هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک به‌ده‌ر له‌وه‌ی
ئازاده یان نا پێویستی به هه‌لومه‌رجی ئارام
هه‌یه، به‌ڵام هه‌م ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی
فه‌له‌ستین و هه‌م خه‌ڵکه‌که‌ی له فه‌زای
جه‌نگێکی نه‌بڕاوه‌دان که سایه‌ی به‌سه‌ر
ته‌واوی ژیانیاندا داناوه‌و له‌و
په‌یوه‌نده‌وه پێناس ئه‌کرێت. نانی سه‌ر
سفره‌ی کرێکاران و خه‌ڵکی به‌ش مه‌ینه‌ت
په‌یوه‌نده به بارگرژی سه‌رانی ئیسرائیلی و
فه‌له‌ستینی و له هه‌ر کاتێکدا بچووکترین
گۆڕانکاری به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكێشه‌کان
بگۆڕێن و جبه‌خانه‌کانی چه‌ک وته‌قه‌مه‌نی
که‌م تا زۆر بخرێنه کار، مه‌علوم نییه که
ماڵیان بڕوخێنرێت یان له‌سه‌ر سنوره‌کان
ڕێگه‌ی نان په‌یدا کردنیان لێ بگیرێت یان
چه‌ند سه‌روچاو به‌ستراوێک بێن و له‌ژێر جێگه
بیهێننه ده‌ره‌وه‌و به‌ره‌و سیاچاڵه‌کان
بیبه‌ن. ئه‌مه فه‌زای جه‌نگه هه‌ر وه‌ک
فه‌زای عێراق. له فه‌زای جه‌نگیشدا
هه‌ڵبژاردن، به تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئازاد،
هیچ مانایه‌کی نییه. من ووتم ئامانجی
هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش ئاسایی نه‌بوو. ئامانجی ئه‌م
هه‌ڵبژاردنه وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌وروپا
یان ئه‌مریکا نه‌بوو. له‌مه‌ی دواییان
هه‌ڵبژاردن شتێکی سه‌پێنراوی مێژووه، هیچ
ده‌سه‌ڵاتدارێک ناتوانێت دیکتاتۆریانه هه‌تا
سه‌ر هه‌ر خۆی حاکمیه‌ت بکات، ئامانجی
هه‌ڵبژاردن بێجگه له‌مه‌ش دامه‌زراندنی
حکومه‌تێکه که لایه‌نی که‌م بۆ ئه‌و
شتانه‌یه که ئیدیعای بۆ ده‌که‌ن و بۆ دیاری
کردنی ڕێ و شوێنی ژیانی خه‌ڵک، به‌پێی
به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی و
بۆرژواکان، هه‌ر چه‌نده ئیراده‌ی خه‌ڵک و
ده‌خاڵه‌تی خه‌ڵک لێره‌شدا به‌رجه‌سته
نه‌کراوه به‌ڵام ناتوانرێت له چوارچێوه‌ی
ئه‌و قانوونانه ده‌رچێت که بزووتنه‌وه‌ی
کرێکاری و ئازادیخوازی له مێژوودا
سه‌پاندوویه‌تی. به‌ڵام له فه‌له‌ستین ئه‌وه
نزیک به 13 ساڵه هیچ جۆره هه‌ڵبژاردنێک
نه‌کراوه، هیچ هێزێک له هێزه‌کانی به‌شدار
له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا هه‌رگیز
نه‌یانتوانیوه پابه‌ندی هیچ جۆره
دیموکراسیه‌تێک ببن. ئه‌مانه سه‌رتاپایان
سه‌رکوت و خوێن ڕشتنی خه‌ڵک و یاری کردن بووه
به چاره‌نووس و داواکاریه‌کانی خه‌ڵکه‌وه.
ده‌یان ساڵه به ناوی سه‌ندنی ماف بۆ
فه‌له‌ستینیه‌کان و به‌رپا کردنی ژیانێکی
ئارام بۆیان کاریان کردووه به‌ڵام خۆیان
که‌متر له ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ژیانی ئارامی
فه‌له‌ستینیه‌کانیان تێکنه‌داوه‌و حه‌قیان
پێشێل نه‌کردووه. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌پێنرا
به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌له‌ستیندا
له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه که خۆی نوقمی
فاشیزم و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌و هیچ نرخێک بۆ
مرۆڤ دانانێت، که ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله.
ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ئه‌م کارته‌ی فڕێ‌دا بۆ
له‌ده‌سه‌ڵات خستنی یاسر عه‌ره‌فات و فشار
خستنه سه‌ر گروپه ئیسلامیه‌کان و حه‌ماس.
ئامانجی ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌له‌ستین ئه‌وه
بوو نیشانی بدات که ڕازیه به مه‌رجه‌کانی
ئیسرائیل به مه‌رجی دان پیانانی ده‌وڵه‌تی
ئیسرائیل به مه‌رجه‌کانیان که ئه‌ویش له‌و
کاته‌دا لابردنی ئابڵوقه‌ی سه‌ر یاسر
عه‌ره‌فات و لابردنی موسته‌وته‌نه‌کانی
غه‌ززه‌و ئازاد کردنی پاره‌و پولی بانکه‌کانی
فه‌له‌ستین بوو... ئامانج نه به‌ڕێوه‌بردنی
ژیانی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگه بوو نه کێشمه کێش
له‌سه‌ر پڕۆژه جیاجیاکانی لایه‌نه‌کان بوو بۆ
به‌ڕێوه بردنی فه‌له‌ستین، ئامانج وه‌ڵام
دانه‌وه به‌کێشه‌ی سیاسی سه‌ره‌تانی
فه‌له‌ستینیش نه‌بوو که ئه‌مه‌یان زۆر
گرنگه. ڕاستیه‌که‌ی ئه‌مه ڕاکێشانی
گالسکه‌یه‌کی دۆڕاو بوو به دوای گالسکه‌ی
ئه‌مریکاو ئیسرائیل‌دا، ده‌سه‌ڵاتدارانی
فه‌له‌ستین وویستیان له‌م یاریه دۆڕاوه‌دا
شتێکیان ده‌ست بکه‌وێت. یاریه‌ک که هه‌ر
له‌سه‌ره‌تاوه دوڕاو بیت تیایدا ئاکامه‌که‌شی
هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت. بۆیه ئه‌نجامه‌کانی
هه‌ڵبژاردنه‌که دۆڕانی ده‌سه‌ڵاتدارانی
لێکه‌وته‌وه. تاکه هێزیش که ئیدعایه‌کی تری
هه‌بوو وه مونافیسی لیسته‌که‌ی محمود عباس
بوو بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بوو، ئه‌مه‌ش شانسێکی
گه‌وره‌ی سه‌رکه‌وتنی خسته به‌رده‌م
بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس
به‌ڵام ئه‌وه‌ی باسم کرد تاکه شانسی حه‌ماس
نه‌بوو. له‌به‌رده‌م حه‌ماس دا شانسێکی زۆر
گه‌وره‌تر هه‌بوو که سه‌رکه‌وتنی ته‌زمین
کرد، ئه‌ویش ئه‌وه بوو که ئه‌وه هه‌ڵبژاردن
نه‌بوو له ڕاستیدا جه‌نگێک بوو که تیایدا
به‌رامبه‌ره‌که‌ی دۆڕاندی و سه‌رکه‌وتنی بۆ
ئه‌م تۆمار کرد. جه‌نگی ئه‌مریکاو گه‌وره
هاوپه‌یمانی ئیسرائیل له لایه‌ک و تیرۆریزمی
ئیسلامی له‌لاکه‌ی تر. جه‌نگێک که
ئاره‌زوومه‌ندانه سه‌رتاپای جیهانیان پێ
داگرتووه. ئه‌مه ڕێک له ئه‌نجامی شکستی
سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا له ناوچه‌که و
به‌تایبه‌تی له فه‌له‌ستیندا بوو. ده‌یان
ساڵه به ئێسک و پروسکه‌وه خه‌ڵکی
فه‌له‌ستین تاڵاوی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا
ده‌چێژن. خه‌ڵکی فه‌له‌ستین هه‌رگیز ئه‌وه‌یان
له بیر ناچێته‌وه که له کاتێکدا سووپای
ئیسرائیل به ده‌بابه‌کانییه‌وه له جنیندا
جینۆسایدی به‌ڕێده‌خست و فاشیزمی شه‌رمه‌زار
ده‌کرد ئه‌مریکا پشتیوانی له ده‌وڵه‌تی
ئیسرائیل کرد و بوش ڕایگه‌یاند که شارۆن
پیاوی ئاشتییه. به‌ڵام ئه‌مه تاکه ڕووداو
نییه و مێژوو پڕیه‌تی له کاره‌ساتی ئاوا و
هه‌ڵوێستی دژه ئینسانی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر
فه‌له‌ستینییه‌کان. فه‌له‌ستینیه‌کان ده‌بینن
که له ئاکامی سیاسه‌تی ئه‌مریکادا له
عێراقیشدا چی ده‌گوزه‌رێت، هه‌ر بۆیه ئه‌م
شکسته زۆر ده‌مێکه له نێو چاوانی
ناسیۆنالیستانی فه‌له‌ستین نوسراوه. له‌م
جه‌نگه‌دا سه‌نگه‌رێک دۆڕاوه‌و سه‌نگه‌رێک
جێگه‌ی گرتۆته‌وه.
به‌ڵام ئه‌مه مه‌ترسییه‌کی زۆر گه‌وره‌یه.
ئه‌م جه‌نگی تیرۆریزمه هه‌ر ڕۆژه برینێک له
جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی هه‌ڵده‌که‌نێت.
له‌م جه‌نگه‌دا تیرۆریزمی ئیسلامی سه‌نگه‌رێکی
تری گرت‌و کارتێکی تر‌و مه‌یدانێکی تریشی
له‌به‌رده‌مدا ئاوه‌ڵابوو بۆ ده‌ست پێ کردنی
هێرشه‌کانی و خوڵقاندنی کاره‌سات و ڕووباری
خوێن. ئه‌م جه‌نگه ده‌بێ ڕابوه‌ستێت، هه‌ر
ڕۆژێک درێژه بکێشێت کاره‌ساتی گه‌وره‌تر
ده‌خوڵقێنێت، مه‌علوم نییه به عێراقیزه
کردنی ناوچه‌که و جیهان چه‌ند شوێنی تر
ده‌گرێته‌وه. ده‌بێت ئازادیخوازانی جیهان
به‌م مه‌سه‌له‌یه حه‌ساس بن و په‌یوه‌ندییه
جیهانیه‌کانیان تووندتر بکه‌نه‌وه و
ڕاوه‌ستاو تر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م جه‌نگه‌دا
ڕاوه‌ستن.
خه‌ڵکی فه‌له‌ستینیش به‌ته‌نیا نین و له‌گه‌ڵ
عێراقیه‌کاندا یه‌ک ڕێگه‌یان له‌به‌رده‌مه
ئه‌ویش یه‌کگرتووی و هاوخه‌باتی و
خۆڕێکخستنیان له ژێر سایه‌ی سیاسه‌تی
ده‌خاڵه‌تگه‌رانه‌ی کۆمۆنیزمدا. کۆمۆنیزمێک
که ده‌توانێت ته‌واوی هێزی موته‌مه‌دینی
دونیا له ئامانجی ئینسانی‌دا کۆبکاته‌وه‌و
ڕێکیان بخات له پێناو دنیایه‌کی ئارام
وئینسانیدا.
|