|
سه‌ردارعه‌بدوڵلا
sardar@telia.com
قسه‌کردن
له‌سه‌ر گۆرانی کوردی هێنده‌ی ژماره‌ی
کلیپه‌کان زۆره، به‌ڵام به‌داخه‌وه که‌مترین
قسه
و
لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌کرێت، بۆ
هه‌ڵسه‌نگاندیش ده‌بینین ته‌نیا په‌نا بۆ خودی
گۆرانیبێژه‌کان ده‌برێت که به‌داخه‌وه
زۆرجار که‌مترین ئاستیان له زانیاری و
رێگه‌چاره له‌سه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌ی گۆرانی
کوردی نیشانداوه.
گۆرانی، له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا جێگه و
رێگه و پانتاییه‌کی گه‌وره‌ی داگیرکردووه،
گرنگیدان و توانایی به‌خه‌رجدان بۆ
گه‌شه‌کردنی ئه‌م به‌شه گرنگه‌ی هونه‌ر
دیاره. ئه‌وه‌ی به‌رچاوده‌كه‌و‌ێت؛ گۆرانی
به‌شی شێری هه‌یه له مێدیا کوردییه‌کاندا،
ده‌یان که‌ناڵێ رادێویی
و ته‌له‌ڤیزوێنی ئاسمانی و لۆکا‌ڵی که له
رووی مالییه‌وه کۆڵێکی قورسن به‌سه‌ر شانی
کۆمه‌ڵگه‌وه؛ زۆربه‌ی کاتی په‌خشیان بۆ
لێدانی گۆرانی و دیمانه‌ی گۆرانی بێژانه!
پرسیاره‌کان لێره‌وه ده‌ستپێده‌که‌ن، ئایا
به‌خه‌رجدانی ئه‌م هه‌موو توانا مالی و
رۆحییانه‌ی کۆمه‌ڵگه؛ گۆرانی کوردی به چ
ئاستێک گه‌یاندووه؟ ئایا گۆرانی کوردی
توانیویه‌تی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێداویستتیه
رۆحییه‌کانی گه‌نجانی کوردزمان بێت؟ ئایا
گۆرانی کوردی چه‌نده له سنووره
به‌رته‌سکه‌کانی خۆی تێپه‌ڕاندوه و بۆته
ئاشنای گوێی ئینسانی غه‌یره کوردزمان؟
ئه‌مانه لایه‌نی كه‌می ئه‌و پرسیارانانه‌ن
كه له ناوه‌ندی رۆشنبیری كوردی و زۆرێك له
گوێگرانی گۆرانی كوردیدا هه‌ن! بوونی ئه‌م
پرسیار و هه‌لوێستانه‌ش له‌وشوێنه‌وه
سه‌رچاوه ده‌گرێت؛ كه ئه‌م به‌شه له
هونه‌ر ده‌ستكورته له‌وه‌ڵامدانه‌وه به
هه‌سته ئێستاتیكییه‌كانی گوێگرانی
كوردزمان!
له راستیدا، كه‌سێك كه زۆربه‌ی كاته‌كانی
به زمانێك قسه‌ده‌كات؛ پێیخۆشه خۆشترین
گۆرانییه‌كانی دنیا به‌و زمانه گوێ لێ بگرێت،
به‌لام كاتێك ئه‌و گورانیانه له بازاڕی سیدی
و كه‌ناله‌كاندا نابینێته‌وه؛ ئاساییه روو
له گۆرانی به زمانه‌كانی تر ده‌كات، ئه‌مه‌ش
وه‌ك دیارده‌یه‌ك نه‌ك ته‌نیا له كوردستان
به‌ڵکو له هه‌موو ولاتانی دنیا هه‌روایه،
گه‌ر ولاتانی سكاندیناڤیا وه‌ك نموونه‌یه‌ك
وه‌ربگرین، به‌ده‌ر له ئاستی پێشكه‌وتنی
گۆرانی له‌و ولاتانه، ده‌بینین ئاستی گوێگرتن
له گۆرانی ئینگلیسی و ئیسپانی له ئاستی
گۆێگرتن له گۆرانی به زمانه‌كانی دایك
به‌رزترنه‌بێت ئه‌وا که‌متر نییه! به‌ده‌ر
له‌وه‌ی كه خه‌ڵكی ئه‌و ولاتانه ئینگلیسی
باش ده‌زانن، ئاسساییه كه جوانترین
گوڵه‌كانی خۆیان له باخچه‌ی به‌رفراوانی
هونه‌ری ئینگلیسی‌دا ببیننه‌وه، ئه‌مه‌ش به
باری دووه‌مدا كاردنه‌وه‌ی خۆی كردوه و
خه‌ڵكانی ئه‌و وڵاتانه‌ش به‌شدارییه‌كی
به‌رچاو و كاریگه‌ریان له بنیاتنانی گۆرانی
ئینگلیس‌دا كردووه، گۆرانی ئینگلیسی هه‌روه‌ك
زمانی ئینگلیسی چوارچیوه‌ی لۆكاڵیی خۆی
تێده‌په‌ڕێنێت و ئه‌و ولاتانه‌و هه‌موو دنیاش
ده‌گرێته‌وه، به‌جۆرێك ئه‌و خه‌رواره
گه‌وره‌یه‌ی كه له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به
زمانی ئینگلیسی له به‌رده‌ستدایه؛ هه‌موو
مرۆڤایه‌تی تێدابه‌شداره و وه‌ك
ده‌ستكه‌وتێكی مرۆڤایه‌تیش سه‌یرده‌كرێت! هه‌ر
له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه زۆرێک له ئاواز و ستایلی
شوێنه جیاوازه‌کانی جیهان هه‌ر له ئیسپانی،
گریکی، هندی، ئه‌فریقی..هتد به زمانی
ئینگلیسی به‌رچاوده‌که‌ون.
به‌ده‌ر له زمان" ئاواز و ستایلی مۆدێرن
کاریگه‌ریه‌کی بێ سنووری له دروستکردنی
موسیکی هاوچه‌رخدا هه‌یه که ده‌توانێت
له‌بری زمان به ئاواز گۆێگر له هه‌موو
زمانه‌کان بۆخۆی په‌یدابکات و سنووره جوگرافی
و ئه‌تنیکییه‌کان تێپه‌ڕێنێت،
گلله‌یی و گازنده‌ی هه‌ندێ له‌و
هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه له چوارچێوه‌ی
ره‌سه‌نایه‌تیدا خۆیان پیناسده‌كه‌ن، كه
گوایه خه‌لكی له كوردستان گوێ له گۆرانی
كوردی ناگرن و له بری گوێ له گۆرانی به
زمانه‌كانی فارسی، عه‌ره‌بی، توركی و ئینگلیسی
ده‌گرن؛ به‌ئاستێكی خه‌ته‌رناك له سووكایه‌تی
تۆمه‌تباركردن گه‌شتووه، كه له راستیدا له
هیچ شوێنێكی دنیا ئه‌م ئاستی سووكایه‌تییه‌م
له لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه به‌گوێگر
نه‌بینییوه، مه‌گه‌ر لای ئیسلامییه‌كان
ده‌ستبكه‌وێت، ئه‌وه‌ی گوێ له ته‌لاوه‌ی
قورئان له بری گۆرانی نه‌گرێت ئه‌و فاسیق و
كافر....ه ئه‌وه ئه‌ركی خودی گۆرانی بێژانی
كورده كه ده‌بێت به دوای هۆكاره‌كان بكه‌ون
و زانستیانه و سه‌رده‌مانه مامه‌ڵه له‌ته‌ك
گوێگرانیان بكه‌ن، ده‌نا گلله‌یی و دانانی
خه‌ڵكی له‌به‌رده‌م هه‌ڵوێستی موراڵیدا به
هیچ شوێنێکیان ناگه‌یه‌نێت،
موسیکی بازرگانی:
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گۆرانی هونه‌ره و جێگه و
رێگه‌یه‌ی رێزداری هه‌یه لای جه‌ماوه‌ر؛
به‌ڵام یاساكانی نێوان كار و سه‌رمایه گۆرانی
كردۆته كاڵایه‌كی گرنگی نێو بازاڕ و رۆژانه
وه‌ك هه‌موو كاڵاكانی تر نرخی له به‌رزبوون و
دابه‌زین دایه، هه‌ر بۆیه زۆر ئاسییه
باشترین و سه‌ركه‌وتووترین گۆرانی له چاوی
بازاڕه‌وه سه‌یربكرێت، كه‌م نین ژماره‌ی ئه‌و
دامه‌زراوانه‌ی كه سه‌رماییه‌كی خه‌یاڵیان
خستۆته كار بۆ به‌رهه‌مهێنانی موسیك تابتوانن
كه‌ڵه‌كه‌یه‌كی سه‌رمایه‌ی زیاتر بكه‌ن له‌م
رێگه‌یه‌وه، هه‌ر بۆیه كۆمپۆسیتۆر و
شاره‌زایانی موسیك به ناچاری دوای
مه‌رجه‌كانی خستنه‌رو و داوی بازاڕ ده‌كه‌ون و
خۆیانی له‌ته‌كدا ده‌سازێنن. هه‌ربۆیه
ئاساییه كه گۆرانێش ده‌بێت به گوڕوتینی
خۆیه‌وه وه‌ك ته‌واوی كاڵاكانی تر بێته
بازاڕه‌وه و وه‌ك كاڵاكانی سۆنی و پاناسۆنیك
مۆری ئه‌و ولاته‌ی لێی دروستده‌كرێت له خۆی
بكاته‌وه و هه‌لومه‌رجی گلۆباڵیزه‌كردن و
به‌رهه‌مهێنانه‌وه و خۆی له زۆر خاڵی تری
جیهان ده‌سته‌به‌ربكات. دروستكردنی گۆرانی
به ئینگلیسی و به‌كارهێنانی ستایڵی رۆژئاوایی
باشترین زه‌خیره‌ن بۆ به‌ده‌ست هێنان و
مۆنۆپۆلكردنی بازاڕی گۆرانی له لایه‌ن
دامه‌زراوه‌كانی دروستكردنی موسیكه‌وه، به
پێی ئه‌م هه‌لومه‌رجه نوێیه‌ی به هۆی
باڵاده‌ستی سیستمی سه‌رمایه‌دارییه‌وه
هاتۆته كایه‌وه؛ كه هونه‌ر و تواناییه
ئێستاتیكیه‌كانی مرۆڤ كراونه‌ته كاڵا و
سه‌ودا و مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ده‌كرێت، موسیكی
زۆر له گه‌لان و وڵاتان له به‌رامبه‌ر
كێبڕكێی بازاڕدا بێ ره‌حمانه تێكده‌شكین و
ته‌نانه‌ت چوارچێوه‌ی بازاڕی لۆكاڵییشیان
به‌رته‌سك و لاوازده‌بێت، ئه‌م دیارده‌یه‌ش
به گه‌شه‌سه‌ندنی هۆیه‌كانی گواستنه‌وه و
گه‌یاندن و ئاوه‌ڵابوونی سنووره‌كان زیاتر
په‌ره‌ده‌گرێت. گۆرانی كوردیش ناتوانێت له‌ژێر
ئه‌م كاریگه‌رێتییه ده‌ربچێت و به‌تایبه‌ت
به‌م وه‌زعه شڕه‌ی ئێستایه‌وه دڵی خۆی
راحه‌ت بكات؛ كه هه‌موو گوێگرانی كوردزمان
له ده‌وری خۆی كۆده‌كاته‌وه.
ئه‌م جۆره له موسیک که به موسیکی
بازرگانی ناسراوه، زۆر جار به‌و هۆیه‌ی که
ناوی (بازرگانی) به‌سه‌ره‌وه‌یه
دژایه‌تییه‌کی کوێرانه و نازانستی له‌ته‌کدا
ده‌کرێت، که بۆخۆی سه‌ره‌ڕای بوونی هه‌ر
ره‌خنه‌یه‌ک ده‌کرێیت، کاریگه‌رییه‌کانی
پۆزه‌تیڤانه چاولێبکرێت و وه‌ک رێگایه‌ک
سه‌یر بکرێت بۆ چوونه ناو موسیکی
جیهانییه‌وه!
هونه‌ری باو هونه‌ری ده‌سته‌لاتدارانه:
له په‌یوه‌ند به گلله‌یی و گازنده‌ی
هونه‌رمه‌ندان و خه‌مساردی گوێگری كورد
پێوسته پێكهاته و بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و
باری سایكۆلۆژی خه‌ڵكی به هه‌ن وه‌ربگیرێت؛
تاكو به سانایی ده‌ستبخه‌ینه سه‌ر كێشه‌و
مه‌عزه‌له سه‌ره‌كییه‌كان، تا تێبگه‌ین؛ كه
ئایا هونه‌رمه‌ندانی ئازیز نازانن هێشتا
گۆرانی بڵێن، یاخود گوێ‌گران نازانن گوێ‌بگرن!
ئه‌و گلله‌یی و گازندانه‌ی هونه‌رمه‌ندانی
ره‌سه‌ن، نیشانه‌ی به‌جێمانی ئه‌و تیپه له
هونه‌رمه‌ندانه له كاروانی پێشكه‌وتنی
كۆمه‌ڵگه، له هیچ شوێنێكی دنیا نه‌بووه
گۆرانی بێژ ملی گوێگر بگرێت و ناچاری بكات كه
گوێ له به‌رهه‌مه ره‌سه‌نه‌كه‌ی بگرێت!
تاوانباری بكات به نیشتمانفرۆش و خۆفرۆش
به‌وه‌ی گوێ له گۆرانی غه‌یره كوردی ده‌گرێت
و ئه‌وی بایكۆت كردووه! ئه‌م گلله‌یی و
گازندانه ناكرێت هه‌روا به سادده‌یی
سه‌یربكرێت به‌لكو بۆخۆی دورنمایه‌كی
ئایدۆلۆژی و سه‌رخانیه‌كی هه‌یه كه له دید
و بۆچونی فه‌رهه‌نگی ده‌سته‌لاتدار به‌سه‌ر
كۆمه‌لگه‌دا سه‌رچاوه‌ی گرتوه!
ناسیۆنالیزم وه‌ك بزووتنه‌وه‌یكی
ده‌سته‌لاتدار به‌دوای جێ خستنی فه‌رهه‌نگێكه
كه تانوپۆی خۆی له‌سه‌ر هه‌موو
ورده‌كارییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌بدات، به‌شێك
له‌وانه‌ش ئه‌ده‌ب و هونه‌ره. ناسیۆنالیزمی
كورد بنه‌ما فیكرییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای
ره‌قیب دروستكردن و رق و كینه له میلله‌تانی
دوه‌روبه‌ری دامه‌زراندووه و به مانه‌وه و
درێژه‌پێدانی ئه‌م جۆره له راسیزم درێژه
به ته‌مه‌نی خۆی ده‌دات، ده‌ستگرتن و
پیرۆزكردنی به‌ها كلتوری و به‌ناو ره‌سه‌کانیش
گرنگی حه‌یاتی خۆی هه‌یه له سازدانی پێناسی
قه‌ومیدا، پاشان راگرتنی كۆمه‌ڵگه
له‌به‌رده‌م هه‌ڵوێستێکی مورالیدا مانه‌وه و
درێژه پێدانی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و فه‌رهه‌نگی
ناسیونالیزم وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌ک
مسۆگه‌رده‌کات،
زۆرێك له هونه‌رمه‌ندان كه ره‌سه‌نایه‌تیان
كردۆته ئامانجی خۆیان له چورچێوه‌ی بیری
ته‌سك و كۆنزرڤاتیڤی ناسیۆنالیستیدا
گیریانكردوه و هه‌ر بۆیه ناتوانن كه‌مترین
ئالوگۆری نه‌وعی له گۆرانی كوردیدا پێكبهێنن،
هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم له هونه‌رمه‌ندانی
ره‌سه‌ن ته‌نیا ئه‌و تیپه له هونه‌رمه‌ندان
نییه كه ته‌نیا ده‌ستیان به باڵای
ده‌فه‌وه گرتووه، به‌ڵكو به‌شیكی زۆری ئه‌و
خاوه‌ن كلیپانه‌شه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی
تواناییه‌كی هونه‌ری و ته‌كنه‌لۆژیی
گه‌وره‌یان له‌به‌رده‌ستدایه و نه‌یان
توانیوه چوارچێوه‌ی لۆكاڵ تێپه‌ڕێنن و
ئاڵوگۆڕێكی چلۆنایه‌تی به‌سه‌ر گۆرانی كوردیدا
بهێنن!
گه‌مارۆدانی گوێی گوێگر ته‌نیا و به ته‌نیا
به‌و ئاواز و گۆرانییانه‌ی که به‌رهه‌می
ئه‌فراندنی کوردیانه بێت، به‌شێکه له شه‌ڕی
ئه‌م ره‌سه‌نایه‌تییه له گه‌ڵ گوێگراندا،
که له راستیدا بریتییه له شه‌ڕی
ناسێۆنالیزم له دژی به‌ره‌وپێشچوون و
سکولاریزمی کۆمه‌ڵ و دابڕانی له دنیای
ده‌ره‌وه.
به‌ڕای من به‌ده‌ر له هه‌موو که‌م و کوڕیی و
لاوازییه‌کان، شتێک هه‌یه که پێی ده‌ڵێن
گۆرانی کوردی، ئه‌م گۆرانی کوردیه‌ش زیاتر
له‌سه‌ر شێوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی و که‌متر له‌سه‌ر
شێوه‌ی رۆژئاوایی ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌وه‌ی
به‌لای تیپی ره‌سه‌نایه‌تییه‌وه گرنگه شێوه
رۆژهه‌ڵاتییه‌که‌یه‌تی و زۆر جار له‌مه‌ش
ئه‌ولاتر شێوه‌یه‌کی رۆژهه‌ڵاتیی دوور له
کاریگه‌ری تورکی و فارسی و عه‌ره‌بییه،
ئه‌وبه‌شه‌ش که به ستایلی رۆژئاوایی
ده‌درێته قه‌ڵه‌م به‌گشتی تووشی
سه‌ره‌گێژه‌یه‌کی وا بووه که له کورده‌که‌ی
دوو جه‌ژنه بووه، نه له کوردستان و نه
له رۆژئاواش به ته‌واوی له‌سه‌ر پێی خۆی
وه‌ستاوه، به جۆرێک ئه‌م ستایله‌ی که ئیمه
پێی ده‌ڵێین رۆژئاویی تاکو ئێستا رووی
مه‌جلیسی نییه و هێشتا لای خه‌ڵکی رۆژئاوا،
رۆژهه‌ڵاتییه‌کی ته‌واو عه‌یاره!
ده‌ور و رۆڵی کاریگه‌ری ناسیۆنالیزم و
بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندی و
ره‌واجی ئه‌وه‌ی به‌ره‌سه‌نایه‌تی ناسراوه
ته‌واو ده‌بێت، به‌جۆرێک که ئاسایی ده‌بێت
له‌سازدانی تیپی ئۆرکێسترای نیشتیمانیدا،
ده‌ف، باڵه‌بان، و ده‌هۆڵ و سوڕنا به‌شی
پێشه‌وه داگیربکه‌ن و ڤیولۆن، فلوت، چه‌لۆ و
سه‌کسیفۆن و کۆنترباس فڕیبدرێته دواوه و
رۆلێکی ناوه‌ندیان بده‌نێ!
به‌گشتی موسیک له سا‌یه‌ی بزووتنه‌وه و
ده‌سته‌ڵاته تۆتالیته‌کانی رۆژئاوا
ده‌رخواردی سیاسه‌ت ده‌درێت و له ماهیه‌ته
ئینسانی و ئێستاتیکییه‌که‌ی هه‌ڵده‌پێکرێت.
به کورتی گۆرانی کوردی له ژێر کاریگه‌ری
بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندایه و به
هێزی و لاوازی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ش رۆڵی له
پچڕینی پشکی زیاتری گۆرانی بێژانی هه‌یه.
ئاشنا بوونی گۆرانی بێ‌ژان به ده‌ورونه‌خشی
ئه‌و بزوتنه‌وانه یارمه‌تیه‌کی گه‌وره به
هونه‌رمه‌ندان ده‌کات که ژیرانه هه‌ڵسوکه‌وت
بکه‌ن و به ئاسانی نه‌بنه گوێ رایه‌ڵی
مێدیاکانی ده‌سته‌ڵات.
گۆرانی سونه‌تی:
به دامه‌زراندنی جمهوری ئیسلامی له ئێران،
گۆرانی سوونه‌تی له ئێران ره‌واجی پێ دراو
پاڵپشتێکی ماددی و مه‌عنه‌وی گه‌وره‌ی بۆ
درووستکرا، گۆرانی مۆدێرنی ئێرانی به
کوردیه‌که‌شییه‌وه پاشه‌کشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی
پێ کراو و له سنووره‌کانی ئێران به‌ره و
تاراوگه سه‌ری هه‌ڵگرت!
گۆرانی سوونه‌تی له رووی شێوه و
ناوه‌ڕۆکه‌وه ته‌باییه‌کی گه‌وره‌ی له‌ته‌ک
سیستمی سیاسی و فه‌رهه‌نگی ئیسلامی‌دا هه‌بوو،
خۆشی له نێو ته‌کیه و خانه‌قاکانه‌وه سه‌ری
ده‌رهێنابوو، هه‌ر له‌وێوه چوبووه ناو
کۆمه‌ڵگه‌وه، کاری جمهوری ئیسلامی به گۆرانی
سونه‌تی له پێناو موماره‌سه‌ی حه‌ز و
ئاره‌زووه‌کانی خه‌ڵکی ئێران نه‌بوو، به‌ڵکو
به پێچه‌وانه‌وه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی بوو
به ماشێنی گۆرانی سونه‌تیه‌وه به‌ره‌و
ته‌کیه و خانه‌قاکان! ئه‌م جۆره له گۆرانی
که زیاتر له‌ئێران به‌سروود ناسراوه ناته‌با
بوو له‌ته‌ک ئاره‌زووه پڕخرۆشه‌کانی مرۆڤدا
و رۆڵی کاریگه‌ری له‌سه‌رکووتکردنی ئه‌و
ئاره‌زووانه‌دا گێڕا که مرۆڤ له گۆرانیه‌کی
ئاسایی‌دا به‌ده‌ستی ده‌هێنا. گۆرانی سونه‌تی
بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ لای خوای خۆیی و
گه‌رمکردنی پرسه‌ی کوژراوه‌کانی جه‌نگ
داهێنانی مه‌زنی کرد، ئه‌مه‌ش کۆمه‌کێکی
گه‌وره بوو بۆ به‌هێزکردنی پایه‌کانی
ده‌سته‌ڵاتی مه‌زهه‌ب له ئێران‌دا. ئه‌م
گه‌شه و ره‌ونه‌قه‌ی گۆرانی سونه‌تی که به
دوای شوڕشی ساڵی 1979ی ئێران‌دا به‌شێوه‌یه‌کی
به‌رچاو سه‌ری هه‌ڵدا، کاریگه‌ری خۆی له سه‌ر
گۆرانی کوردی دانا و زۆر له هونه‌رمه‌ندانی
کورد به‌ره‌ورووی چوون و درێژه‌یان به‌م
ستایله مه‌زهه‌بییه دا له ژێر ناوی سونه‌تی
یان ره‌سه‌نایه‌تیدا، به‌دوای راپه‌ڕینی ساڵی
1991کوردستان ده‌وره‌یه‌کی ره‌ش و پڕ تراتیژی
له مێژووی خۆی تێپه‌ڕاند، به‌هێزی ئیسلامی
سیاسی و هاوته‌بایی ناسیۆنالیزمی
ده‌سته‌ڵاتداری کورد له‌ته‌ک مه‌زهه‌ب و
ئیسلامی سیاسییشدا باشترین زه‌مینه و که‌شی
له‌باری بۆ ئه‌م به‌شه له هونه‌ر ره‌خساند،
هونه‌رێک که زیاتر بۆنی مه‌رگ و
گۆڕستانه‌کانی لێده‌هات وه‌ک له بۆنی ژیان و
ئاوه‌دانی توانی کاریگه‌ربێت و زه‌مینه‌ی
په‌یداکردنی جه‌ماوه‌رێکی بێزار و تێکشکاوی بۆ
بڕه‌خسێت.
ده‌ستێک بۆ تاڵانکردن و تێکدانی گۆرانی کوردی:
گلله‌یی و ترسی هونه‌رمه‌ندانی ره‌سه‌ن له
به تورکی یاخود عه‌ره‌بیکردنی گۆرانی کوردی،
کێشه‌یه‌کی ئاڵۆزی تره، کێشه‌یه‌که که
روخسارێکی سیاسی پێدراوه و له بنچینه‌شدا
په‌یوه‌ندی به‌هه‌مان کێشه‌و هه‌ڵوێستگیریی
سیاسییه‌وه هه‌یه!
وه‌ک ئاشکرایه گۆرانی کوردی، عه‌ره‌بی، تورکی
و فارسی له خێزانی شیوه رۆژهه‌ڵاتین و
شیوه‌ی مه‌قامه‌کان که گۆرانی له‌سه‌ر
دروستده‌کرێت زۆر نزیکی یه‌کن، کاریگه‌ری
شیوه‌ی وتنی مه‌قامه‌کان به‌سه‌رشێوه‌ی چڕینی
مه‌قامه کوردیه‌کانه‌وه له وڵاتێکه‌وه بۆ
وڵاتێک که کوردی تێدا ده‌ژی جیاوازه.
به‌ده‌ر له‌مانه‌ش شتێکی ئه‌وه‌نده سه‌یر
وسه‌مه‌ره نیه که نزیکی
و پێکه‌وه‌ژیانی
خه‌ڵکانێکی زمان جیاواز له‌یه‌کتری ده‌بێته
مایه‌ی په‌یدابوونی کلتور و فه‌رهه‌نگی
هاوبه‌ش که سبه‌ی سه‌خت بێت ئاماژه به‌ڕه‌گ
و سه‌رچاوه‌ی هه‌ر کلتورێک بکرێت که سه‌ر به
چ گروپ و ئه‌تنیکێکه.
ئاشکرایه که کاریگه‌ری گۆرانی عه‌ره‌بی،
فارسی و تورکی به سه‌ر گۆرانی کوردی زۆر
زیاتره وه‌ک له گۆرانی کوردی به‌سه‌ر
ئه‌وانه‌وه هۆکه‌شی ئاشکرایه که سته‌می
میللی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانه‌وه یه‌کێک
له هۆکاره گرنگه‌کانێتیی که به‌هۆیه‌وه
گۆرانی کوردی له خزمه‌ت، ته‌کنیک و مێدیاکان
بێ به‌هره‌بووه ،
به‌ڵام ئه‌مڕۆ پاشی هه‌ر گلله‌ییه‌کی
هونه‌رمه‌ندانی ره‌سه‌ن له‌و حکومه‌ته‌ی له
کوردستان هه‌یه تواناییه‌کی گه‌وره‌ی ماددی و
مه‌عنه‌وی له به‌رده‌ستدایه، چه‌ندین
که‌ناڵی ئاسمانی به‌گه‌ڕخراون که خه‌ریکه
ژماره‌یان له که‌ناڵه تورکییه‌کان زیاتر
ده‌بێت، ده‌ستڕاگه‌شتن به توناییه‌کان له
ئه‌وروپا له هه‌موو کات ئاسان تر بووه،
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه گۆرانی تورکی له
گورانی کوردی به‌چه‌ندین گۆڵ (له یاریگاکه‌ی
خۆیدا) بردۆته‌وه!
قه‌باره‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ی که له دژی گۆرانی
کوردی له لایه‌ن (تۆڕانییه‌کانه‌وه!)
له ده‌می به‌شێکی هونه‌رمه‌نده
ره‌سه‌نه‌کانه‌وه ده‌یبینن زۆر گه‌وره
مه‌زنده‌کرێته‌وه، به‌جۆرێک له‌وه ده‌چێت
که حکومه‌تی تورکیا هه‌موو هه‌وڵ
وتێکۆشانه‌کانی بۆ چوونه ناو یه‌کێتی
ئه‌وروپا بیرچووبێته‌وه و خۆی بۆ شه‌ڕی
به‌تورکی کردنی گۆرانی کوردی ساز و
ئامادده‌ده‌كات!
له راستیدا ئه‌مانه بیانوویه‌کی
حازربه‌ده‌سته به ده‌ستی به‌ره‌ی دووه‌می
شه‌ڕه‌که‌وه که ره‌سه‌نه‌کانه، بۆ
په‌رده‌پۆشکردنی شکسته‌کانیان و ده‌ست
نه‌خستنه سه‌ر فاکته‌کان. ده‌ستی ئه‌م
بیانووانه بۆ رازیکردنی گۆێگری کورد کورته،
ته‌نیا ئاوێکه بۆ گه‌ڕانی خولێکی زیاتری ئاشی
ناسیونالیزم و قه‌ومپه‌رستی!
ئاشکرایه له‌م شه‌ڕه‌دا نموونه‌ی سه‌ربازانێک
ببینین، که ساڵانێک گۆرانی فارسی به کوردی
ده‌وت ئێستا بڵێت: تورک فه‌رهه‌نگی هه‌ر
نه‌بوو! ئاساییه که ده‌وره‌یه‌ک دڵ به سێ
گۆرانی کوردی و قسه‌یه‌کی (ئه‌ز کوردم) ی
ئیبراهیم تاتلیس خۆشبکرێت، کاتێکیش ئیبراهیم
تاتلیس نه‌یویست ساویلکانه تێ بکه‌وێت و
سه‌رمایه‌که‌ی له تورکیا بخاته خه‌ته‌ره‌وه
وتی (من تورکی کوڕی تورکم) له‌و رۆژه‌وه له
قاموسی کورده‌ره‌سه‌نه‌کاندا ئیبراهیم تاتلیس
به(جاشی کوڕی جاش) ناونووس بکرێت! ئاساییه
قسه‌ی له‌مانه خراپتر به عه‌ره‌ب ببیستین
که گوایه پێ په‌تین....!
له راستیدا، ئه‌مه شه‌ڕێکی سیاسیه که
هونه‌رمه‌ندانی ره‌سه‌ن له‌بری حیزبه‌کانی
بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی ده‌یکه‌ن، له
کاتێکدا که پێویست بوو ئه‌و‌ان به توانایی
هونه‌ره‌که‌یان وه‌ڵامی پێ بده‌نه‌وه.
تێکست:
تێکست، یاخود هۆنراوه‌ی گۆرانی نیوه‌ی
کارێکه له دروستکردنی گۆرانیدا، تێکستی
خراپ ئاوازی جوان تێکده‌شکێنێت، تێکستی جوان
ئاوازی جوان به‌دواپله‌ی جوانی خۆی
ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌وه‌ی له زۆربه‌ی گورانییه
کوردییه‌کاندا ده‌بینرێت نه‌بوونی به‌لانسێکی
هونه‌ریانه‌یه له نێوان تێکست و ئاوازدا
که له دواپله‌دا مایه‌ی ئه‌نجامدانی
به‌رهه‌مێکی کاڵ وکرچه. گۆرانی فۆلکلۆر و
میللی کوردی له‌م لایه‌نه‌وه چه‌ندین هه‌نگاو
له زۆربه‌ی گۆرانییه دروستکراوه
هاوچه‌رخه‌کان له پێشتره و تێدا زیاتر هه‌ست
به بوونی ته‌بایی نێوان تێکست و ئاواز
ده‌کرێت.
نه‌گونجان و دژایه‌تی تێکسته‌کان له‌ته‌ک
دنیای موته‌مه‌دنی ئه‌مڕودا یه‌کێکی ترن له
کێشه‌کان، کاتێک گۆرانی بێژێکی گه‌نج له‌سه‌ر
شاشه ده‌بینین گۆرانی به به‌ژن و باڵای
مه‌نیج و ئایشێ ناوکاندا ده‌ڵێت، به لای
گوێگره‌وه سه‌یره، که کاکی گۆرانی بێژ
هه‌ست به‌و دابڕانه زه‌مه‌نییه گه‌وه‌ره‌یه
له نێوان خۆیی و ئایشێ ناوه‌کاندا ناکات که
ده‌کرێت ناوی یه‌کێک له مه‌رحومه‌کانی نه‌نکی
بن!
گۆرانی کوردی، به ئاشکرا و بێ په‌رده باس
له په‌یوه‌ندییه سروشتیه‌کانی نیوان
ره‌گه‌زی نێر ومێ ده‌کات که زۆر به‌که‌متر
له گۆرانییه رۆژهه‌ڵاتیه‌کانی دراوسێکان و
ته‌نانه‌ت ئه‌وروپییه‌کانیشدا هه‌یه، ئه‌م
تایبه‌تمه‌ندیه ده‌کرێت پوزه‌تیڤانه
سه‌یربکرێت، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت
که گۆرانی کوردی پیاوسالارانه نییه و له
دید و بۆچوونی کۆنه‌په‌رستانه به‌دووربێت!
هه‌ڵبژاردنی تێکستی قورس و کلاسیکی که
هه‌ندێک جار له چامه شیعریه‌کانه‌وه
ده‌رده‌هێنرێت زیاتر بۆ کاری ئۆپێرایی
ده‌گونجێن نه‌ک گۆرانییه‌کی کورت، به‌ڵام
هه‌نێک له ڕه‌سه‌نه‌کان له‌ژێر ئاڵای پیرۆزی
ده‌قه کلاسیکیه‌کان و ئیفتیخاره
قه‌ومییه‌کاندا بۆ ده‌سته‌به‌رکرنی
شه‌خسیه‌تێکی پیرۆزی قه‌ومی بۆ خۆیان
ده‌ست‌ده‌گرن به باڵای ئه‌و ده‌قه پیرۆز و
نیمچه پیرۆزانه‌وه.
بوونی سته‌می قه‌ومی و زاڵی ناسیۆنالیزمی کورد
رۆڵێکی تێکده‌رانه‌ی له بنیاتنانی که‌سایه‌تی
کوردی‌دا کردووه، سته‌مێکی قه‌ومی که‌کاری
له‌سه‌ر داڕوخان و به‌که‌م سه‌یرکردنی ئینسانی
کورد ده‌کرد، ناسێونالیزمێکیش کاری له‌سه‌ر
فووتێکردن قاره‌مانسازی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی
ده‌کرد، له‌به‌رئه‌نجامدا سه‌دان شیعر وگۆرانی
که ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م واقعه تاڵه بوو،
په‌یدابوون،
زۆر له تێکستی گۆرانییه نیشتمانیه‌کان
ده‌بینیین که وه‌سف ئاستی واقیع و لۆژیک
تێپه‌ڕده‌کات و به‌ره‌و تۆباویه‌ت ده‌ڕوات،
ئاساییه نووسه‌ری تێکستێک به جه‌رائه‌ته‌وه
به شاره‌کانی ئه‌وروپادا بگه‌ڕێت و به
کچۆله ناسکه‌کانیان بڵێت: ئێوه بۆیه جوانن،
چونکه ئاره‌قه‌ی له‌شی کچانی کورد بۆته
هه‌ڵم له کوردستان و پاشان وه‌ک باران
به‌سه‌ر ئێوه‌دا باریووه! ئه‌م جۆره
وه‌سفانه که له تێکسته کوردیه‌کاندا زۆرن
نه‌ک ته‌نیا نیشانه‌ی ده‌مارگیری و راسیزمه
به‌ڵکو درۆیه‌کی گه‌وره وشاخداریشه که له
لۆژیک و ئه‌قڵی سالم قبوڵی ناکات!
هه‌ڵوتن به‌باڵای پێشمه‌رگه و کلتوری شاخیش،
به‌شێکی تری خاڵی ده‌ستپێکدنی تێکستی ئه‌و
گۆرانییانه‌ن که ده‌مێکه گه‌نجانی کورد
فاسیله‌یان لێگرتووه و ناسیونالیسته‌کان وه‌ک
خواردنه ئێکسپایه‌ره‌کانی نه‌وت به‌رامبه‌ر
به‌خۆراک به‌زۆر به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا ساغی
ده‌که‌نه‌وه،
قسه‌کردن له‌سه‌ر تێکستی گۆرانی منداڵانیش
ده‌کرێت ده‌یان لاپه‌ره‌ی له‌سه‌ر
ره‌شبکرێیته‌وه که به داخه‌وه لێره‌دا
جێگه‌ی نابێته‌وه! منداڵان، ئه‌و
بوونه‌وه‌ره ناسکانه‌ن که له ژێر نێزه‌ی
تیژی تێکسته بێ ره‌حمه‌کانی گه‌وره‌کانن.
چاوخشانێکی سه‌رپێیی به‌سه‌ر به‌ر‌نامه‌کانی
منداڵانی که‌ناڵه‌کانی مێدیای حاکمدا ئه‌و
راستیه‌مان بۆ ساغ ده‌بێته‌وه که چۆن
منداڵان له دنیای منداڵانه‌ی خۆیان
مه‌حروکراون! چۆن به ئایدۆلۆژی نێو که‌لله‌ی
گه‌وره‌کان په‌روه‌رده‌ده‌کرێن تاکو له
سبه‌ینێدا بنه هه‌واڵگرێکی دڵسۆزی ئاسایش و
پێشمه‌رگه‌یه‌کی گیان له‌سه‌رده‌ستی له‌شکری
زێره‌ڤانی یاخود بنه پیاوێکی ته‌قله
له‌سه‌ری نورانی رێگه‌ی ته‌ریقه‌ت!
کۆتایی |