|
نازه‌نين ناسح پ1: چی له‌باره‌ی 8 ی مارسه‌وه ده‌زانیت، مانای ئه‌م ڕۆژه بۆ تۆ چىیه؟ نازه‌نین ناسح: له ساڵی 1857 کرێكارانی کارگه‌ی چنین له نیویۆرک له ئه‌مریکا ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان تا ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌رامبه‌ر به هه‌ل و مه‌رجی ترسناکی کار و سه‌عاتی زۆری کار و کرێى که‌م ده‌رببڕن. هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مانه له‌وێ ژنان ته‌نانه‌ت خاوه‌نی ده‌نگی خۆیان نه‌بوون، وه به‌م جۆره وه‌کو ئینسانی ئاسایی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌ده‌کرا بگره ئامێرێکی بێده‌نگ کراو بوون. کرێکارانی ژنی ناڕازی خۆپیشاندانیان کرد تاکو مافه لێزه‌وتکراوه‌کانیان بسه‌نن. به‌ڵام ئه‌م خۆپیشاندانه مه‌ده‌نىیانه‌یه که‌وته به‌رده‌م هێرشی وه‌حشىیانه‌ی پۆلیس و له ئاکامدا ژماره‌یه‌ک له کرێکاران کوژران و ژماره‌یه‌ک بریندارکران و ژماره‌یه‌کی زۆریش ڕاپێچی زیندان کران. کلارا زیتکین که هه‌ڵسوڕاوێکی سۆسیالیستی و ڕابه‌رێکی به‌رچاوی بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازانه‌ی ژنان بوو له ئه‌ڵمانیا، له 1910 دا له کۆنگره‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنال سۆسیالیست‌دا که له کۆپنهاگن به‌سترا، 8 ی مارسی وه‌ک ڕۆژی جیهانی ژنان پێشنیار کرد و له لایه‌ن ئاماده‌بووانی کۆنگره‌وه په‌سه‌ند کرا. هه‌ر ساڵی دوای ئه‌وه 1911 له زۆریک له ووڵاته‌کانی دنیا، له سویسرا، نه‌مسا، ئه‌ڵمانیا، دانمارک....هتد، وه‌ک یه‌که‌مین ڕۆژی جیهانی ژنان خۆپیشاندان ساز درا که ملیۆنه‌ها ژن و پیاوی یه‌کسانیخواز به‌شداریان تیا کرد. له‌وکاته‌وه 8 ی مارس بوو به ڕۆژێکی مێژوویی له بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازانه‌ی ژناندا. وه ئێستا له زۆرێک له ووڵاتانی دنیا ئه‌م ڕۆژه ڕه‌سمیه‌تی پێدراوه و یاد ئه‌کرێته‌وه به شێوازی جۆرا و جۆر. ئه‌م ڕۆژه بۆته ڕه‌مزێکی گه‌وره و عه‌زیمی ناڕه‌زایه‌تی ژنان له دژی چه‌وساندنه‌وه و بێمافی. ڕۆژی به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌فه‌کراوی ژنان. ڕۆژی ئومێد به گه‌یشتن به دنیای ئازاد و یه‌کسان. 8 ی مارس ڕه‌مزی ئازادکردنی ئینسانه. پ2: به‌شداری یه‌که‌م جارت له چالاکىیه‌کانی 8 ی مارس له کوردستان وه یاله ده‌ره‌وه‌ی ووڵات که‌ی بوو؟ چ بیره‌وه‌رىیه‌کتان هه‌یه که بۆ خوێنه‌ران سوودمه‌ند بێت؟ نازه‌نین ناسح: له ساڵی 1993 بووم به ئه‌ندامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و 1994 بووم به ئه‌ندامی ڕێکخراوی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تان (ڕ. س. ئا) و ساڵه‌کانی 96 و 97 و 98 به‌شداریم له چالاکی و هه‌ڵسووڕان بۆ 8 ی مارس کردوه. له ساڵی 1998 دا یه‌کێک بووم له دامه‌زرێنه‌رانی سه‌نته‌ری پارێزگاری ژنان له کوردستان (س. پ. ژ) و هاوکات بووم به به‌رپرسی ئه‌و پرۆژه‌یه. له‌ڕۆژی 8 ی مارسی ساڵی 1999 له شاری که‌لار وه‌کو به‌رپرسی س. پ. ژ و نوێنه‌ری ڕ. س. ئا له مه‌راسیمێکی شکۆدار به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق سخنرانیم کرد، که دیاره ئه‌مه یه‌که‌م جارم بوو، بۆیه ته‌جروبه‌یه‌کی باش و به نرخ و سه‌رکه‌وتوو بوو هه‌روه‌ها له 8 ی مارسی 2000 دا له شاری هه‌ولێریش قسه‌که‌ری ڕه‌سمی ڕێکخراو بووم له مه‌راسیمه‌که‌دا، وه له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی هاوبه‌شی ڕێکخراوه‌کانی ژناندا که ئێمه‌ش به‌شێک بووین لێى ڕێپێوانێکمان به‌ره‌و په‌رله‌مان سازدا که سه‌ره‌کیترین داواکاریمان گۆڕینی یاسای ئه‌حوال شه‌خسی بوو، وه دواتریش چووین به‌ره‌و نوسینگه‌ی UN. هه‌روه‌ها له زنجیره سێمیناری تایبه‌ت به 8 ی مارس به‌شداریم کردووه له شاره‌کانی پێنجوێن و سلێمانی له په‌یوه‌ند به تووند و تیژی له دژی ژنان و ناساندنی سه‌نته‌ری پارێزگاری ژنان به کۆمه‌ڵگای کوردستان. دیاره هه‌ڵسووڕان و چالاکىیه‌کانی 8 ی مارس، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی ساڵی 1999 ی شاری سلێمانی و 2000 ی شاری هه‌ولێر جێگایه‌کی زۆر تایبه‌تی له بیره‌وه‌رىیه سیاسىیه‌کان و هه‌ڵسووڕانمدا هه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی جووڵانه‌وه‌که‌ی ئێمه ئه‌وه‌نده گه‌وره و کاریگه‌ر بوو که سه‌رانی گه‌وره‌ی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی هێنایه قسه و ته‌نانه‌ت ئیسلامىیه‌کان که دوژمنی سه‌رسه‌ختی ژنان و مافه‌کانیانن، مه‌جبور بوون به‌رگی دیفاع له ژنان له‌به‌ربکه‌ن. ئه‌وه‌بوو له ژێر کاریگه‌ری کاره‌کانی ئێمه و به‌ده‌نگ هاتنی ته‌واوی کۆمه‌ڵگا، ده‌سه‌ڵاتداران ناچاربوون ده‌ست بۆ گۆڕینی یاسا ببه‌ن. ئه‌وه بوو یاسای (غسل العار) یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه، هه‌رچه‌نده به‌داخه‌وه دوای ئه‌وه‌ش هێشتا ژنانێک له ژێر ئه‌و ناوه‌دا کوژران. پ4 و 5: دوای ساڵانێک که له بزووتنه‌وه‌ی 8 ی مارسه‌کانی کوردستاندا به‌شداربویت، وه یا ئاشنایه‌تیت له‌گه‌ڵدا هه‌یه، هه‌ڵسه‌نگاندنت بۆ ئه‌و ڕۆژه چىیه و ته‌جروبه‌کانی چىیه و چ ده‌ستکه‌وتێکیان بۆ ژنان بووه؟ تایبه‌تمه‌ندىیه‌کانی 8 ی مارسه‌کان له کوردستان و ووڵاتانی ئه‌وروپا و که‌نه‌دا و ئوسترالیا چۆن ده‌بینن؟ به‌تایبه‌تی 8 ی مارسی ئه‌مساڵ بۆ ژنانی کوردستان چ له روانگه‌ی ئێوه‌وه ده‌بێ چ تایبه‌تمه‌ندىیه‌ک له خۆ بگرێ؟ نازه‌نین ناسح:بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی خاوه‌نی جێخستنی سوننه‌تی رێزگرتن له 8 ی مارسه له کوردستان و عێراق. به هۆی هه‌ڵسووڕان و چالاکی بێوێنه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ئه‌م ڕۆژه زیندو ڕاگیرا و سوننه‌تی یادکردنه‌وه و جه‌ژنگێڕان و ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و ئیعتراز کردن به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدارانی جێخست. به گێڕانی چه‌ندین سیمیناری جۆرا و جۆر له دژی تیرۆر و توند و تیژی و وه‌ستانه‌وه به دژی قانونی ئه‌حوال شه‌خسی عێراقی و شیکردنه‌وه و خستنه‌ڕووی ماهیه‌تی پووچی ئه‌م قانونه و ڕزگارکردنی گیانی ژنان له هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ به عه‌مه‌لی له ڕێگه‌ی س. پ. ژ ه‌وه، ئه‌مانه وای کرد که کۆمه‌ڵگای کوردستان به مه‌سه‌له‌ی ژنان حه‌ساس ببێته‌وه و نه‌توانرێ له په‌راوێزدا ڕابگیرێ و وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی جدی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگا خۆی بنوێنێت. ئه‌و کارانه‌ی ئێمه کردمان و کردنی 8 ی مارس به ته‌قلیدێکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه، بۆ خۆی ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌یه به‌ڵام من وه‌ک ژنێکی کۆمۆنیست و هه‌ڵسوڕاوێکی یه‌کسانیخواز ته‌جروبه‌ی ئه‌وه‌م وه‌رگرت که ئێستا ژنانی کوردستان له هه‌رکات زیاتر پێویستیان به خۆڕێکخراو کردن و تێکۆشان هه‌یه. کارێک که ئێمه کردمان ته‌نها ده‌ستپێکردنه‌که‌یه‌تی و هێشتا ڕێگه‌ی زۆرمان له‌به‌رده‌م ماوه. به تایبه‌ت ئێستا که ئیسلامی سیاسی دانه‌چیڕه‌یه‌تی له به‌رامبه‌ر ژنان و مافه‌کانیاندا و ئه‌یانه‌وێت بمانبه‌نه‌وه بۆ هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و حوکمی شه‌ریعه و عه‌شیره‌تی قوڕه‌یشمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن. هه‌ر به‌م پێیه تایبه‌تمه‌ندىیه‌کی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی 8 ی مارس بۆ ژنانی کوردستان ئه‌وه‌یه که به‌و هه‌را و زه‌نایه‌ی ئه‌حزابی ناسیۆنالیستی ناویانه‌ته‌وه فریو نه‌خۆن، هوشیارانه ئه‌وه ببینن که چ ئه‌مان و چ ئیسلامىیه‌کان به شوێن دووباره‌کردنه‌وه‌ی ته‌جروبه‌ی ئێران و سعودیه‌وه‌ن له عێراق و هه‌ر ئێستا خه‌ریکی داخستنی جه‌هه‌نه‌من بۆ ژنان. بۆیه به ڕای من ئێمه ژنانی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی له مه‌ترسی به ئیسلامی‌کردنی عێراق دوورکه‌وینه‌وه وا پێویست ئه‌کات که خه‌بات و تیکۆشانمان له پێناو جیاکردنه‌وه‌ی کوردستاندا زیاتر بکه‌ین و کوردستان بکه‌ینه ووڵاتێک که یاسای یه‌کسانی ژن و پیاوی تیادا پیاده بکرێت. کارێکی زۆرمان له‌به‌رده‌مدا ماوه بۆ رزگارکردنی ژنان و به‌مجۆره ته‌واوی کۆمه‌ڵگاش. به‌ڵام بۆ ئه‌مه ته‌جروبه‌ی ڕێکخراوبوونمان هه‌یه و له سفره‌وه ده‌ست پێ ناکه‌ین. وه به فرسه‌تی ئه‌زانم هه‌ر لێره‌وه که به‌بۆنه‌ی 8 ی مارسه‌وه پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم بگه‌یه‌نم به هاوڕێیان و هاوخه‌بات و ته‌واوی ژنانی دنیا وه به‌تایبه‌تیش ژنانی عێراق و کوردستان. به ئومێدی سه‌رکه‌وتنمان و به‌دیهاتنی ژیانێکی ئازاد و یه‌کسان بۆ ژنان. |