|
شه‌ماڵ علی
shemalali@yahoo.com
چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار له‌گه‌ڵ
ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه که له ژماره‌ی 99ی ڕۆژی
سێ شه‌ممه 13/12 بڵاوکراوه‌ته‌وه
دانپیانانێکی هێنده زه‌ق‌و بێ پێچ‌وپه‌نایه
به‌وه‌ی به ناهه‌ق پێی ده‌وترێت گه‌نده‌ڵی،
که ئینسان له ناخه‌وه ده‌هه‌ژێنێت.
سه‌ره‌ڕای ئاشکراکردنی ئه‌و سه‌روه‌ته‌ی که
له‌م چه‌ند ساڵه‌دا له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا
پێکیه‌وه ناوه، له وه‌ڵام به پرسیارێک
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کۆمپانیای نۆکانی سه‌ر به
یه‌کێتی سه‌دان دۆنمی له شاری سلێمانی
له‌سه‌ر خۆی تاپۆ کردووه، مه‌لا به‌ختیار له
جێگای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م تۆمه‌ته
ده‌که‌وێته پاساوهێنانه‌وه‌و به هه‌موو
جۆرێک داکۆکی له مافی یه‌کێتی ده‌کات که
به‌م شێوازه نایاساییه ده‌ست به‌سه‌ر موڵک‌و
سه‌روه‌تی کۆمه‌ڵگادا بگرێت. ئه‌وه باوه که
له کوردستان به‌م حاڵه ده‌ڵێن گه‌نده‌ڵی، من
ده‌ڵێم به ناهه‌ق ئه‌م ناوه‌یان لێناوه،
ئه‌مه زۆرتر ڕووتکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌و
بگره زه‌وتکردنێتی.
ته‌واوی ته‌بریر‌و بیانوو هێنانه‌وه‌کانی
مه‌لا به‌ختیار بۆ پاساودانی ئه‌م کرده‌وه
مافیاییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی‌و کۆمپانیاکانی
هیچ ڕاستیه‌کی نییه‌و به هێنانه‌وه‌ی
نموونه‌ی زۆر ساده له ئه‌حزابی (وه‌ک مه‌لا
به‌ختیار ده‌ڵێ) گه‌وره‌ی دنیا ده‌کرێت پووچی
ئه‌م بڕوبیانووانه ئاشکرا بکرێت. له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌ی دنیای سه‌رمایه‌داری ڕۆژ به ڕۆژ
نائینسانی تر ده‌بێت. هێشتا سه‌رمایه‌داری
له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه که
به‌شه‌ریه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌و ڕاده‌یه
بۆ ناو زۆنگاوی گه‌نده‌ڵی به‌رێت‌و
جه‌نگه‌ڵستانێکی به‌و ئه‌ندازه‌یه بێ
قانوون‌و سه‌ره‌وبه‌ره‌ی پێکهێنابێت، که
حزبی وه‌ک یه‌کێتی‌و پارتی تیایدا نموونه‌ی
ئاسایی بێت.
زۆر شت ده‌کرێت سه‌باره‌ت به‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی
مه‌لا به‌ختیار‌و ئه‌م پێداگیریه‌ی له‌سه‌ر
مافی یه‌کێتی بۆ زه‌وتکردنی سه‌روه‌تی
کۆمه‌ڵگا بووترێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من
ده‌مه‌وێت له ده‌لاقه‌ی ئه‌و
چاوپیکه‌وتنه‌وه سه‌یری بکه‌م ئازادی
ڕۆژنامه‌گه‌ری‌و ئازادی نووسینه که ئه‌م
رۆژانه له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی یاسای ڕۆژنامه‌وانی
له لایه‌ن ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن په‌رله‌مانی
کوردستان، بۆته باس‌و بابه‌تێکی گه‌رم. خۆم
ده‌خه‌مه جێگای کاک شوان محه‌مه‌د که ئه‌م
گفت‌وگۆیه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیاردا
ئه‌نجامداوه‌و له خۆم ده‌پرسم ده‌ی خاسیه‌تی
ئه‌و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ریه چییه که ماوه‌ی
چه‌ند ڕۆژ‌و هه‌فته‌یه بۆته کێشه‌و
مه‌سه‌له‌ی رۆژنامه‌نووسان‌و ئازادیخوازانی
کوردستان؟ بایه‌خی نووسین‌و ڕه‌خنه‌ی
ڕۆژنامه‌کان چییه کاتێک نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵات
خۆی به‌م شیوازه بێ په‌رده‌یه، به‌م بێ
باکیه دان به زه‌وتکردنی مافه‌کانی
هه‌مووماندا ده‌نێت؟ ڕۆژنامه‌کان پاش ئه‌م
جۆره ته‌سریحانه چی ده‌مێنیت بیوروژێنن‌و
لێفه له‌سه‌ر چی لابه‌رن‌و په‌رده له‌سه‌ر
چی هه‌ڵماڵن؟
یاسایه‌ک که لوی جیرگه*ی حزبه
عه‌شیره‌تیه‌کانی کوردستان (که زۆر به زوڵم
پێی ده‌ڵێن په‌رله‌مان) بڕیاری له‌سه‌ر دا
په‌ڵه‌یه‌کی چڵکن‌و ڕه‌شی تره به ته‌وێڵی
ده‌سه‌ڵاتی حاکم له کوردستانه‌وه. به‌ڵام
ئه‌م بڕیاره هێنده تینوێتی کوردایه‌تی بۆ
سه‌رکوت‌و موماره‌سه‌ی زه‌بر‌وزه‌نگ نیشان
ده‌دات، هێنده وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی
پێداویستیه‌کانی به پێوه مانه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵاتی نییه. ده‌سه‌ڵات له کوردستان
باکی به گازنده‌و بگره ڕه‌خنه‌ی توندی
ڕۆژنامه‌کان‌و ڕۆژنامه‌نووسان نییه. سیسته‌می
ده‌سه‌ڵات له کوردستان مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ی
له‌وه نییه که ڕه‌خنه‌ی توندی
ڕۆژنامه‌نووسان‌و نووسه‌ران به گشتی، به‌و
جۆره‌ی له کوردستان موماره‌سه ده‌کرێت،
ببێته هێزێکی ماددی بۆ گۆڕانکاری سیاسی‌و
کۆمه‌ڵایه‌تی.
کاتێک یه‌کێتی‌و پارتی به‌و جۆره‌ی مه‌لا
به‌ختیار داکۆکی لێ ده‌کات ده‌توانن به نوکه
قه‌ڵه‌مێک چه‌ندیان پی خۆش بێت زه‌وی بکه‌نه
موڵکی خۆیان، کاتێک بێ هیچ حساب‌و کیتابێک‌و
بێ هیچ ڕه‌قیبیک پاره‌و پول‌و سه‌روه‌تی
کۆمه‌ڵگا له گیرفانی "حکومه‌ته‌وه" ده‌چێته
گیرفانی حزبه‌وه‌و له‌وێشه‌وه ته‌حویلی
گیرفانی سه‌رمایه‌داران‌و به‌رپرسان ده‌کرێت،
ئێره ئیتر کۆمه‌ڵگا نییه. دیهاتێکه هه‌موو
زه‌ویه‌که‌ی موڵکی ئاغایه‌و ئێمه‌ش
ڕه‌عیه‌ت‌و سوخره‌کاری به‌رده‌ستی
ده‌سه‌ڵاتین. ئازادی ئێمه بۆ به
نه‌عله‌تکردنی ئه‌م هه‌ل‌ومه‌رجه‌و نووسین
سه‌باره‌ت به بێبه‌شیه‌کانمان –له خۆیدا- چ
ئازارێکی بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌یه.
کاتێک نان‌و ژیانی خه‌ڵک لای ده‌سه‌ڵات
بارمته‌یه، کاتێک زیندوومانه‌وه‌و
گوزه‌رانکردنمان په‌یوه‌سته‌ی ملکه‌چی‌و
ده‌سته‌مۆبوونی به کرده‌وه‌مانه بۆ
ده‌سه‌ڵات، ئازادی هاوارکردن‌و ناڵاندن به
ده‌ست سته‌می ده‌سه‌ڵات‌و چینی
ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، ئازادی نووسینی ڕه‌خنه‌ی
توند‌و ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌ی توڕه، کاتێک ئه‌م
ڕه‌خنه‌و توڕه‌ییه له چوارچێوه‌ی گازنده
ده‌رناچیت‌و بانگه‌شه‌ی گۆڕانی ڕیشه‌یی‌و
ژێره‌وژوورکردنی ده‌سه‌ڵات ناکات، ده‌کرێت له
جێگای زیان بۆ ده‌سه‌ڵات قازانجی هه‌بێت.
ده‌کرێت مکیاجێکی هه‌رزان بێت بۆ شاردنه‌وه‌ی
ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی موتڵه‌قی‌و سته‌مکاریی
ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی‌و عه‌شیره‌تیی
حزبه‌کانی کوردایه‌تی‌و مه‌نفه‌سێک بێت بۆ
دامرکاندنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک.
جیاوازیه‌کی گه‌وره له نێوان ئازادی
ده‌ربڕین‌و ئازادی رۆژنامه‌وانیدا هه‌یه. به
یه‌کزانینی ئه‌م دووانه‌و له جێگای یه‌کتر
دانانیان وێنه‌یه‌کی زۆر لێڵ له هه‌ل‌ومه‌رجی
واقیعی کوردستان پیشکه‌ش ده‌کات.
ئه‌وانه‌ی که وه‌ک به‌ختیار عه‌لی ڕۆژی
ده‌رکردنی ئه‌و بڕیاره به ڕۆژی سه‌ربڕینی
ئازادی‌و گۆڕانی په‌رله‌مان به گۆڕستانی
ئازادی ده‌زانن، یان هیچ له سروشتی ئه‌م
ده‌سه‌ڵاته‌و ده‌ستکه‌لاکانی نازانن، یان
تێگه‌یشتنیان بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین
تێگه‌یشتنێکی سنووردار‌و
ڕۆژنامه‌گه‌ریانه‌یه. ئازادی ڕاده‌ربڕین هه‌ر
ئازادی نووسین‌و مافی ڕه‌خنه نووسین نییه.
به‌رله‌وه‌ی ئێمه وه‌ک نوسه‌ر یاسایه‌ک بۆ
زمانبڕینمان داڕێژرابێت، ده‌سه‌ڵاتی مافیایی
کوردستان، ده‌سه‌ڵاتی پارتی‌و یه‌کێتی ئازادی
ئه‌وه‌ی لێ زه‌وتکردووین که وه‌ک ئینسان ناخی
خۆمان ده‌ربڕین.
ئازادی ڕاده‌ربڕین یانی ئازادی ئه‌وه‌ی بێ
ئه‌وه‌ی له شه‌قی ئاسایش، له زانکۆ
وه‌ده‌رنان، کیتابی فه‌سڵ‌و نه‌قڵ، ڕاگرتنی
ده‌رماڵه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی خانووی دائیره
بترسیت، له‌سه‌ر جاده کۆبیته‌وه‌و پڕ به
گه‌رووت به ڕووی ئه‌م زیاده‌ڕۆییه‌ی مه‌لا
به‌ختیاره‌کان هاوار بکه‌یت‌و ناچاریان بکه‌یت
په‌شیمان ببنه‌وه. یانی ئازادی ئه‌وه‌ی له
سه‌رکار‌و له گه‌ڕه‌ک مانبگریت‌و، بێ ئه‌وه‌ی
له سه‌ره‌نجامی ئه‌م کاره‌ت سڵ بکه‌یته‌وه،
ناڕه‌زایه‌تی خۆت به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی یاری‌و
قومار به ژیانته‌وه ده‌که‌ن ده‌ربڕیت. یانی
ئازادی ئه‌وه‌ی ڕیکخراو‌و حزبی ئۆپۆزیسیۆن
دروست بکه‌یت‌و ڕه‌خنه‌ت بکه‌یته کرده‌وه‌و
خواریه‌کانی پێ ڕاست بکه‌یته‌وه. تاکو
یه‌کێتی‌و پارتی به‌م جۆره‌ی ئێستا هه‌ست‌و
نیستی کۆمه‌ڵگایان له ده‌ستدا بێت ئه‌مه
به‌دی نایه‌ت.
ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن شتێکه‌و ئازادی ڕه‌خنه
نووسین شتێکی تره. ڕۆژنامه‌نووسان‌و
نووسه‌رانی وه‌ک به‌ختیار‌و که‌سانی تر مافی
خۆیانه له بڵاوکردنه‌وه‌و نووسیندا ئازاد
بن‌و ئه‌م خواسته‌یان جێگای پشتیوانی هه‌موو
شه‌ریف‌و ئازادیخوازێکه، به‌ڵام کێشه‌ی
کرێکار‌و هه‌ژار‌و نه‌داری ئه‌م کۆمه‌ڵگایه
شتیکی تره‌و له‌وه گه‌وره‌تره.
لێگه‌ڕێ با پاش ئیمزا نه‌کردنی "سه‌رۆکی
هه‌رێم" له‌سه‌ر بڕیاری ده‌مبه‌ستنی
ڕۆژنامه‌گه‌ران‌و ڕۆژنامه‌کان‌و
په‌شیمانبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان، شایی‌و
سه‌مای هاوبه‌ش به‌رپابکرێت‌و هه‌رکه‌س
ده‌ستکه‌وته‌کانی خۆی له ئامێز بگرێت.
"سه‌رۆک" به له‌قه‌بی "داکۆکیکاری
ئازادی"و ڕۆژنامه‌نووسان به "مافی
نووسینی گازنده‌و ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر"و
په‌رله‌مانیش به ئیعتیرافی به‌ختیار
عه‌لیه‌کان به‌وه‌ی چیتر "گۆڕستانی ئازادی
نیه" شادببنه‌وه، به‌ڵام کێشه‌ی خه‌ڵکی
کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشی ئه‌م ووڵاته
سانتیمه‌ترێک له جێگای خۆی نه‌جووڵاوه.
ده هێنده‌ی تریش ڕۆژنامه‌کانمان
ئازادبن، کرێکاران‌و بێبه‌شانی ئه‌م
کۆمه‌ڵگایه ته‌ڵه‌پوشێک له باری قورسی
ژیرده‌سته‌بوونیان که‌م نه‌بووه‌ته‌وه.
ڕۆژنامه‌نووسان مافی خۆیانه
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای ڕۆژنامه‌وانی
یان هه‌موارکردنی به‌نده‌کانی به
سه‌رکه‌وتن بۆ خۆیان بزانن. به‌ڵام مافی
ئه‌وه‌یان نییه ئه‌مه به
فراوانبوونه‌وه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین له
کوردستان له قه‌ڵه‌م بده‌ن. نه ئه‌و
رۆژه‌ی یاسای ڕۆژنامه‌وانی ده‌رچوو
یه‌که‌مین ڕۆژی پێشێلکردنی ئازادی بوو،
نه ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌لده‌وه‌شێته‌وه
جه‌ژنی ئازادیه.
با "ڕۆشنبیرانی" کورد به پێی تێڕوانینه
نادروست‌و ڕێوونکه‌ره‌که‌ی هابرماس پێیان
وابێت ڕۆژنامه‌ی ئازاد بوارێکی گشتیه که
هه‌موو ده‌توانین به یه‌کسان سوودی لێ
وه‌ربگرین، ڕه‌وڕه‌وه‌ی دیموکراسی لێوه
به‌گه‌ڕبخه‌ین، ئاڵ‌وگۆڕی شێنه‌یی به‌دی
بهێنین‌و به نیوکلاج به‌ره‌و کوردستانێکی
ئازادتر‌و یه‌کسانتر لێخوڕین، ئه‌وه‌ی که
به‌شی هه‌ره‌زۆری "ڕۆشنبیرانی" کوردستان
له‌سه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه ڕێکن، نایکاته
حه‌قیقه‌ت. ئه‌مه وه‌همه. له کوردستان
ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن ڕیگای به‌دیهێنانی
ئاڵ‌وگۆڕی ده‌سه‌ڵات نییه، وه‌لانانی
ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی‌و پارتی،
هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئه‌م شیوازه
عه‌شیره‌تی‌و میلیشیاییه له
به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا ڕێگاو مه‌رجی
به‌دیهێنانی هه‌ر چه‌شنه ئازادیه‌ک‌و له
نێویدا ئازادی ڕه‌خنه‌گرتنه. ده‌بێ حزب‌و
ڕیکخراو‌و هێز‌ی ئه‌م کاره پێکبهێنین‌و
له ده‌وری کۆببینه‌وه.
* له کۆنه‌وه ناوی مه‌جلیسی سه‌رۆک
عه‌شیره‌ت‌و قه‌بیله‌کانی ئه‌فغانستان بووه‌و
ئێستا په‌رله‌مانی ئه‌فغانستانیش هه‌مان ناوی
هه‌یه.
2007-12-22 |