|
له
رۆژانی 25-28 ی ته‌مموزی رابردوو له شاری شیکاگۆی
ئه‌مریکا گه‌وره‌ترین کۆنگره له‌دوای جه‌نگی جیهانی
دوهه‌مه‌وه به‌سترا، ئه‌م کۆنگره‌یه له‌لایه‌ن رێکخراوی
AFL - CIO
" رێکخراوی سه‌رتاسه‌ری یه‌کێتی یه کرێکارییه‌کانی
ئه‌مریکا"
بانگێشتی
بۆ کرابوو.
چه‌ندین رێکخراوی کرێکاریی له عێراقه‌وه بانگێشتی ئه‌م
کۆنگره‌یه کرابوون، له‌وانه رێکخراوێک له
کوردستانه‌وه. له کاتێکدا یه‌کێتییه کرێکارییه‌کانی
عێراق ته‌نها وه‌ک میوان بانگ کرابوون، وه‌فدی شورا‌و
سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان به دوو نامه‌ی ره‌سمی بانگهێشت
کرابوو بۆ به‌شداریکردن له
چه‌ندین چاوپێکه‌وتنی گشتی و باسکردن له‌سه‌ر بارودۆخی
عێراق.
وه‌فده‌که پێک هاتبوو له "فلا‌ح علوان"، سه‌رۆکی
یه‌کێتیه‌که‌و " هۆزان محمود" رێکخه‌ری جیهانی
نوێنه‌رایه‌تی رێکخراوه‌که له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
رۆژی 26/7 سیمینارێک له‌لایه‌ن "لیندا شافێز" جێگری
سه‌رۆکی AFL - CIO
ه‌وه رێکخرا و تێیدا سه‌باره‌ت به بارودۆخی ژنان له
جیهاندا قسه‌وباسێکی پێشکه‌ش کرد، پاشان هۆزان محمود
سه‌باره‌ت به بارودۆخی ژنان له عێراق و خۆرهه‌ڵاتی
ناوه‌ڕاست باسێکی پێشکه‌ش کرد، هۆزان له باسه‌که‌یدا
چووه سه‌ر ئه‌و پاشه‌کشانه‌ی که‌به‌سه‌ر بارودۆخی ژنان
له عێراقدا پێک هاتووه که ئه‌مه‌ش له‌لایه‌که‌وه له
ئه‌نجامی ئابڵۆقه‌ی ئابووری و هه‌وڵه‌کانی رژێمی به‌عس
بوو بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی سوننه‌ته خێڵه‌کی و
عه‌شایرییه‌کان، وله‌لایه‌کی تریش داگیرکاری وئه‌و
بارودۆخه‌ی که رێ خۆشکه‌ر بوو بۆ جۆره‌ها هێزی ئیسلامی
سیاسی و تاقمی چه‌کداریی که یاسا و سوننه‌تی خۆیان
به‌سه‌ر ژناندا بسه‌پێنن و ئازادی و مافه‌کانیان لێ زه‌وت
بکه‌ن!
قسه‌کانی هۆزان سه‌رنجی ته‌واوی ئاماده‌بووانی بۆ لای خۆی
راکیشاو له‌چه‌ندین که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی و
رۆژنامه‌وانییه‌وه چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ ساز کرا، ئه‌مه‌و
زۆرێک له ئاماده‌بووان رۆڵی یه‌کێتیه‌که‌مانی سه‌باره‌ت
به مه‌سه‌له‌کانی ژنان و داواکردنی بۆ یه‌کسانی ته‌واو
له نێوان ژن و پیاودا نرخاند.
هه‌مان ئێواره و له‌سه‌ر داوای رێکخراوی
USLAW
که نوێنه‌رایه‌تی کرێکارانی ئه‌مریکا ده‌کات له دژی شه‌ڕو
داگیرکاری، وه‌فدی یه‌کێتی شورا‌و سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان
بانگێشت کرا بۆ به‌ستنی سیمینارێک بۆ هه‌ڵسوڕاوانی
کرێکاریی دژ به شه‌ڕو داگیرکاری، به‌شێکی زۆر له
هه‌ڵسوڕاوانی کرێکاریی ئاماده‌ی سیمینا‌ره‌که بوون،
قسه‌وباس و پێشنیاری ئه‌ندامانی رێکخراو به جۆرێک
کاریگه‌ر بوو، که هۆڵه‌که‌ی له که‌شێکی گه‌رم و پڕ
شۆڕشه‌وقدا راگرتبو، قووڵی و رۆشنی باسه‌کانی هاوڕێیانمان
له‌گه‌ڵ چه‌پڵه‌و ستایشی ده‌ست خۆشی ئاماده‌بوواندا تێکه‌ڵ
بوبوو.
رۆژی 27/7 کۆنگره سیمینارێکی تایبه‌تی سه‌باره‌ت به
وه‌زعی عێراق وگرفته‌کانی کاری
نه‌قابی
و پێک
هێنانی
رێکخراوه کرێکارییه‌کان بۆ رێکخراوه عێراقییه‌کان به‌ست.
تێیدا فلا‌ح علوان سه‌باره‌ت به رێگرییه سه‌ره‌کییه‌کانی
به‌رده‌م بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی
له ژێر سایه‌ی داگیرکاری و ده‌ست تێوه‌ردان و سنووردانانی
داسه‌ڵاتداران بۆ ئازادییه نه‌قابییه‌که‌ن قسه‌وباسی کرد،
به‌شیکی تری قسه‌کانی تایبه‌ت بوو به رۆڵ و مانه‌وه‌ی
ئه‌و سونه‌ته فاشیستیانه‌ی که پێیان وایه یه‌کێتییه
کرێکارییه‌کان به‌شێکن له ده‌سه‌ڵات و ئامرازێکن بۆ ده‌ست
به‌سه‌راگرتنی کرێکاران و سه‌پاندنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی
خاوه‌ن کاره‌کان له‌دژی کرێکاران. له‌کۆتایشدا رێگاچاره‌و
پێشنیاری رێکخراوه‌که‌مانی بۆ هاتنه مه‌یدانی کرێکاران و
نه‌خشاندنی چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگه‌و دانی ئه‌لته‌رناتیڤی
ئینسانی له‌به‌رامبه‌ر بارودۆخی ئێستا خسته‌ڕوو.
هۆزان محمود ده‌رباره‌ی بارودۆخی ژنان له عێراق وکوشتنی
هه‌زاره‌ها ژن به‌تاوانی نامووسپه‌رستی و جیاوازی کردن له
کار‌و کرێدا له‌دژی ژنان قسه‌وباسی کرد، هۆزان له
قسه‌کانیدا جه‌ختی خسته سه‌ر داواکردنی یه‌کێتی شورا‌و
سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان له‌سه‌ر یه‌کسانی ته‌واو له
نێوان ژن و پیاودا. قسه‌کانی هۆزان محمود و فلا‌ح علوان به
چه‌پڵه‌ی گه‌رم و گورو پشتگیری ئاماده‌بووان وه‌ڵام
درایه‌وه.
یه‌کێ له‌و رووداوه گرنگانه‌ی که له مێژووی ئه‌م 50
ساڵه‌ی ئه‌مریکادا تاک بوو، ده‌رکردنی بڕیارێک بوو له
لایه‌ن کۆنگره‌وه که داوا له حکومه‌تی ئه‌مریکی ده‌کات
به کێشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له عێراق، که ئه‌مه له
مێژووی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی ئه‌مریکا که‌م وێنه بوو.
ته‌نانه‌ت ئه‌م کاره له جه‌نگی ڤێتنام و کۆریاشدا
نه‌کرابوو، ئه‌م بریاره وه‌ک سه‌رکه‌وتنێکی مێژوویی
بزووتنه‌وه‌ی دژی شه‌ڕو داگیرکاری له جیهاندا دانرا که
رێکخراوه‌که‌مان له پێشیه‌وه‌ی وه‌ستاوه.
پاشان رابه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی دژی شه‌ڕ به راشکاویه‌وه
ده‌ربه‌ره‌ی رۆڵی رێکخراوه‌که‌مان له کاریگه‌ریی کرد ن
له‌سه‌ر رای گشتی و بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی له ئه‌مریکا
قسه‌وباسیان کرد که پێشتر له سه‌ردانێکیدا بۆ هه‌ندێ
شاری ئه‌مریکاو به‌ڕێخستنی که‌مپینێکی فراوان بۆ ده‌رخستنی
هه‌ڵوێستی رێکخراوه‌که‌مان وه‌ک نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی
رادیکاڵی کرێکاریی و به‌رهه‌ڵستکاری داگیرکاری له عێراق
پێی هه‌ڵسابوو.
ئه‌و بڕیاره‌ی که له کۆنگره‌که‌وه ده‌رچوو وه‌ک
به‌رهه‌می بزووتنه‌وه‌ی دژی شه‌ڕو داگیرکاری له ئه‌مریکا
و جیهاندا چاوی لێ کرا که هه‌ڵسوڕانی رێکخراوه‌که‌مان
یه‌کێک بوو له پێکهێنه‌ره‌کانی. |