|
سازدانی نوری به‌شیر
نورى به‌شیر: به‌دواى کۆبۆونه‌وه‌و
دیداره‌کانی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا
مه‌سه‌له‌ى هه‌ره‌شه‌و هێرشى تورکیا چۆته
قوناغیکى تره‌وه، که‌شێوه‌یه‌ک
له ئارامبوونه‌وه‌و
چه‌واشه‌کارى ده‌خاته به‌رده‌م خه‌ڵکى
کوردستان. وه‌ک له‌به‌یانى کۆمیته‌ى
ئاماده‌کارو نوسراوه‌کانى تر‌ى هاورێیان
و حزبى عیراقدا راگه‌یه‌نراوه ئه‌م
هه‌ڕه‌شه‌یه شتیکى جدیه‌و ئه‌بیت به‌جدى
وه‌ربگیریت و خه‌ته‌رى بۆ سه‌ر خه‌لکى
کوردستان و ناوچه‌که هه‌یه. ئایا ئیوه
پیتان وایه که ئه‌و کۆبونه‌وانه شتیکى
له‌سیاسه‌تى هه‌ره‌شه‌و هیرشى ده‌وله‌تى
تورکیا گۆریبیت، ئه‌وه‌ى گۆرانى به‌سه‌ردا
هاتووه چى‌یه؟
شه‌ماڵ علی:
سه‌ره‌ڕای کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌و سه‌ردانی
ئه‌ردۆغان بۆ واشنتۆن‌و ئه‌و کاره
دیبلۆماسیانه‌ی ئه‌م ماوه‌یه له ناوچه‌که‌دا
ڕوویداوه‌و هێوربوونه‌وه‌یه‌کی نیسبی که
هه‌ستی پێده‌کرێت، من پێم وایه ته‌واو
نادروسته ئه‌گه‌ر پێمان وابێت که ئه‌وانه
نیشانه‌ی که‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیان
بۆ سه‌ر کوردستانی عیراق. ئێمه هه‌ر له
سه‌ره‌تاوه ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌مان به جیددی
بینیوه‌و تا ئێستاش هه‌روای ده‌بینین.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی هه‌وڵیان
ده‌دا مه‌ترسیه‌کان به ناواقیعی نیشانبده‌ن
ئێمه له به‌یاننامه‌ی کۆمیته‌ی ئاماده‌کاردا
ووتومانه که نه‌ک ته‌نها ئه‌م هه‌ڕه‌شانه
جیددین، به‌ڵکو نیشانه‌ی ده‌وره‌یه‌کی نوێ له
هێرش‌و فشارن بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌ت‌و ژیانی
خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌وه‌ی که جه‌لال
تاڵه‌بانی ووتی هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا هاش‌وهوشه
له ڕاستیدا نیشانه‌ی زیره‌کی‌و دنیادیده‌یی
نه‌بووه‌و نییه. کوردستان له هه‌ل‌ومه‌رجی
داهاتوودا، نه‌ک ته‌نها تورکیا به‌ڵکو له
لایه‌ن ده‌وڵه‌ت‌و هێزه کۆنه‌په‌رسته‌کانی
تری ناوچه‌که‌شه‌وه ده‌بێته ئامانجی
هه‌ڕه‌شه‌ی جۆربه‌جۆر.
به‌ڵام پێویسته لێره‌دا ئه‌وه بڵێین که
لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی ئێمه بۆ ئه‌م بارودۆخه
له‌گه‌ڵ ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان‌و
لایه‌نه‌کانی تری وه‌ک په‌که‌که بۆ تیژبینی‌و
کورت بینی که‌س ناگه‌ڕیته‌وه. مه‌سه‌له‌که
ئه‌وه‌یه که هه‌ر که‌س له ڕوانگه‌ی
به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی دیاریکراوه‌وه پیناسه‌ی
هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا‌و مه‌ترسیه‌کانی ئاینده
ده‌کات. ئه‌حزابی ناسیۆنالیستی کورد جۆرێک
هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا ده‌بینن، که ئه‌و جۆره
نییه ئێمه ده‌یبینین‌و ئه‌و
به‌رژه‌وه‌ندیه‌ش ئێمه لێیه‌وه سه‌یری
مه‌ترسیه‌کانی داهاتوو ده‌که‌ین، هه‌مان
به‌رژه‌وه‌ندی نییه که ئه‌وان لێیه‌وه
ئاڵ‌وگۆڕه‌کان ده‌بینن.
بۆ یه‌کێتی‌و پارتی، ئه‌وه‌ی که به
به‌رژه‌وه‌ندی باڵای خه‌ڵکی کوردستان پێناسه
ده‌کرێت، ئه‌منیه‌ت‌و ژیان‌و مافه‌کان‌و
ئازادیه‌کانی خه‌ڵک نییه. ماوه‌ی 16ساڵی
ڕابردوو له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م حزبانه ئه‌وه‌ی
نیشانداوه که ئه‌م حزبانه زۆر که‌متر له
ده‌وڵه‌ته کۆنه‌په‌رسته‌کانی ناوچه‌که به
به‌رژه‌وه‌ندی‌و ئازادی‌و مافه‌کانی خه‌ڵک
نامۆ نین. ئه‌م حزبانه ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسن‌و
به هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌زانن په‌لاماره بۆ سه‌ر
ده‌سه‌ڵاتی خۆیان‌و به هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌ک
له‌وه دڵنیا بن که له ئه‌نجامی له‌شکرکێشی
تورکیا یان هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی تردا
ده‌سه‌ڵاتیان له بناغه‌وه ناکه‌ویته
مه‌ترسیه‌وه، ئاماده‌ن گوێی لێ بخه‌وێنن‌و
نادیده‌ی بگرن. مه‌سه‌له‌ی گرنگ‌و حه‌یاتی‌و
ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وان پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی
حزبی‌و میلیشیایی‌و بێحیساب‌و کیتابی
خۆیانه‌و هه‌ر به‌ڵایه‌ک ڕوو له کوردستان
ده‌کات هه‌ر ئه‌وه‌نده بۆ ئه‌وان مایه‌ی
هه‌ڕه‌شه‌یه که ڕووی له خۆیان بێت.
ئه‌مانه ماوه‌ی 16 ساڵه به سه‌خترین‌و
ناله‌بارترین هه‌ل‌ومه‌رجی ژیان‌و گوزه‌ران‌و
به‌شمه‌ینه‌تی‌و بێمافی به‌شی هه‌ره‌زۆری
خه‌ڵکی کوردستان ده‌ڵێن "ئه‌زموونی
سه‌رکه‌وتوو"و شانازیش به هێنانه‌دی ئه‌م
ئه‌وزاعه‌وه ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه مه‌رج نییه
ئه‌وه‌ی ئێمه‌و جه‌ماوه‌ری کوردستان به
هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌زانین یه‌کیتی‌و پارتیش هه‌روای
حیساب بکه‌ن. به بڕوای من به شیوه‌یه‌کی
گشتیش حیسابی خه‌ڵک له هه‌موو جووڵانه‌وه‌ی
کوردایه‌تی‌و ناسیۆنالیزمی کورد جیایه.
ده‌کرێ له‌شکرکێشی تورکیا بۆنه‌یه‌کی تر بێت
بۆ توند بوونه‌وه‌ی زیاتری کێشه‌ی قه‌ومی‌و
ئه‌تنیکی له نه‌وچه‌که‌و به‌م مانایه‌ش
ده‌ستمایه‌یه‌کی تر بداته ده‌ست
ناسیۆنالیزمیکی ئه‌تنیکی مایه‌پووجی وه‌ک
ناسیۆنالیزمی کورد که له هیچ بارێکی سیاسی‌و
ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه هیچی بۆ خه‌ڵکی
کوردستان پێ نییه.
لایه‌نێکی تری ئه‌م ته‌وه‌هومه که وای
ده‌کرد له سه‌ره‌تاوه ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه به
جیددی نه‌گیرێت‌و ئێستا ئیتر پاش ئه‌و
سه‌ردان‌و دیدارانه‌ی ئێوه باستان کردن زۆر
کاڵتریش ببینرێت، ئه‌وه‌یه که گوایه
پاڵنه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ سیاسه‌ت‌و
نه‌خشه‌ی دوژمنکارانه‌ی نوێی به‌رامبه‌ر
کوردستان، تێکدانی "ئه‌زموونی" کوردستان‌و یان
به‌رته‌سکتر‌و مه‌حدود تر له‌وه‌ش بۆ
ڕووبه‌ڕوو وه‌ستانه‌وه‌ی په‌که‌که‌یه.
ئه‌وانه‌ی هۆکاره‌کانی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه به‌م
جۆره سه‌تحییه لێکده‌ده‌نه‌وه حه‌قیانه
که ئه‌بعاده فراوانه‌کانی بار‌وئه‌نجامی
هه‌ڕه‌شه‌و ته‌ده‌خولی سه‌ربازی‌و سیاسی
تورکیا له کوردستان‌و عیراق نه‌بینن.
ئه‌وه‌ی له پشت سیاسه‌تی تازه‌ی ده‌وڵه‌تی
تورکیاوه وه‌ستاوه له بناغه‌یی ترین ئاستدا
په‌یوه‌ندی به ئاڵ‌وگۆڕه جیهانی‌و
ئیقلیمیه‌کانه‌وه هه‌یه. ئه‌و ئاڵ‌وگۆڕانه‌ی
که به شکستی ئه‌مریکا له عیراق خه‌ریکه
ڕه‌وه‌نده‌کانیان خێراتر ده‌بێت. شکستێکی
سیاسی‌و سه‌ربازی که ئه‌مریکا (به شایه‌تی
به‌شی هه‌ره زۆری چاودێره‌کان له خودی
ئه‌مریکاش) خه‌ریکه له عیراق به‌سه‌ری دێت،
ده‌روازه به ڕووی ئاڵ‌وگۆڕی زۆر خێرا له
ئاستی دنیا‌و ناوچه‌که ده‌کاته‌وه. به‌شێکی
ئه‌م ئاڵ‌وگۆڕانه که گرنگترینیانه
په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌م شکسته‌وه نییه .
دنیای یه‌ک قوتبی که له سه‌ره‌تای
نه‌وه‌ته‌کانه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێت‌و
له ژێرناوی نه‌زمی نوێی دنیا ئه‌مریکا
ده‌یویست لانی که‌م تا 30-40 ساڵ خۆی وه‌ک
هێزی بێ ڕه‌قیبی دنیا جێ بخات دوور یان نزیک
هه‌ره‌سی ده‌هێنا‌و ده‌رکه‌وتنی هێزی جیهانی
تر له پاڵ ئه‌مریکاداو دابه‌شکردنه‌وه‌ی دنیا
له نێوان ئه‌و هێزانه جێگای ده‌گرته‌وه.
به‌ڵام سیاسه‌ته ملهوڕانه‌کانی بۆش‌و
سه‌رکێشیه سه‌ربازیه‌که‌ی له عیراقدا ئه‌م
ڕۆژه‌ی نزیکتر خسته‌وه‌و هه‌موو ئاماژه‌کان
بۆ ئه‌وه ده‌چن که ئێمه به‌ره‌و ئه‌و ڕۆژه
هه‌نگاو ده‌نێین.
ئه‌مریکا وه‌ک زۆرێک له لێکده‌ره‌وه
سیاسیه‌کان بۆی ده‌چن، له ژێر باری شکستێکی
گه‌وره که له عیراقدا به ده‌ستی ئێران‌و
ئیسلامی سیاسی خواردوویه‌تی سه‌ره‌نجام له
ساڵێک تا دوو ساڵی تردا ناچار ده‌بێت
ناوچه‌که به جێ بهێڵیت، ئه‌گه‌رێکی زۆر
گه‌وره هه‌یه که ئه‌م کاره بکه‌وێته دوای
په‌لامارێکی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران، که
ئه‌گه‌رچی جمهوری ئیسلامی ئێران
ناگۆڕێت(به‌ڵکو ته‌نانه‌ت ته‌مه‌نیشی درێژ
ده‌کاته‌وه) به‌ڵام ئه‌م ده‌وڵه‌ته بێ هێز
ده‌کات‌و فرسه‌ت به ئه‌مریکا ده‌دات که له
ڕیگای دۆسته‌کانیه‌وه (که له دووباره
به‌هێزبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی جمهوری ئیسلامی
ئیران نیگه‌ران ده‌بن‌و هه‌موو هاوکاریه‌ک
له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ده‌که‌ن بۆ به‌رگرتن به‌مه)
کۆنترۆڵی ناوچه‌که‌ی له ده‌ستدا بمێنیت.
ئه‌مریکا چ جه‌نگ له‌به‌رامبه‌ر ئێران‌دا بکات
یان نه‌کات، ئه‌گه‌رێکی زۆر گه‌وره هه‌یه
که له ماوه‌ی ساڵ بۆ دوو ساڵی ئاینده‌دا
سوپاکه‌ی له عیراق پاشه‌کشه پی بکات. بۆ
ئه‌مریکا ده‌وڵه‌تێک که کاندیده جێگای
بگرێته‌وه‌و ببێته واریسی له ناوچه‌که‌دا
تورکیایه. ڕووداوه‌کانی چه‌ند هه‌فته‌ی
ڕابردوو: هه‌ڕه‌شه‌ی له‌شکرکێشی بۆ سه‌ر
کوردستان، کۆنفرانسی ده‌وڵه‌ته‌کانی دراوسێی
عیراق‌و داسه‌پاندنی ئه‌جێندای تورکیا به‌سه‌ر
ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، دیداری بۆش‌و
ئه‌ردۆغان‌و ڕاگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی که
په‌که‌که دوژمنی ئه‌مریکا‌و تورکیایه،
میوانداری په‌رله‌مانی تورکیا بۆ هه‌ردوو
سه‌رۆکی فه‌له‌ستنی‌و ئیسرائیلی‌و ڕاگه‌یاندنی
ئه‌وه‌ی که تورکیا ده‌یه‌وێت ناوچه‌یه‌کی
پیشه‌سازی له که‌ناری ڕۆژئاوای فه‌له‌ستینی
بکاته‌وه، ئیعتیرافکردنی جه‌نه‌ڕاڵه
خانه‌نشینه‌کانی تورکیا له‌وانه که‌نعان
ئیفیرینی سه‌رکرده‌ی کوده‌تای 1980و سه‌رۆک
کۆماری دوای ئه‌و کوده‌تایه که له
ڕابردوودا (هه‌شتاکان) سه‌باره‌ت به کێشه‌ی
کورد هه‌ڵه‌یان کردووه، ته‌سریحه‌کانی دینیز
بایکال (که نزیکایه‌تیه‌کی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ
ناوه‌نده سه‌ربازیه‌کانی تورکیا هه‌یه)
به‌وه‌ی که پێویسته په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ
"کورده‌کانی" عیراق باش بکه‌ن...هه‌موو ئه‌م
هه‌واڵ‌و ڕووداوانه پێویسته له سیاقی ئه‌و
ده‌وره نوێیه بخوێنرێته‌وه که تورکیا بۆ
خۆی‌و ئه‌مریکا بۆ ئه‌وی له ناوچه‌که‌دا
داناوه. ئه‌مریکا تورکیا وه‌ک هێزێکی
هاوپه‌یمانی خۆی له ناوچه‌که بۆ
به‌رامبه‌رکێ له‌گه‌ڵ ئێران‌و بۆ دروستکردنی
هاوسه‌نگیه‌ک به قازانجی خۆی‌و
درێژکردنه‌وه‌ی کۆنترۆڵی خۆی به‌سه‌ر نه‌وتی
خه‌لیج‌و عیراق‌و کوردستاندا به‌کارده‌هێنێت.
هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا له‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان‌و
عیراق، زۆرتر له‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی
سه‌ربازی بێت‌و نا‌ئه‌منکردنێکی کاتیی
کوردستان بێت، هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ستراتیجی
گه‌وره‌و خۆسه‌پاندنیه‌تی وه‌ک پۆلیسێکی
ناوچه‌یی‌و نوێنه‌ری ئه‌مریکا که دیاره چ
له مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه لۆکاڵیه‌کانی
وه‌ک ناسیۆنالیزمی کورد‌و چ له به‌رانبه‌رکیی
له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، به تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی
ئه‌مریکا ناوچه‌که جێ ده‌هیڵێت، هه‌روا له
ژیر کاریگه‌ری ئاڵ‌وگۆڕه جیهانیه‌کان‌و
هه‌وڵی هێزی جیهانی تر بۆ مونافه‌سه‌کردنی
ئه‌مریکا له‌م ناوچه‌یه، ئه‌گه‌ری چه‌ندین
پێکدادان‌و جه‌نگی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
خۆسه‌پاندنی تورکیا به‌م جۆره ته‌مه‌نی
موعاناتی 16 ساڵی ڕابردووی کوردستان
درێژده‌کاته‌وه. کوردستان هه‌روا له ده‌ست
میلیشیا‌و ئه‌حزابدا، له سایه‌ی نه‌بوونی
یاسا‌و ڕاووڕووتی ده‌سته‌و تاقمه
ناسیۆنالیستیه‌کاندا، ده‌هێڵێته‌وه. باڵا
ده‌ستی تورکیا‌و بوونی کوردستان به یه‌کێک
له مه‌یدانه‌کانی به‌رامبه‌رکێی تورکیا‌و
ئێران فرسه‌ت به ئیسلامی سیاسی ده‌دات که
هیزی زۆرتر له ده‌وری خۆی کۆبکاته‌وه‌و جێ
پێی خۆی له کایه‌ی سیاسی کوردستاندا قایمتر
بکات (ئه‌مه هه‌ر له ئێستاوه له
ته‌رکیبه‌ی وه‌فدی ئه‌حزابه‌کانی کوردستان بۆ
تورکیادا ده‌رده‌که‌وێت). ئه‌وه‌ی هامزای ئه‌م
خۆسه‌پاندنه‌ی تورکیایه، قووڵبوونه‌وه‌ی ڕق‌و
کینه‌ی قه‌ومی له ناوچه‌که‌و ئه‌گه‌ری
به‌رده‌وامی ته‌قینه‌وه‌ی ملمانێی قه‌ومی‌و
ئه‌تنیکیه. هه‌موو ئه‌وانه رۆژگاری ڕه‌ش‌و
تاریکی ئه‌م ناوچه‌یه درێژتر ده‌که‌نه‌وه‌و
له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌ی که قوربانی یه‌که‌م
ده‌بێت‌و ته‌مه‌نی کۆیله‌بوون‌و بێمافی درێژتر
ده‌بێته‌وه خه‌ڵکی کریکار‌و زه‌حمه‌تکێشی
ناوچه‌که به گشتی‌و خه‌ڵکی کوردستانه به
تایبه‌تی.
به بڕوای من ئه‌وه‌ی گۆڕاوه هیچ نییه جگه
له فراوانبوونه‌وه‌ی مه‌ودای هه‌ڕه‌شه‌و
خۆسه‌پاندنی تورکیا نه‌بێت. دیاره وه‌ک ووتم
ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان تا جێگایه‌ک
که ئه‌مه ڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان
هه‌ڵنه‌وشینێته‌وه ئاماده ده‌بن له‌گه‌ڵی
هه‌ڵکه‌ن. ئه‌وان ئاماده‌ن که له خواسته
ڕاگه‌یانراوه‌کانی خۆشیان له‌وانه
جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140ببورن. ته‌نانه‌ت
به دووریشی نابینم که له په‌لامار بۆسه‌ر
په‌که‌که هاوکاری ده‌وڵه‌تی تورکیا بکه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ته‌ئکیداتی چه‌ند باره‌یان که
(شه‌ڕی کورد‌و کورد) ناکه‌ن ئه‌وان کێشه‌یه‌کی
پرنسیپی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ کارێکی له‌م
بابه‌ته نییه. له مێژووی خۆیاندا
نه‌یانبووه‌و چه‌ند جار ئه‌م کاره‌یان
کردووه.
ئێمه هه‌ر له به‌یاننامه‌ی کۆمیته‌ی
ئاماده‌کاردا ئه‌مه‌مان ووتووه‌و ماهیه‌تی
سازشکارانه‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌رانه‌ی
ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدارمان ئاشکرا کردووه.
ئێمه ئێستاش پێمان وایه که ئه‌و سیاسه‌ته
فاشیله‌و هه‌رچه‌ندیش بتوانێت ته‌مه‌ن بۆ
ئه‌حزابی حاکمی کوردستان بکڕێت، به‌ڵام
مه‌ترسیه‌کانی هه‌ڕشه‌و خۆسه‌پاندنی تورکیا
که‌م ناکاته‌وه بگره زیاتری ده‌کات. خه‌ڵکی
کوردستان ئه‌مڕۆ زیاتر له‌وه‌ی که پێش
هیوربوونه‌وه‌ی نیسبی بارودۆخه‌که وابوو
له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دان. له ڕاستیدا ئێستا
ڕۆشنتر له سه‌ره‌تای ئه‌م بارودۆخه نوێیه،
ماهیه‌تی گه‌وره‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌و
ستراتیجی دوژمناکارانه‌ی تورکیا به‌رامبه‌ر
خه‌ڵکی کوردستان ده‌رده‌که‌وێت.
نورى به‌شیر:
ده‌ڵێی(ئه‌وه‌ی له پشت سیاسه‌تی تازه‌ی
ده‌وڵه‌تی تورکیاوه وه‌ستاوه له بناغه‌یی
ترین ئاستدا په‌یوه‌ندی به ئاڵ‌وگۆڕه
جیهانی‌و ئیقلیمیه‌کانه‌وه هه‌یه) ئایا
مه‌به‌ستان ئه‌وه‌یه له‌پشت سیاسه‌تى
تورکیاوه کوردستان نه‌وه‌ستاوه، یان
کوردستان هه‌ده‌ف نیه، یان رونتر بڵیم
کوردستان
جیگاى ئه‌همیه‌ت نیه بۆ تورکیا له‌معاده‌لاتى
ناوچه‌که‌دا، به‌تایبه‌ت بۆیان رونه
له‌سبه‌ینێى جیکه‌وتنى ده‌وله‌تێکى قه‌ومى
عه‌ره‌بى
ئیسلامی‌دا له‌عیراق، کیشه‌ى خه‌لکى کوردستان
ده‌بیته مه‌سه‌له‌یه‌کى ناوخۆیى و جاریکى تر
خه‌لکى کوردستان ده‌بیت، ده‌ره‌جه‌دویى و
سه‌رگه‌ردانى دوباره بکاته‌وه به‌شیوه‌یه‌کى
تر؟
شه‌ماڵ علی:
من مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو که پاڵنه‌ری
ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی
موداخه‌له‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی
له‌شکرکێشی بۆ سه‌ر کوردستان مه‌به‌ستی
گه‌وره‌تر‌و ستراتیجیک ترن. تورکیا ده‌یه‌وێت
ببێته پۆلیسی ناوچه‌که‌و به هاوپه‌یمانی
ئه‌مریکا وه‌ک زلهێزیکی ناوچه‌یی نه‌خشه‌و
سیاسه‌ته‌کانی خۆی داده‌ڕێژێت. من مه‌به‌ستمه
خۆم له‌و لێکدانه‌وه مه‌حدوده جیا
بکه‌مه‌وه که پێی وایه ته‌واوی ئه‌م
نه‌خشه‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا
هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه که گوایه نیگه‌رانه
له "ئه‌زموونی" کوردستان. ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت
ئه‌حزابی کوردستانیش به شێوازێک له‌گه‌ڵ
تورکیادا ڕێکبکه‌ون‌و ملکه‌چی داوا‌و
خواسته‌کانی بن بۆ لێدانی په‌که‌که‌و
ته‌ئجیلکردنی مادده‌ی 140و ئیمتیازدان به
لایه‌نی وه‌ک جه‌بهه‌ی تورکمانی‌و...هتد.
ئه‌مانه خه‌ته‌ری تورکیا که‌م ناکه‌نه‌وه‌و
هه‌ڕه‌شه‌کانی کۆتایی پێ ناهێنن. ملکه‌چ بوون
له به‌رامبه‌ر تورکیادا شه‌هیه‌ی زاڵبوونی
ئه‌م ده‌وڵه‌ته کۆنه‌په‌رسته تێر ناکات
بگره برسی تری ده‌کات. چه‌نده ئه‌حزابی
کوردی پاشه‌کشه بکه‌ن، تورکیا هێنده زیاتر
داوا ده‌کات‌و سه‌ره‌نجام خواستی هه‌ر
ده‌وڵه‌ت‌و هه‌ڵپه‌ی بۆ فراوانکردنه‌وه‌ی
قه‌ڵه‌مڕه‌وو ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نها به
فاکته‌ری په‌رچه‌کرداری هێزی تر سنووردار
ده‌کرێت.
مه‌سه‌له‌یه‌کی تر ئه‌وه‌یه که رووبه‌ڕوو
بوونه‌وه‌که سه‌رێکی تورکیا نییه‌و ئه‌م
سه‌ری کوردستان بێت. تورکیا ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر
ناوچه‌که‌دا زاڵ بێت‌و خه‌ریکه زه‌وی
ناوچه‌که بۆ به‌رانبه‌رکێیه‌کی درێژماوه له
نێوان ئێران‌و تورکیا ته‌خت ده‌کرێت. کوردستان
مه‌یدانێکی ئه‌م به‌رانبه‌رکێیه‌یه.
ناسیۆنالیزمی کورد گه‌ره‌کیه‌تی ئه‌م
هه‌ڕه‌شانه‌ی تورکیا به دوژمنایه‌تی "تورک"
بۆ مافه‌کانی "کورد" له قه‌ڵه‌مبدات. له
ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداری
کوردستان لێی نیگه‌رانن ئه‌وه‌یه که نه‌بادا
تورکیا ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان
هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه، ئه‌مه هه‌موو
سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی ئه‌م حزبانه‌یه.
ئێمه ده‌بێت ئه‌وه ڕوونبکه‌ینه‌وه که
مه‌سه‌له‌که بریتییه
له هه‌ڵپه‌ی ده‌وڵه‌تێکی سه‌رمایه‌داری
کۆنه‌په‌رست بۆ بوون به پۆلیس له
ناوچه‌که‌دا، که دیاره له‌گه‌ڵ خۆیدا
ته‌قینه‌وه‌ی ناکۆکی‌و به‌رامبه‌رکێی گه‌وره‌ی
قه‌ومی‌و ئه‌تنیکی ده‌هێنێت. زۆر گرنگه
خه‌ڵکی کوردستان، هه‌موو دانیشتوانی کوردستان
ئه‌و ڕاستیه بزانن که تورکیا بۆ
به‌رژه‌وه‌ندی‌و قازانجی کۆنه‌په‌رستانه‌ی خۆی
ده‌یه‌وێت له ناوچه‌که‌دا باڵا ده‌ست بێت.
مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ندی به "کورده‌وه"
نییه. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی تورکیا ئه‌گه‌ر
سه‌رکه‌وتوو بێت ئه‌و ده‌م هه‌موو خه‌ڵکی
کوردستان، بگره هه‌موو خه‌ڵکی عیراق به
تورکزمان‌و عه‌ره‌بزمان‌و کوردزمانیشه‌وه
زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن‌و ئیراده‌یان ژێرپێ
ده‌نرێت.
دیاره ئه‌و ئیستینتاجه دروست نییه که
کوردستان بۆ تورکیا بایه‌خی نییه، من
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که لیکدانه‌وه‌ی
هۆکاره‌کانی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی تورکیا‌و بینینی
واقعیه‌ته‌کان ده‌بێت به‌ره‌و ئه‌وه‌مان
به‌رێت که فراوانتر‌و هه‌مه‌لایه‌نه تر بۆ
ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه بڕوانین که تورکیا پێکی
ده‌هێنێت. هه‌روا ئه‌وه‌ی که ڕیگاگرتن له‌م
هه‌ڕه‌شه‌یه‌و خۆ دوورگرتن له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ
تورکیا به چاره‌سه‌رکردنی "کێشه‌ی په‌که‌که"
یاخود ته‌نانه‌ت به ملکه‌چکردن بۆ تورکیا‌و
ئه‌وه‌ی که ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان
له‌گه‌ڵ تورکیا به "ئیتیفاقێک" بگه‌ن ئیمکانی
نییه.
من پێم وا نییه که تورکیا چاوه‌ڕوانی
ئه‌وه‌ی هه‌بێت که ده‌وڵه‌تێکی عروبی ئیسلامی
له عیراقدا جێبکه‌وێت‌و کێشه‌ی کوردستان
ببێته‌وه به مه‌سه‌له‌یه‌کی داخلی، ئه‌مه
دووباره ده‌کرێت لێکدانه‌وه‌یه‌ک بێت که
ده‌وافعی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی تورکیا به
مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی "حکومه‌تی هه‌رێم"و
فیدرالی بزانێت، تا ئه‌گه‌ر عیراق دووباره
وه‌ک سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس ده‌وڵه‌تێکی
مه‌رکه‌زی به‌هیزی تیا دروست بوو ئیتر تورکیا
کێشه‌ی نامێنێت. من وای ده‌بینم که هه‌م
پیکهاتنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێکی له‌و چه‌شنه له
عیراقدا ئیمکانیه‌تێکی زۆر لاوازی هه‌یه‌و
هه‌م ئه‌مه نابێته ئامانجێک تورکیا
له‌شکرکێشی بۆ بکات. هه‌ل‌ومه‌رجی ناوچه‌که
تورکیای خستۆته سه‌ر خه‌یاڵی گێرانه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی
عوسمانی، بۆشاییه‌کی ده‌سه‌ڵات که له
ناوچه‌که‌دا دروست بووه، شه‌هیه‌تی ده‌وڵه‌تی
تورکیای کردۆته‌وه. |