|
سه‌ردار
عه‌بدوڵلا
sardar@telia.com
کاتێک
له ناوه‌ندی ده‌مخوێند له وانه‌ی
خوێندنه‌وه‌دا بابه‌تێکمان خوێند به‌ناوی
(ئه‌وه‌ی به‌سره‌ی نه‌بینیبێت عێراقی هه‌ر
نه‌بینیوه)، ئه‌م ناونیشانه بۆمن بووه
مایه‌ی پرسیار! بۆچی ئه‌وه‌ی به‌سره‌ی
نه‌بینبێت وه‌ک ئه‌وه وایه عێراقی هه‌ر
نه‌بینیبێت؟ ئه‌م ناونیشانه بووه مایه‌ی
خه‌فه‌ت و بیرکردنه‌وه بۆ من! چونکه تاکو
ئه‌و کاته نه‌ک هه‌ر به‌سره به‌ڵکو زۆر له
قه‌زا و ناحیه‌کانی سه‌ر به سلێمانیشم
نه‌بینیبوو! هۆکه‌شی جه‌نگ و سیاسه‌تی
حه‌ساردانانی حکومه‌تی قه‌ومی به‌عس بوو
له‌سه‌ر ناوچه کوردنشینه‌کان!
هه‌میشه هه‌ستم ده‌کرد که زیندانییه‌کی
زیندانێکی گه‌وره‌م سنوری زیندانه‌که‌ش
شه‌قامه شه‌ست مه‌ترییه‌که‌ی چوارده‌وری
سلێمانییه، ئه‌و شه‌قامه‌ی که سلێمانی
کردبووه زیندانی باستیل، زۆر که‌س به
بیانووی په‌ڕینه‌وه له‌و شه‌قامه کوژران و
زۆری تریش خرانه کونجی زیندانه‌وه! ئاخر
که‌سێک که به‌زاندنی سنووری شاره‌که‌ی خۆی
له‌ده‌ست نه‌یه‌ت چۆن چۆنی ده‌توانی
سه‌فه‌ربکات بۆ به‌سره، من له نهێنییه‌کانی
ئه‌و شاره ئه‌فسووناویه نه‌ده‌گه‌شتم، ئای
چه‌نده به‌خته‌وه‌رده‌بووم گه‌ر خزمێک یاخود
ناسراوێکم له‌وێنده‌رێ هه‌بایه و به‌و
بۆنه‌وه سه‌فه‌رێکی به‌سره‌م بکردایه،
ده‌بێت خه‌ڵکی چه‌نده به‌خته‌وه‌ربن له‌وێ،
که‌نداوی عه‌ره‌ب چ خێروخۆشییه‌کی بۆ
خه‌ڵکه‌که‌ی مسۆگه‌رکردبێت! من ده‌مزانی
خه‌ڵکی بۆ گه‌ڕان و سه‌فا به که‌شتی سواری
شه‌پۆله نه‌رمه‌کانی ده‌ریاده‌بن، جوانترین
سیمای خۆرله‌کاتی ئاوابوون ده‌بینن، مه‌د و
جه‌زری ده‌ریا ده‌بینن که من به‌فشه و
پروپاگه‌نده‌ی به‌عسم ده‌زانی!
ئاخرچ ده‌بوو! گه‌ر بۆ جارێکیش به‌سره‌م
ببینیبایه، تاکو هیچ نه‌بێت له وانه‌ی
خوێندنه‌وه‌دا به شانازییه‌وه هه‌ستابامایه
سه‌رپێیان و بۆ مامۆستا و هاوڕێکانم که
ئه‌وانیش هه‌ر وه‌ک من به‌سره‌یان نه‌بینیبوو؛
باسکردایه: :"به‌ڵێ,
من به‌سره‌م بینیوه، به‌ڵێ.. که‌واته هه‌موو
عێراقیشم بینیوه"! شه‌رمم به‌خۆ ده‌کرد
توریستێک زیاتر له عێراقییه‌کان؛ عێراقیان
بینیبێت!
ساڵان تێپه‌رین خه‌ونی بینینی به‌سره
هاته‌دی، بۆ من و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که
وانه‌ی خۆێندنه‌وه تاوانباری کردبووین
به‌وه‌ی: عێراقمان هه‌ر نه‌بینیووه!
ئه‌م خه‌ونه هاته‌دی به‌ڵام چۆن
هاتنه‌دییه‌ک! کاتێک هاته‌دی که هه‌موو
په‌شیمان ببووینه‌وه له بینینی، که‌س
نه‌یده‌ویست به‌سره واته عێراق به‌و
شێوه‌یه ببینێت! سه‌فه‌رێکی زۆره‌ملێ به جلی
سه‌ربازییه‌وه، سه‌فه‌رێك بۆ زۆرێکی
مه‌سافیره‌کان دوا سه‌فه‌ر و کۆتایی ژیان بوو،
زۆرێک له موسافیره‌کان نه‌گه‌ڕانه‌وه و
فریای گێڕانه‌وه‌ی رووداو و یادگارییه‌کانی
سه‌فه‌ریان بۆ دۆستانیان نه‌که‌وتن. بێ گومانم
له‌نێو موسافیره‌کاندا هاوڕییانی قوتابخانه و
پۆله‌که‌شمی تێدابوون، که هه‌ر وه‌ک من ئاشقی
سه‌فه‌ر و بینینی شه‌پۆله سه‌رکه‌شه‌کانی
ده‌ریابوون!
جه‌نگی که‌نداو، هه‌موو عێرقییه‌کانی
کێشکرده به‌سره، جه‌نگی که‌نداو نه‌ک هه‌ر
به‌سره به‌ڵکو سنووری وڵاتیشی پێ به‌زاندین و
کوێتیشمان بینی! پێده‌چوو ئه‌و جه‌نگه
به‌خاتری نیازی دڵی قوتابیانی پۆله‌که‌م
سازکرابێت، بۆ بینینی به‌سره واته هه‌موو
عێراق!
دیتنی به‌سره نه‌ک ته‌نیا مانای بینینی
عێراق بوو؛ به‌ڵکو مانای بینینی کوێتیش بوو،
مانای سه‌رگه‌ردانکردنی خه‌ڵکی عێراق و
کاولکردنی وڵاتێکی دراوسێش بوو؛ که مامۆستای
خۆێندنه‌وه پێی نه‌وتین!
له به‌سره، خواردنه‌وه‌ی ئاوی شیرین مافی
ده‌وله‌مه‌نده‌کان بوو، ئاوی سوێریش بۆ
نه‌داره‌کان، منیش بۆ یه‌که‌مجار یه‌که‌م قومی
ئاوی سوێرم له‌وێ خوارده‌وه، هه‌رله‌وێش
کۆمه‌ڵێک ئینسانی خوێنشیرینم ناسی که
په‌روه‌رده‌ی ئاوی سوێر بوون، له‌وێ فێربووم
که ئاوی سوێر ئینسانی شیرین درووستده‌کات!
ئه‌و رۆژانه‌ی زوبیرم، هه‌روه‌ک خۆی
بیرده‌مێنێت، که سه‌گه‌به‌ره‌ڵاکانی زوبێر
ته‌رسه‌قولی ئه‌سپیان ده‌خوارد له‌برساندا،
پاسه‌وانه به‌دبه‌خته‌که‌ی شه‌وانی
به‌داله‌که‌ی زبێر به هۆی ئه‌وه‌ی ره‌شپێست
بوو به( عه‌بد) بانگیان ده‌کرد؛ من قێزم
ده‌هاته‌وه که سپی پێستم! ئه‌و هه‌ژاره
زۆری شه‌وان له برسێتیدا په‌نای بۆمن ده‌برد
تاکو سه‌مونێکی عه‌سکه‌ری بده‌مێ!
عبدالزهره، نمونه‌ی ئینسانکی ئارام و
به‌ده‌ست و دڵ بوو، ئینسانێکی ناڕازی بوو له‌و
باروودۆخه‌ی که ده‌گوزه‌را، زۆرجار خواردنی
ماڵه‌وه‌ی بۆ ده‌هێنام.
ابوزینب، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌فسه‌رێکی
ئه‌ندازیاربوو، قینی ئه‌ستووری له رژێمی
به‌عس به ئاشکرا له‌روخساردا ده‌بینرا، که
باس له ئاوه‌دانی وڵات ده‌کرا له‌سه‌رده‌ستی
به‌عسییه‌کاندا؛ ئه‌و به‌لاچاو ئاماژه‌ی بۆ
سه‌رقه‌برانی نزیک به‌داله‌که‌ی زوبێرده‌کرد!
به‌ڵام داخم ناچێ که بۆ دواجار بوشرام بینی
که دوا رۆژی پراکتیکی له به‌داله
به‌ره‌شپۆشی هات و وحه‌زیشی کرد من ببینێت؛
به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، پاشان
گه‌ڕابووه‌وه کویت!
به‌سره له‌و رۆژانه‌دا شیعرێکی سیاب بوو
به‌عسییه‌کان له کێش و سه‌روا
مه‌حرومیانکردبوو، دارستانێکی قه‌راغ ده‌ریا
بوو دارخورما باڵابه‌رزه‌کانی له توونێتیدا
ره‌قهه‌ڵگه‌ڕابوون!
به‌سره، بۆخۆی چیرۆکێک بوو خه‌می وڵاتێکی
ده‌گێڕاوه، خه‌می فڕینی کۆتره بێزاره‌کان
له ئاسمانی پڕ کاربۆنی بیره سووتاوه‌کانی
نه‌وت، خه‌می کۆچی ماسیه‌کان، خه‌می نان و
ناڕه‌زایی کرێکارنی نه‌وت و به‌نده‌ری
ده‌گێڕاوه، خه‌می منداڵانی سه‌رشه‌قامه‌کان،
خه‌می دایکه ره‌شپۆش و بووکه مێرد کوژراوه
ده‌ستفرۆشه‌کانی سه‌رشۆسته‌کانی ده‌گێڕاوه،
راوی گورگه برسییه‌کان و راکردنی مقه‌ست
به‌دوای وشه‌دا ده‌گێراوه!
به‌هۆی بینینی به‌سره، به‌زۆر شوێندا
تێپه‌ڕێم و زۆرشوێنم بینی، هه‌موو هه‌ر وه‌ک
به‌سره له خه‌می نان، ئاو و کاره‌با بوون،
هه‌موو خه‌ڵکه‌کانی هه‌روه‌ک به‌سراوییه‌کان
به‌دوای ژیانێکی تردا ده‌گه‌ڕان.
له‌ورۆژه به‌دواوه تێگه‌یشتم، هه‌موو
نموونه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی عێراق به جوانی و
دزێوییه‌کانییه‌وه له به‌سره‌دا بوونی
هه‌یه، له‌و رۆژه‌وه زانیم که بینینی
به‌سره مانای بینینی هه‌موو عێراقه! به‌ڵام
له‌و رۆژه به‌دواوه هاوڕێیانی پۆله‌که‌م
نه‌بینییه‌وه و هه‌موو لێکدابڕاین، پێده‌چێت
گه‌ر یه‌کتریش ببینین یه‌کتر نه‌ناسینه‌وه،
زۆر به‌تاسه‌وه‌م هه‌موویان ببینمه‌وه و
پرسیاریان لێبکه‌م بزانم ئه‌وانه‌ی که
به‌سره‌یان بینی چی ده‌ڵێن، ئه‌وانه‌ی که
نه‌شیان بینی دڵیان بده‌مه‌وه؛ بڵێم برایان
هیچ خه‌فه‌ت مه‌خۆن بینینی سلێمانیش هه‌روه‌ک
ئه‌وه وایه به‌سره یاخود هه‌موو عێراقتان
بینیبێت! |