|
شه‌ماڵ علی
shemalali@yahoo.com
لێدوانه‌کانی شه‌هرستانی له‌سه‌ر گرێبه‌سته
نه‌وتیه‌کانی حکومه‌تی یه‌کێتی‌و پارتی
له‌گه‌ڵ کۆمپانیا ده‌ره‌کیه‌کاندا هه‌ڕه‌شه‌ی
ده‌سته‌و تاقمه ئیسلامی‌و قه‌ومیه‌کانی
عیراقه له حکومه‌ته‌که‌ی پارتی‌و یه‌کێتی
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت به ته‌نها سوود
له نه‌وتی کوردستان ببینن. مه‌سه‌له‌ی
شه‌هرستانی ئه‌وه نییه که ئه‌م سامانه له
لایه‌ن هه‌ردوو حزبه‌وه بۆ قازانجی خه‌ڵکی
کوردستان به‌کارنایه‌ت‌و که‌س نازانێت
داهاته‌که‌ی وه‌ک هه‌موو داهاته‌کانی تری
کوردستان ده‌چێته گیرفانی کێوه. ته‌نانه‌ت
مه‌سه‌له‌ی ترس له "سه‌ربه‌خۆیی خوازی"
پارتی‌و یه‌کێتی نییه که سه‌دان جار
وتوویانه: (کوردستانی سه‌ربه‌خۆ خه‌ونی
شاعیرانه). مه‌سه‌له‌که به ساده‌یی
ئه‌وه‌یه که شه‌هرستانی له زمانی مافیا
نه‌وتدزه‌کانی به‌سره‌وه له نه‌وتی
کوردستانیش داوای به‌ش ده‌کات.
وا دیاره مامه‌ڵه‌ی ژێربه‌ژێری ئه‌م دوو
ته‌ره‌فه مافیاییه به ئه‌نجام
نه‌گه‌یشتووه بۆیه کاره‌که گه‌یشتۆته
ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن. ئاماژه‌ی به‌رهه‌م
ساڵح به‌وه‌ی که دوور له توندکردنه‌وه‌ی
ئیعلامی ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکرێت،
بانگهێشتکردنی تاقمه ئیسلامی‌و قه‌ومیه
مافیاییه‌کانی عیراقه بۆ ژێربه‌ژێر
ڕێککه‌وتن‌و دابه‌شکردنی قازانج. دووریش نییه
سه‌ره‌نجام ئه‌م ڕێکه‌وتنه له پشتی
په‌رده‌وه ئه‌نجامبدرێت‌و هه‌موو ئه‌م
هه‌ڵڵایه‌ش که ساز بووه خامۆش ببێته‌وه.
به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شه‌هرستانی له
هه‌ڵوێستێکی شۆڤێنیستانه‌شه‌وه به‌ربه‌ست بۆ
گرێبه‌سته نه‌وتیه‌کانی حکومه‌تی یه‌کێتی‌و
پارتی دروست بکات، ئه‌وه‌ی شه‌هرستانی
ده‌یڵێت‌و ده‌یکات، زه‌ڕه‌یه‌ک شه‌رعیه‌ت به
بڕیاره‌کانی حکومه‌تی یه‌کێتی‌و پارتی
نابه‌خشێت‌و ئه‌وان ناکاته خاوه‌ن هه‌ق.
یه‌کێتی‌و پارتی که هه‌موو داهاتی
کوردستانیان خستۆته خزمه‌ت
توند‌وتۆڵکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان‌و خه‌ڵک
له هه‌ژاری‌و نه‌داریدا ڕا‌گرتووه‌و
سه‌روه‌ت‌و سامانی ووڵاتیان کردۆته
سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی خۆیان‌و چینی
سه‌رمایه‌داری کوردستان به هیچ شێوازیک نابێت
له هیچ پشتیوانی‌و سه‌مپاتیه‌کی خه‌ڵک
به‌هره‌مه‌ند بن. یه‌کێتی‌و پارتی‌و
حکومه‌ته‌که‌یان شه‌ڕ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی
خه‌ڵک‌و مافه‌کانیان ناکه‌ن، به‌ڵکو شینی
قازانجی خۆیان ده‌که‌ن.
کێ زه‌مانه‌تی ئه‌وه ده‌دات نه‌وتی کوردستان
که موڵکی حاشاهه‌ڵنه‌گری خه‌ڵکی کوردستانه،
تا کاتیک به ده‌ست یه‌کێتی‌و پارتیه‌وه
بێت، داهاته‌که‌ی بۆ خۆشگوزه‌رانی‌و
به‌خته‌وه‌ری خه‌ڵک خه‌رج بکرێت. کێ ده‌توانێت
به‌ڵێن به خه‌ڵک بدات که داهاتی ئه‌م
سه‌رچاوه سروشتیه‌ش به ده‌ردی هه‌موو ئه‌و
سه‌روه‌ته‌ی چه‌ندین ساڵه ده‌که‌وێته ده‌ست
هه‌ردوو حزبه‌وه ناچێت‌و بانکه‌کانی
ده‌ره‌وه‌ی لێ پڕ ناکرێت‌و ژیانی شاهانه‌ی بۆ
ده‌سه‌ڵاتداران‌و سه‌رمایه‌دارانی کوردستان پێ
فه‌راهه‌م ناکرێت. کێ ده‌توانێت یه‌کێتی‌و
پارتی موحاسه‌به بکات‌و له به‌رده‌م
به‌رپرسیارێتیدا دایانبنێت.
خه‌ڵکی کوردستان، کریکاران‌و زه‌حمه‌تکێشانی
ئه‌م ووڵاته، نابێت له‌م جه‌ده‌له‌ی نێوان
حکومه‌تی جوتحزب‌و شه‌هرستانی که
کاربه‌ده‌ستێکی ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌وتاقمه
ئیسلامی‌و قه‌ومیه مافیاییه‌کانی عیراقه،
له په‌نا یه‌کێتی‌و پارتیدا بووه‌ستن. به‌ڵکو
خه‌ڵک هێزی سێهه‌مه‌و ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ شه‌ڕی
خۆی بکات. شه‌ڕی خه‌ڵک ته‌نها له به‌رامبه‌ر
شه‌هرستانی کۆنه‌په‌رست‌و حکومه‌ته ئیسلامیه
قه‌ومیه دارده‌سته‌که‌ی ئیرانیدا نییه،
به‌ڵکو هاوکات له‌گه‌ڵ یه‌کێتی‌و پارتی‌و
حکومه‌ته فاسید‌و بێ حیساب‌و
کیتابه‌که‌شیاندایه.
ئه‌وه ڕاسته که یه‌کێتی‌و پارتی هه‌قیان
نییه‌و نابیت ڕێگایان پێ بدرێت یه‌ک قه‌تره
نه‌وتی کوردستان بێ ئاگاداری خه‌ڵک‌و به
دزیه‌وه ده‌ربهێنن‌و بفرۆشن. ده‌قی ته‌واوی
ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی ئه‌م حکومه‌ته له‌گه‌ڵ
کۆمپانیا ده‌ره‌کیه‌کان ئیمزایان کردووه
ده‌بێت له ده‌ستڕه‌سی خه‌ڵکدا دابنرێت‌و
ته‌واوی حیسابات‌و تێچوون‌و قازانجی ئه‌م
گریبه‌ستانه‌و ئه‌وه‌ی تا ئێستا کراوه‌و
ده‌بێت بخرێته به‌رده‌می خه‌ڵک. هیچ
بڕووبیانوویه‌کی وه‌کو ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و
فڕوفیشاڵی له‌م چه‌شنه له یه‌کیتی‌و
پارتیه‌ک که موسابه‌قه له‌سه‌ر په‌یوه‌ند
گرتن له‌گه‌ڵ ده‌زگا سیخوڕیه‌کانی ناوچه‌که‌و
جیهان ده‌که‌ن قبووڵ ناکرێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته که ئه‌م ئاشکرا کردن‌و
شه‌فافیه‌ته‌ش هیچ له‌وه ناگۆڕێت که خه‌ڵک
له هه‌ل‌ومه‌رجی ئێستادا بۆ به‌رگرتن به
ڕاووڕووتی یه‌کێتی‌و پارتی‌و دیفاع له مافه
سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆیان ده‌ستیان به هیچ
ئامرازێکه‌وه به‌ند نییه. خه‌ڵک با هه‌موو
ڕاستیه‌کانی چه‌پاوڵی پارتی‌و یه‌کێتیش
بزانێت، به چی ده‌چێت؟ به کام هه‌یئه‌تی
ته‌شریعی‌و به کام مه‌رجه‌عی سه‌روو حزبی
به‌ریان به فه‌ساد‌و گه‌نده‌ڵی یه‌کێتی‌و
پارتی پێده‌گیرێت. به "په‌رله‌مانێک" که پێش
کۆبوونه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ده‌ستور کاری خۆشی
نازانێت‌و نازانێت چی موناقه‌شه ده‌کات؟ به
کۆمه‌ڵێک موه‌زه‌فی حزبی که کراون به
ئه‌ندامی ده‌زگایه‌ک هیچ نییه مۆره لاستیکی
ده‌ستی پارتی‌و یه‌کێتی نه‌بێت بۆ شه‌رعیه‌ت
به‌خشین به‌م ده‌سه‌ڵاته عاجباتیه‌و
بڕیاره‌کانی؟
خه‌ڵكی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت چاودێری
سه‌روه‌ت‌و سامانی خۆیان بێت‌و له ده‌ستی
درێژی ئه‌م حزبانه بیپارێزێت ده‌بێت خاوه‌نی
هه‌یئاتی سه‌ڵاحیه‌تداری وا بێت که حزبه
ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له به‌رامبه‌ر
لێپرسینه‌وه‌دا ڕاگرن. له جیاتی ئه‌م
په‌رله‌مانه بێ گیانه ده‌بێت
دام‌وده‌زگایه‌ک له نوێنه‌رانی خه‌ڵک پێک بێت
که چاودێری هه‌ر ده‌سه‌ڵاتیکی ته‌نفیزی
بکات‌و بتوانێت پارێزگاری له سه‌روه‌ت‌و
سامانی خه‌ڵک بکات‌و ده‌سه‌ڵاتی وه‌لانانی
ئه‌وانه‌ی هه‌بێت که له بڕیاره‌کانی
لاده‌ده‌ن. تا کاتێک ئه‌و ده‌زگایه بوونی
نییه‌و نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵک له
ده‌سه‌ڵاتدا نین، هه‌ر ده‌ستکاریکردن‌و
به‌کاربردنێکی سامانی سروشتی کوردستان‌و
وه‌به‌رهێنان له‌م بواره‌دا ناقانوونیه.
یه‌کێتی‌و پارتی مافی ده‌رهێنانی نه‌وت‌و
به‌ستنی هیچ گرێبه‌ستیکیان نییه‌و خه‌ڵک
موده‌عیه به سه‌ر هه‌ر کارێکه‌وه که ئه‌م
حزبانه له‌م بواره‌دا ده‌یکه‌ن. نه
گرێبه‌سته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ
کۆمپانیا ده‌ره‌کیه‌کان، نه گرێبه‌ستی
حکومه‌تی مه‌رکه‌زی عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌و
کۆمپانیایانه له‌سه‌ر نه‌وتی کوردستان، نه
گرێبه‌ستی هاوبه‌شی حکومه‌تی هه‌رێم‌و
حکومه‌تی مه‌رکه‌ز هیچیان له ڕوانگه‌ی
خه‌ڵکه‌وه قانوونی نین. نوێنه‌رانی خه‌ڵکی
کوردستان له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین ڕۆژی گه‌یشتنه
ده‌سه‌ڵاتیان ئه‌م گرێبه‌ستانه
هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌و هه‌موو لایه‌نه‌کانی
به‌شدار تیایدا ڕووبه‌ڕووی قانوون
ده‌که‌نه‌وه.
ئه‌وه ته‌نها چاوبه‌سته که ده‌رهێنانی
نه‌وت‌و وه‌به‌رهێنان له‌م بواره‌دا بناغه‌ی
ماددی بۆ ده‌وڵه‌تیکی سه‌ربه‌خۆ فه‌راهه‌م
ده‌هێنێت. له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاییدا،
وه‌به‌رهێنانی نه‌وت هیچ ناخاته سه‌ر
ژێرخانی ئابووری کوردستان‌و ته‌نها مافیاکان
به‌هێزتر ده‌کات. بۆ له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی
ڕابردوودا چه‌ندین ملیار دۆلار نه‌که‌وتۆته
ده‌ستی یه‌کێتی‌و پارتیه‌وه؟ کامه پرۆژه‌ی
ژێرخانیی له کوردستان ئه‌نجامدراوه؟ له
کام بواردا پێشکه‌وتن ڕوویداوه؟ ڕیگاوبان‌و
ئامرازه‌کانی هات‌وچۆ پێشکه‌وتوون؟ تۆڕه‌کانی
ئاو‌و ئاوه‌ڕۆ چاککراون؟ کێشه‌ی کاره‌با
چاره‌سه‌ر کراوه؟ پۆست‌و گه‌یاندن ڕێکخراوه؟
ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ستی که‌سبی سه‌ریع‌و
خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردنی هه‌ندێک سه‌رمایه‌دار
نه‌بووایه مۆبایل‌و شه‌به‌که‌ی ته‌له‌فۆنمان
ده‌بوو؟ ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه چه‌ند ساڵی
ده‌سه‌ڵاتدارێتی یه‌کێتی‌و پارتی هاوتا بووه
له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین تێکدان‌و وێرانکردنی
ژێرخانی ئابووری. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته خه‌ڵکی تا
ئاستی خواردنه‌وه‌ی ئاوی تێکه‌ڵ به زێراب
هێنایه خواره‌وه.
له‌م نێوه‌دا نه‌وشیروان مسته‌فاش که وا
دیاره بۆنی نه‌وت وه‌خه‌به‌ری هێناوه بۆ
ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌ز
بکه‌وێته دیفاع له هه‌ڵوێستی یه‌کێتی‌و
پارتی‌و خه‌ریکه ڕاوێژی نه‌خوازراو‌و خۆڕایی
به یه‌کێتی‌و پارتی ده‌دات، له ووتارێکیدا
له ڕۆژنامه‌ی رۆژنامه قه‌ولی پشتیوانی خه‌ڵک
به مه‌رجی ئاشکرا کردنی وه‌سڵه‌کان به
یه‌کێتی‌و پارتی ده‌دات. ده‌بێ بڵێین که
نه‌وشیروان له‌م بابه‌ته‌وه ته‌نها
نوێنه‌رایه‌تی خۆی‌و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی خۆی
ده‌کات. خه‌ڵکی کوردستان له ژێر هیچ
بارودۆخێکدا ده‌سه‌ڵاتێکی ناقانوونی وه‌ک
ده‌سه‌ڵاتی ئێستای یه‌کێتی‌و پارتی بو
وه‌به‌رهێنانی سامانه سروشتیه‌کانی به
ڕێگاپێدراو نازانێت. هه‌روا خه‌ڵکی کوردستان
ده‌بێ له بناغه‌وه ئه‌م یاریه قێزه‌ونه
که له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی
پێی ده‌وترێت ده‌وڵه‌تی عیراق (که له
ڕاستیدا هیچ نییه مه‌جلیسی بانده‌کانی دزی‌و
ڕاووڕووتی عیراقی نه‌بێت) ڕه‌نگی بۆ ڕیژراوه،
خۆی به دوور بگرێت‌و له‌م ململانێ
مافیاییه‌دا له پشتی یه‌کیتی‌و پارتیه‌وه
نه‌وه‌ستێت.
سه‌رووبنی ئه‌م یاریه ئه‌وه‌یه که له
ژێرناوی دیموکراسی ته‌وافوقی ده‌وڵه‌تی
"نوێنه‌رانی" قه‌وم‌و قه‌بیله‌کانی عیراق
دروست بکه‌ن‌و خه‌ڵک به ناسنامه‌ی قه‌ومی‌و
دینی‌و مه‌زهه‌بی‌و تائیفی جۆربه‌جۆره‌وه
بکه‌ن به گژ یه‌کتردا‌و وا بنوێنن که حه‌قی
هه‌ر گروپه له ژێر ده‌ست یان له سکی ئه‌وی
تردایه، خه‌ڵك بکه‌ونه ناو ململانێیه‌کی بێ
کۆتاییه‌وه‌و له نێوان دوو جه‌مسه‌ری سکی
یه‌کتر هه‌ڵدڕین‌و ده‌ستی یه‌ک شکانه‌وه
هات‌و چۆ بکه‌ن. فیدرالیزمی قه‌ومی‌و
مه‌زهه‌بی، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ش که
نه‌بۆته هۆکاری شه‌ڕ‌و خوێنڕشتن، ده‌ستی
ده‌سته‌و تاقمه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان
ده‌کاته‌وه که هه‌رچی نه‌بوونی‌و هه‌ژاری‌و
بێمافی هه‌یه بیخه‌نه ئه‌ستۆی مه‌رکه‌ز یان
قه‌وم‌و تایه‌فه‌کانی تر‌و خۆیان وه‌ک
نوێنه‌رو داکۆکیکاری ڕاسته‌قینه‌ی "قازانجی
قه‌وم‌و تایه‌فه‌کانیان" نیشان بده‌ن.
به‌م جۆره‌ش ئه‌وه‌ی که ته‌سبیت ده‌بێت‌و
خه‌ڵک بێ ئه‌وه‌ی هۆشیار بن ده‌چنه ژێرباری‌و
قبووڵی ده‌که‌ن، حکومه‌تی موتڵه‌قه‌ی سه‌رانی
ئه‌م ده‌سته‌و تاقمه مافیاییانه‌یه له
ناوچه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیاندا. که‌م ده‌سه‌ڵاتی
دیکتاتۆری به ئه‌ندازه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م
ده‌سته‌وتاقمانه بێ باکه به‌رامبه‌ر
موعانات‌و داواکاریه‌کانی خه‌ڵک، که‌م
ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی به ئه‌ندازه‌ی ئه‌م
حکومه‌تۆکانه هه‌ست به ئه‌منیه‌ت‌و دووری
له تووڕه‌یی‌و ناڕه‌زایه‌تی ڕێکخراوو
یه‌کگرتووی خه‌ڵک ده‌کات.
دیموکراتیه‌تی ته‌وافوقی "نوێنه‌رانی قه‌وم‌و
قه‌بیله‌و تایه‌فه‌کان"، دیموکراتیه‌تێکی
درۆینه‌یه که ئیستیبدادی ده‌وڵه‌تی
مه‌رکه‌زی کۆنی وورد کردۆته‌وه‌و له هه‌ر
سووچ‌و قوژبنێکی عیراقدا چه‌ندین موسته‌بید‌و
دیکتاتۆری قووتکردۆته‌وه. ئه‌م سه‌دامۆچکانه
بێ ئه‌وه‌ی پێویستیان به ده‌زگای
داپڵۆسێنه‌ریش هه‌بێت ئه‌و یاریه قێزه‌ونه
میکانیزمێکی ئاسایی بۆ توندکردنه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵاتیان ده‌هێنێته کایه‌وه. ئه‌و
هه‌ل‌ومه‌رجه هه‌موو هه‌وڵێک بۆ گۆڕینی
ده‌سه‌ڵات‌و مۆدێرنیزه کردن‌و کردنه‌وه‌ی
فه‌زای سیاسی بۆ به‌شداری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك‌و
تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ په‌ک ده‌خات.
ئه‌م به‌رانبه‌رکێیه‌ی نێوان حزب‌و تاقمه
قه‌ومی‌و تائیفیه‌کان خه‌ڵک ده‌کاته
ڕه‌شه‌له‌شکری بێئیراده‌و گوێڕایه‌ڵی
ده‌سه‌ڵات‌و وێنه‌یه‌کی سه‌ره‌وبن له
قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیانیان نیشان
ده‌دات. ئه‌م شه‌ڕی نه‌وته نموونه‌یه‌کی ئه‌و
به‌رامبه‌رکێیه‌یه که ئیتر له سایه‌ی ئه‌م
به ناو ده‌وڵه‌ته‌دا سیناریۆی هه‌موو ڕۆژێکی
ژیانی خه‌ڵک ده‌بێت‌و هه‌موو خواست‌و هه‌وڵێکی
خه‌ڵک بۆ ئاینده‌یه‌کی باشتر ده‌خرێته ژێر
سێبه‌ری ئه‌م به‌رامبه‌رکێ
کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌وه. ئه‌م یاریه قێزه‌ونه
ده‌بێت کۆتایی بێت. خه‌ڵک ده‌بێت هه‌موو ئه‌م
مێزی قوماره هه‌ڵگێڕنه‌وه.
خه‌ڵکی کوردستان نه‌ک له پێناوی ڕزگاربوون
له سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی، به‌ڵکو له پێناوی
هێنانه‌دی دام‌وده‌زگای مه‌ده‌نی‌و هاوچه‌رخ
بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا ده‌بێت خواستی
جیابوونه‌وه له عیراق‌و پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی
سه‌ربه‌خۆ به‌رزبکه‌نه‌وه. ڕێگای ڕزگاربوون
له ده‌ست حوکمی ئه‌م مافیایانه تێکدانی
په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نوێنه‌رانی
مافیاکانی عیراقه. بێ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
له سایه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌ناو فیدراڵی عیراقدا
تا هه‌تایه هه‌ر پارتی‌و یه‌کێتی‌و حزبی
کۆنه‌په‌رستی چه‌شنی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتدار
ده‌بن. شه‌ڕی ڕاسته‌قینه‌و سه‌رووماڵی ئه‌مڕۆی
خه‌ڵکی کوردستان هه‌ر ئه‌مه‌یه. خه‌ڵک له
ڕه‌وتی خه‌باتی ڕۆژانه‌و بێ پسانه‌وه‌یان له
به‌رامبه‌ر تاڵان‌و بڕۆی ده‌سه‌ڵاتی حاکمی
کوردستان‌و له پێناوی خواست‌و مافه
سه‌ره‌تاییه‌کانیان، ده‌بێت ڕیزی خۆیان بۆ
به‌سه‌رنجامگه‌یاندنی ئه‌م ئاڵ‌وگۆڕه‌و
پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی غه‌یره قه‌ومی‌و
سکولار یه‌کگرتوو ڕیکخراو بکه‌ن.
ئه‌م شه‌ڕه لابه‌لا‌و ئیختیلافه مافیاییانه
شه‌ڕی خه‌ڵک نین. نابێت ڕێگا بدرێت پارتی‌و
یه‌کێتی‌و موشاوری خانه‌نشینی وه‌ک نه‌وشیروان
خه‌ڵک چه‌واشه بکه‌ن‌و له‌م شه‌ڕه بێ
ئه‌نجام‌و به‌رهه‌مه‌یانه‌وه بۆ خۆیان،
بئاڵێنن. هیچ خواستێکی خه‌ڵک له‌سه‌ر ئه‌نجامی
ئه‌م شه‌ڕه نه‌وه‌ستاوه‌و ناوه‌ستێت. وا
زستانه‌و خه‌ڵک سووته‌مه‌نیان پێویسته، که‌س
نابێت ئه‌وه له یه‌کێتی‌و پارتی قبووڵ بکات
که هۆکاری نه‌بوونی سووته‌مه‌نی‌و کاره‌با‌و
ئاوی پاک‌و باقی خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌کیه‌کان
ئه‌وه‌یه که ڕێگا به حکومه‌تی هه‌ریم
نه‌دراوه ده‌ست به‌سه‌ر سامانی سروشتی
کوردستان‌دا بگرێت. ئه‌م خواست‌و داواکاریانه
ده‌بێ جیبه‌جێ بکرێن‌و بودجه‌یه‌ک که
له‌به‌رده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدایه ده‌توانێت
خه‌رجی به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌م خزمه‌تگوزاریانه
به زیاده‌وه فه‌راهه‌م بکات.
تا ده‌وڵه‌ت له کوردستان‌دا پیک نه‌یه‌ت. تا
ده‌سه‌ڵاتێکی قانوونی پێک نه‌یه‌ت که
نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک بکات، هه‌ر
وه‌به‌رهێنانێک له بواری نه‌وتدا هه‌ر که‌س
بیکات، دزیه‌که‌و له سامانی خه‌ڵک ده‌کرێت.
یه‌کێتی‌و پارتی هه‌قی ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی
سامانی سروشتی کوردستانیان نییه.
07-11-29 |