ڕاگەیاندنى کۆتایى کۆنگرەى دووەمى

 حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى ئێران- حیکمەتیست

 

کۆنگرەى دووەمى حزبى حیکمەتیست کە لە رۆژانى 6 تا 11ى ئۆکتۆبەر بە بەشدارى زۆرینەى نوێنەرانى رێکخراوە جیاجیاکانى حزب بەرپاکرا، سەرکەوتووانە کۆتایى پێهات. لە کۆنگرەى دووەمدا وێڕاى نوێنەران، وەفدى حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق، وەفدى کۆنگرەى ئازادى عێراق، هەروەها ژمارەیەک میوان کە بۆ کۆنگرە بانگهێشت کرابوون بەشدارییان کرد.

کۆنگرەى دووەم لەماوەى شەش رۆژ کارى چڕوپڕدا گرنگترین مەسەلەکانى بەردەم کۆمەڵگاى ئێران، ئەرکە چارەنووسسازەکانى بزووتنەوەى کۆمۆنیستى چینى کرێکارء حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى ئێران- حیکمەتیست، وە هەروەها گرنگترین گرفتء کۆسپەکانى بەردەم کۆمۆنیزمى هاوچەرخى دایە بەرباس و لێکۆڵینەوە. کۆنگرە رێگاکانى زاڵبوون بەسەر ئەو مەترسیە ترسناکانەى دایە بەرباس کە هەڕەشە لە کۆمەڵگاى ئێران دەکەن و بڕیارى پێویستی لەبارەیانەوە وەرگرت.

کۆنگرە سەرەتا بە سرودى ئەنتەرناسیۆنال و دەقیقەیەک بێدەنگى بەیادى گیانبەختکردووانى رێگاى ئازادى و سۆسیالیزم دەستى بەکارەکانى کرد. دواى وتارى کردنەوەى کۆنگرە لەلایەن کورشى مودەڕسىیەوە، کۆنگرە دەستى بە لێکۆڵینەوە لە راپۆرتى نوێنەران کرد کە لەلایەن خالیدى حاجى محەمەدى سەرۆکى دەستەى چاودێرى هەڵبژاردنەکانەوە پێشکەشکرا. لە کۆتایى ئەم باسەدا کۆنگرە بە تێکڕاى دەنگ ئیعتیبارنامەى نوێنەرانى هەڵبژێردراوو رەسمیەتى کۆنگرەى پەسەند کرد.

دواى ئەم باسە، سامان کەریم سەرۆکى مەکتەبى سیاسى حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق وتەیەکى لەبارەى یەکێتى نێوان ئەم دوو حیزبە و تێهەڵکێشبوون و گرێخواردنى بەرژەوەندییەکانى چینى کرێکار لە ئێران و عێراقدا پێشکەشکرد. دواتر پەیامى سەمیر عادل سەرۆکى کۆنگرەى ئازادى عێراق لەلایەن فارس محمود نوێنەرى کۆنگرەى ئازادى عێراقەوە پێشکەش بە کۆنگرە کرا.

کۆنگرە دواى پەسەندکردنى ئاییننامەى خۆى، لەنێو ئەو خاڵانەى کەلەلایەن نوێنەرانەوە پێشنیار کرابوو، ئەم بەرنامەکارەى بۆخۆى پەسەندکرد:

1- راپۆرت، 2- ئەوزاعى سیاسى ئێران، 3- مەترسیى شەڕى ئەمەریکا لەدژى ئێران، ئاکامەکانى و ئەرکەکانى حزبى حیکمەتیست. 4- حیزب و حیزبیەت و نەبەردەکانى حزبى حیکمەتیست، 5- گاردى ئازادى، 6- کۆمیتە کۆمۆنیستىیەکان، 7- ئارایشى رابەریى حزب، 8- بزووتنەوەى کرێکارى، 9- کۆمەڵگاى عێراق و حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق، 10- بڕیارء بڕیارنامەکان، 11- هەڵبژاردن.

لەبەشى راپۆرتەکاندا سەرەتا کورشى مودەڕسى سکرتێرى کۆمیتەى ناوەندى راپۆرتێکى گشتى لەبارەى چالاکییەکانى حزب لەماوەى نێوان کۆنگرەى یەکەم بۆ کۆنگرەى دووەم پێشکەشکرد. پاشان بەهرامى مودەڕسى سکرتێرى کۆمیتەى رێکخستنى سەرتاسەرى وڵات، رەحمانى حوسێنزادە سکرتێرى کۆمیتەى کوردستان، ئەمانى کەفا سکرتێرى تەلەفزیۆن و رۆزا رامش سکرتێرى رێکخستنى دەرەوەى وڵات یەک لەدواى یەک راپۆرتى مەیدانى چالاکی کۆمیتەکانى خۆیان خستە بەردەم کۆنگرە.

پاشان نوێنەران لە روانگەى جیاجیاوە کەوتنە قسەوباس و راگۆڕینەوە لەبارەى چالاکییەکانى حزبەوە. لە باسى ئەوزاعى سیاسى ئێراندا کۆنگرە تەرکیزى کردە سەر گۆرانکارییەکانى ئەوزاعى سیاسى ئێران، وە پێداویستیەکانى سەرهەڵدانى کۆمۆنیزمى چینى کرێکار بەوێنەى بڕبڕەپشتى بزووتنەوە بۆ روخاندنى جمهورى ئیسلامى و زامن کردنى ئازادى و یەکسانى، دایە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

لەباسى پەیوەست بە مەترسى هێرشى سەربازیى ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، کۆنگرە جەختى لەسەر ئەو راستیە کردەوە کە هێرشى ئەمەریکا، لە جەرگەى بێئومێدیى سەرچاوەگرتوو لە شکستى ئەم دەوڵەتە لە عێراق و موغامەراتى نیوکۆنسەرڤاتیڤەکان لە ئەمەریکا و لاموبالاتیى جمهورى ئیسلامى دەرهەق بە چارەنووسى کۆمەڵگاو خەڵکى ئێران بووەتە مەترسییەکى زۆر جدى. هێرشى سەربازیى ئەمەریکا تیاچوون و وێرانیەکى چەند بەرابەر گەورەتر لەوەى عێراق بەسەر کۆمەڵگاى ئێراندا دەبارێنێ. پاشان کۆنگرە چووە سەر ئەبعادو رێگاکانى ئامادەسازى دەخالەتى کۆمۆنیستەکان و چینى کرێکار لە وەها ئەوزاعێکى مەترسیدارداو لایەنە جیاجیاکانى ئەم ئامادەییەى دایە بەرباس. لە باسى حزب و حزبیەت و تایبەتمەندى و نەبەردەکانى حزبى حیکمەتیستدا، کۆنگرە چووە سەر لێکۆڵینەوە لە کۆسپە عەمەلی، تەقلیدى، بزووتنەوەیى و مێژووییەکانى پێکهێنانى حزبێکى کۆمۆنیستى کۆمەڵایەتى، سیاسى، شەفاف، جەماوەرى، بەهێزو خاوەن دیسپلینێکى بەرز. تایبەتمەندى و خەسڵەتى گشتى حزبێکى بەمجۆرە درایە بەرباس و لێکۆڵینەوە. لەم باسەدا بەتایبەتى کەموکوڕییەکانى حزبى حیکمەتیست لەم مەیدانەداو ئەو ئاڵوگۆڕانەى کە ئەم حزبە دەبێ بەهۆشیارییەوە لە هەڵسووڕان و رێکخستنەکانى خۆیدا بیهێنێتەئاراوە درایە بەرباس. کۆنگرە بەتوندى جەختى لەسەر گرنگیى دابڕانى یەکجارى حزبى حیکمەتیست لەو چەپە تەقلیدیە پەڕگیرە کرد کە مۆرى خۆى داوە لە تێکڕاى مێژووى 80 ساڵى رابردووى چەپى رادیکاڵ لەجیهاندا.

لەباسى کۆمیتە کۆمۆنیستىیەکاندا، تەجروبەى ئەم دەورەیە لە هەڵسووڕانى حزبى لە ئێران درایە بەرباس و کۆمیتە کۆمۆنیستیەکان بەوێنەى دەسکەوتێکى گرنگ و سەرکەوتووى هەڵسووڕانى کۆمۆنیزمى کۆمەڵایەتى، سازماندەرو رابەر جەختى لەسەر کرایەوە. هەروەها کۆنگرە پەنجەى خستەسەر کەموکوڕیەکانى ریکخستنى کۆمیتە کۆمۆنیستیەکان کە سەرچاوەیان دەگەرێتەوە بۆ نفوزى تێگەیشتنە تەقلیدیەکان لە هەڵسووڕانى کۆمۆنیستیدا. لە باسى گاردى ئازادیدا، کۆنگرە جەختى لەسەر گرنگیى چارەنووسسازى گاردى ئازادى لە هەڵسووڕانى حزبداو دەورێک کە تا ئێستا لە دەرکەوتنى حزب وەکو هێزێکى سیاسى قودرەتمەند لە کۆمەڵگاى ئێراندا گێراوێتى کردەوە. لەم بەشەدا بۆچوونە جیاوازو هەندێک جار ناکۆکەکان لەسەر گاردى ئازادى بووە مایەى باسێکى گەرم وگوڕو، لایەنە لێڵ و نارۆشنەکانى ئەم مەیدانەى هەڵسووڕانى حزب خرایە ژێر وردبینەوەو کۆنگرە وێڕاى تەئکید لەسەر ئەم مەسەلەیەى کە هەڵسووڕانى گاردى ئازادى لە هەرجێگایەک دەبێ بەماناى هێزگرتنى خەڵک و بەرگرى لە خواستە بنەڕەتیەکانى بزووتنەوەى ئازادى و یەکسانى بێت لە ئێراندا، گەیشتە کۆبەندییەکى زۆر هەمەلایەنەترو قووڵتر لە تاکتیکو سیاسەتەکانى گاردى ئازادى، کە بەدواى یەکداو بە لەبەرچاوگرتنى مەسائیلى ئەمنى، بڵاودەکرێنەوە.

لە باسى ئارایشى رابەریى حزبدا، کۆنگرە نەتەنها رابەریى بەماناى بەرزترین ئاستى رابەریى حزب، بەڵکو رابەریى بەوێنەى فۆنکسیۆنێکى حازرو چالاک لە تێکڕاى هەیکەلى رێکخراوەیى و پلەبەندییەکانى حزب لە بنەڕەتىترین تا بەرزترین کۆمیتەکان لە حزبدا، دایە بەرباس. کۆنگرە پەنجەى خستە سەر ئەو راستیە کە جگە لە هەندێ حاڵەتى دیاریکراو لە کۆمیتە کۆمۆنیستیەکانى ناوخۆى وڵاتدا، حزب تاکو ئێستا هەیکەلێکى رابەریى پایدارو مەحکەمى نییە. کۆنگرە جەختى لەسەر گرنگى ئاراستەکردنى هەڵسووڕانەکانى حزب لەسەر شێوازێک کرد کە رابەریى بکاتە بەشێک لە هەڵسوکەوتى لەدابڕان نەهاتووى هەموو بەشەکانى رێکخستن. هەروەها کۆنگرە وێڕاى رەخنەى قووڵ لە ئینتەرنێتى بوونەوەى مەسەلەى رابەریى لە حزبدا، جەختى لەسەر گرنگى پێکهێنانى رابەرییەکى (دائر)ى موتەمەرکزو نائینتەرنێتى لە هەموو ئاستەکانى حزب و بەتایبەتى لە سەرى حزبدا کرد.

لە باسى بزووتنەوەى کرێکاریدا سیاسەتى حزب لەبارەى دەخالەت لە خەباتى ئابوورى چینى کرێکاردا درایە بەرباس. کۆنگرە رایگەیاند کە هۆى سەرەکى تەفرەقە لەنێو چینى کرێکارداو کۆسپى سەرەکى رێکخراوبوونى چینى کرێکار سەرکوتى جمهورى ئیسلامى و ئەزمەى ئابوورى هەمیشەیى ئەم رژێمەیە. کۆنگرە لەم بارەیەوە جەختى لەسەر وەرێخستنى کۆششێکى هەمەلایەنە کردەوە بۆ یەکگرتووکردنى چینى کرێکارو دروستکردنى بەربەستێک لەبەردەم فەقرو فەلاکەتێک کە سەرمایەدارى بەسەر چینى کرێکارو زەحمەتکێشانى کۆمەڵگاى سەپاندووە. کۆنگرە پێی لەسەر ئەم حوکمە داگرت کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە جیاجیاکان و بەتایبەتى کۆمۆنیزمى بۆرژوایى لە هەوڵدان تا لە بەرگى ناسیاسى بووندا، کرێکاریى بوونى خەباتى چینى کرێکار بەرتەسک بکەنەوە. بەرگى کرێکارى و ناسیاسى بوون هەوڵێکە بۆ دوورەپەرێزگرتنى چینى کرێکار لە دەخالەتى سەربەخۆ لە سیاسەتى کۆمەڵگاو لەعەرزدانى تێکڕاى نیزامى سەرمایەدارى و دەبێ لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە پەردەى لەروو هەڵماڵرێت و رۆشنبکرێتەوە.

لەباسى پەیوەست بە حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق، کۆنگرە سەرەتا لەرێگەى هاورێیان سامان کەریم، موئەیەد ئەحمەد و ئەمجەد غەفورو فارس مەحمودەوە لە ئاخرین رووداوەکانى عێراق و تێکۆشانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق بۆ هێنانەدەرەوەى ئەم کۆمەڵگایە لە گێژاوو مەرگەساتى ئیسلامى- ئەمەریکایى ئاگادارکرایەوە. پاشان چووە سەر باسکردن لە مەوداى هەڵسووڕانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق و کۆنگرەى ئازادى عێراق و ئەو دەورەى کە حزبى حیکمەتیست دەتوانێت لەم نێوەدا بیگێرێت. کۆنگرە وێڕاى هاوپشتى تەواو لە خەبات و هەوڵى هەموو هاورێیانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق و کۆنگرەى ئازادى عێراق، ئامادەیى تەواوى حزبى حیکمەتیستى بۆ هەرجۆرە کۆمەک و یارمەتیەک نیشاندا. لە باسى بڕیارو بڕیارنامەکاندا، کۆنگرە جەختى لەسەر ئەو راستیە کردەوە کە ئەوەى ئەمڕۆ لە ئارادایە لە راستیدا رەوتێکە کە پێشتر کۆنگرەى یەکەمى حزبى حیکمەتیست پەنجەى خستبووەسەر. هەموو باسەکانى کۆنگرەى دووەم نیشانیاندا کە ئەوەى کەحزبى حیکمەتیست دەبێ ئەنجامى بدات لە بنەرەتدا هەرئەوەیە کە کۆنگرەى یەکەم پەسەندى کردبوو. بۆیە کۆنگرە بڕیارىدا کە لەجیاتى سەرقاڵبوون بە پەسەندکردنى بڕیارنامەگەلێکەوە کە لەبنەڕەتدا پێشتر ئامادەو پەسەندکراون، جارێکى تر جەخت لەسەر گرنگى و مەبدەئى بوونى بڕیارنامەو پەسەندکراوەکانى کۆنگرەى یەکەم بکاتەوەو داوا لە کۆمیتەى ناوەندى هەڵبژێردراوى کۆنگرەى دووەم بکات کە عەمەلى کردنەوەى ئەم سیاسەت و بڕیارانە بخاتە ریزى پێشەوەى ئەولەویەتەکانى خۆى. هەروەها کۆنگرە ئەو بڕیارو رێوشوێنە حزبییانەى کە پێشتر لە پلنیۆم و کۆبوونەوەکانى مەکتەبى سیاسیدا پەسەندکرابوون بەوێنەى پێڕەوى ناوخۆى حزب پەسەندکرد.

لە بەشى هەڵبژاردندا، کۆنگرە سەرەتا بڕیارى دا کە بەپێچەوانەى پێشووەوە کە کۆنگرە تەنها کۆمیتەى ناوەندى هەڵدەبژارد، ئەم جارە وێڕاى ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى، ئەندامانى ئیحتیاتى ئەم کۆمیتەیەش هەڵبژێرێت. هەڵبژاردنى ئەندامانى ئیحتیات بەشێکە لە زامنکردنى بەردەوامیى رابەریى حزب و هەروەها بەشێکە لە پرۆسەى جێنشین دروستکردن. کۆنگرە بڕیارى دا 40 کەس وەکو ئەندامانى ئەسڵى کۆمیتەى ناوەندى و        7 کەسیش وەکو ئەندامانى ئیحتیات هەڵبژێرێت. ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى هەڵبژێردراوى کۆنگرەى دووەم بریتین لە: ئازەرى مودەڕسى، ئازادى زەمانى، ئەسەدى گوڵینى، ئیسماعیلى وەیسى، ئەعزەمى کەمگویان، ئەمانى کەفا، بورهانى دیوارگەر، بەهرامى مودەڕسى، پرشنگى بەهرامى، جەلالى مەحمودزادە، سورەیا شەهابى، حوسێنى مورادبێگى، خالیدى حاجى موحەمەدى، رەحمانى حوسێنزادە، رەحمەتى فاتحى، رەسولى بناوەند، رۆزا رامش، رێبوار ئەحمەد، سەلامى زەیجى، سەعیدى ئارمان، سەوسەنى هیجرەت، سەیوانى رەزایى، ساڵەحى سەردارى، عەبدوڵادارابى، عەلى عەبدالى، فاتیحى شێخ، فەرهادى رەزایى، فواد عەبدولاهى، کورشى مودەڕسى، لادن داوەر، محەمەدى فەتاحى، محەمەدى راستى، محەمەدى جەعفەرى، مەحمودى قەزوێنى، مستەفا ئەسەدپور، مزەفەرى محەمەدى، مەریەمى ئەفراسیاب پور، مەلەکەى عزەتى، نینا ئەرستۆو هومایونى گودازگەر. ئەندامانى ئیحتیات بریتین لە هاورێیان: جەمالى کەمانگەر، ئیبراهیمى باتمانى، ئەسعەدى کوشا، بەهروزى مودەڕسى، حەسەنى قادرى، پەرى زارع و گولباغ سەلیمى.

کۆنگرەى دووەمى حزبى حیکمەتیست بە وتەى کۆتایى کورشى مودەڕسى وپاشانیش بە سرودى ئەنتەرناسیۆنال لەنێو شوروشەوقى نوێنەراندا سەرکەوتووانە کۆتایى بەکارەکانى هێنا.

دواى کۆتایى هاتنى کۆنگرە، پلنیۆمى کۆمیتەى ناوەندى بە بەشدارى زۆرینەى ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى بەرپاکرا. کۆمیتەى ناوەندى بەتێکڕاى دەنگ کورشى مودەڕسى بە سکرتێرى کۆمیتەى ناوەندى و لیدەرى حزب و 13 کەسیشى وەکو ئەندامانى مەکتەبى سیاسى هەڵبژارد کە بریتین لە: ئازەرى مودەڕسى، ئەسەدى گوڵچینی، ئەمانى کەفا، بەهرامى مودەڕسى، حوسێنى مورادبێگى، خالیدى حاجى موحەمەدى، رەحمانى حوسێنزادە، عەبدوڵا دارابى، فاتیحى شێخ، کورشى مودەڕسى، مەحمودى قەزوێنى، موزەفەرى موحەمەدىء مستەفا ئەسەدپور. کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى دواى پلنیۆمى کۆمیتەى ناوەندى، بە بەشدارى زۆرینەى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى بە تێکڕاى دەنگ فاتحى شێخى بە سەرۆکى مەکتەبى سیاسى و ئازەرى مودەڕسى بە تێکڕاى دەنگ بە یاریدەدەرى سەرۆکى مەکتەبى سیاسى و هەروەها خالیدى حاجى موحەمەدى بە یاریدەدەرى سکرتێرى کۆمیتەى ناوەندى هەڵبژارد. هەروەها مەکتەبى سیاسى کۆمیتەیەکى رابەریى (دائر)ى پێنج کەسى هەڵبژارد کە بریتین لە: خالیدى حاجى موحەمەدى، رەحمانى حوسێنزادە، کوڕشى مودەڕسى، موزەفەرى موحەمەدى و مستەفا ئەسەدپور.

کۆنگرەى دووەمى حزبى حیکمەتیست لەماوەى شەش رۆژ کارى چڕوپڕى خۆیدا، شانۆى مشتومڕى جدى، قسەوباسى گەرم و رێنیشاندەرو رۆشن بوو لەسەر گرنگترین نەبەردەکانى بەردەم کۆمۆنیستەکان و حزبى حیکمەتیست. چۆنێتى هاتنەمەیدانى خەڵک، کۆسپ و گرفتەکان و رێگاى یەکگرتوویى و هاوپشتىیان، کۆسپەکانى سەرهەڵدانى چینى کرێکارو ئەو رۆڵەى کە دەبێ حزبى حیکمەتیست لەئەستۆى بگرێت، لە تایبەتمەندیەکانى کۆنگرەى دووەمى حزبى حیکمەتیست بوو. لەم راستایەدا مەسەلەکانى وەک چۆنێتى بەرگرتن بە شەڕو پاراستنى ئاسایشى خەڵکى لە حاڵەتى دەستپێکردنى شەڕدا، چۆنێتى بەرگرتن بە برسێتى و کوشتارو هەژارى و بێبەشیى ئەوان، پێکهێنانى یەکێتى و ئیمکانى بەرگری لەخۆکردن لەنێو خەڵکدا، رێکخستنى خەڵکى لەدەورى ئاڵایەکى ئینسانیدا، چۆنێتى گۆڕینى حزبى حیکمەتیست بۆ حزبێکى جەماوەریى و کۆمەڵایەتى کە ببێتە هەوێنى یەکێتى خەڵک و گرنگیى پێکهێنانى حزبێکى جەماوەریى لە ناوخۆى ئێراندا، بەرنامەداڕشتن و روشنکردنەوەى جێوشوێنى ئێستاو تاکتیکە پێویستەکان و هەروەها هەنگاوەکانى دواتر، درانە بەرباس و گفتوگۆ. لەجەرگەى ئەم باسە پڕبایەخ و زۆر گرنگانەدا، حزبى حیکمەتیســــــــت رۆشنتر، یەکگرتووترو نەخشەمەندتر کۆنگرەى بەسەرەنجامى خۆى گەیاند.

حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى ئێران - حیکمەتیست
16/10/2007

ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ له‌ ژماره‌ی نوێی بڵاوکراوه‌ی ئۆکتوبه‌ری 168 دا

http://www.wpiraq.net/kurdish/october/index.htm

وه‌ له‌ سایتی حزبی کۆمونیستی کرێکاری کوردستاندا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

http://www.hkkurdistan.org

   

ماڵه‌وه‌