|
له زۆرێک له ووڵاته‌کانی ئه‌وروپاو که‌ندا و
ئوسترالیا، ڕێکخراوه‌کانی حزب هه‌ستان به
یادکردنه‌وه‌و به‌رزڕاگرتنی ئه‌و
ئه‌ستێره‌یه‌ی که 14 ساڵ به‌ر له ئێستا له
ئاسمانی کورستان و عێراقدا ده‌ستی به
دره‌وشانه‌وه کردوو بووه هۆی ڕۆشنکه‌ره‌وه‌ی
ڕێگای کرێکاران، زه‌حمه‌تکێشان، ژنان، لاوان و
تێكڕای توێژه سته‌م لێچوووه‌کانی کۆمه‌ڵگای
عێراق و کوردستان. یادی ڕۆژێکیان کرده‌وه که
ئه‌و کات زوڕنا ژه‌نانی بورژوازی و ده‌سته‌و
تاقمه‌کانیان په‌یتا په‌یتا مه‌رگی کۆمۆنیزم و
مارکس یان به گوێی دانییشتوانی ئه‌م گۆی
زه‌ویه‌دا ده‌دا. یادی ڕۆژێکیان کرده‌وه که
به‌ڕابه‌رایه‌تی مه‌نسور حکمه‌ت، کۆمۆنیسته
کرێکارییه‌کانی عێراق و کوردستان پووچی ئه‌م
هه‌موو ئیدیعایانه‌یان ڕاگه‌یاندو حزبی خۆیان
پێکهێناو وه‌ڵامێکی ددانشکێنیان به هه‌موو
ئه‌وانه دایه‌وه که ده‌یانوویست مه‌رگی
کۆمۆنیزم و ئه‌به‌دیه‌ت و ئه‌زه‌لیه‌ت بوونی
کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری و مه‌ینه‌تیه‌کانی
به کرێکاران و خه‌ڵكی وه‌ده‌نگ هاتوو
بسه‌لمێنن. حزب به پێکهاتنی نیشانی دا که
دنیایه‌کی باشتر کارێکی مومکنه و به‌نده به
ئیراده‌ی ئینسانه‌کانه‌وه.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه کورته‌یه‌ک له
چالاکیه‌کانی حزبه له هه‌ر ووڵاتێک:
1.
هۆڵه‌ندا:
ڕۆژی 29.07.2007 کۆمیته‌ی هۆڵه‌ندای حزب به
ئاماده‌بوونی کۆمه‌ڵێک له ئه‌ندامانی حزب و
ژماره‌یه‌ک له دۆست و لایه‌نگران و چه‌ند
که‌سایه‌تی هۆڵه‌ندی ، له پارکێکی جوانی نزیک
شاری هارلم سه‌یرانێکی سازکرد. له که‌ناری
سه‌یران و شادی ئاماده‌بوواندا به‌رنامه‌ی
یادکرنه‌وه‌که ده‌ستیپێکرد. سه‌ره‌تا هاوڕێ
ڕیناتا به زمانی هۆڵه‌ندی مه‌راسیمه‌که‌ی
کرده‌وه‌و به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی کرد.
دواتر هاوڕێ دانا بهادین لێپرسراوی کۆمیته‌ی
هۆڵه‌ندای حزب ووتارێکی پێشکه‌ش به
ئاماده‌بووان کرد که تیایدا چه‌ندین گۆشه‌ی
پرشنگداری له خه‌بات و تێکۆشانی حزب خسته
ڕوو له چه‌ند ساڵه‌ی ژیانی سیاسی حزبدا.
له‌وانه سه‌ره‌ڕای خه‌بات له پێناو
دامه‌زراندنی سۆسیالیزم و بنیاتنانی جیهانێکی
باشتر وشایسته‌ی ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه،
ده‌ستیخسته سه‌ر خه‌بات بۆ ڕێکخراوکردن و
یه‌کگرتووکردنی چینی کرێکار، دیفاع له
یه‌کسانی ژنان و پیاوان، دیفاع له خواستی
سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، به‌رگری له ئازادی
سیاسی و مافه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان،
دیفاع له مافه‌کانی مناڵان و چه‌ندین بواری
تر. هاوڕێ ته‌ها معروف ناوه‌رۆکی ئه‌م
ووتانه‌ی بۆ ئاماده‌بووان کرده ئینگلیزی.
پاشان هاوڕێ محمد غفور، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی
ده‌ره‌وه‌ی ووڵات، باسێکی کورتی هاوڕی مه‌نسور
حکمه‌تی به ناوی "ئه‌گه‌ر دیسانه‌وه هه‌ر
سه‌رنه‌که‌وتین..چی؟" به ئاماده‌بووان ناساند
و ئه‌م باسه له لایه‌ن هاوڕێ گۆران ڕه‌شید
بۆ ئاماده‌بووان کرایه هۆڵه‌ندی. به دوای
ئه‌ویشدا هاوڕێ ڕزگار ساڵح ئه‌ندامی کۆمیته‌ی
هۆڵه‌ندا ووته‌یه‌کی کورتی پێشکه‌شکرد و
دواتریش هاوڕێ لوقمان وه‌ک دۆستێکی حزب
پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حزبی کرد‌و
هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ خواست.
2.
به‌ریتانیا: له‌نده‌ن:
ڕۆژی 05.08.2007 له له‌نده‌ن به
ئاماده‌بوونی ئه‌ندامان و دۆستانی هه‌ردوو
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و حزبی
حکمه‌تیست، ئه‌م یاده به‌رز ڕاگیرا. سه‌ره‌تا
هاوڕێ ئاسۆ گۆران به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی
کرد‌و به‌رنامه‌ی یاده‌که‌ی به ئاماده‌بووان
ناساند. به دوایدا هاوڕێ نوری به‌شیر
لێپرسراوی حزب له به‌ریتانیا ووته‌ی حزبی
پێشکه‌ش کرد که له به‌شێک له قسه‌کانیدا
ته‌ئکیدی له‌سه‌ر زه‌روره‌تی ئه‌م حزبه بۆ
کۆمه‌ڵگای کوردستان و عێراق کرد. هاوکات
ده‌رکه‌وتنی حزبی وه‌ک حزبێکی خۆشه‌ویست
باسکرد که چۆن بۆته جێگای نیگه‌رانی ڕژێمی
ڕووخاوی به‌عس و ناسیونالیزمی کورد‌و ته‌نانه‌ت
ده‌وڵه‌تانی کۆنه‌په‌رستی ناوچه‌که‌ش، به
جۆرێک که ناسیونالیزمی کورد هێرشی
چه‌کدارانه‌ی کرده سه‌ر حزب. هه‌روه‌ها له
درێژه‌ی قسه‌کانیدا نوری به‌شیر ته‌ئکیدی
له‌سه‌ر سیاسه‌تی دروستی حزب کرد وه‌ک هیزێکی
دژی داگیرکه‌ری ئه‌مریکا و ته‌ئکیدی له
پرۆژه‌ی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی
کوردستان کرد. له کۆتاییشدا ووتی ئه‌گه‌ر چی
ئه‌م حزبه له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌گه‌یشتۆته
به‌رنامه‌و ئامانجه‌کانی، ئه‌گه‌رچی هێشتا
له‌ده‌سه‌ڵات و له نێو هاوکێشه سیاسیه‌کاندا
جیگایه‌کی کاریگه‌رو دڵخوازی نیه، به‌ڵام
ئه‌م حزبه ته‌نها چرای ئومێد و ڕزگاری و
ئینسانیه‌ته.
به دوایدا سه‌عید ئارمان، لێپرسراوی کۆمیته‌ی
به‌ریتانیای حزبی حکمه‌تیست، په‌یامی خۆی به
ته‌ئکیدکرنه‌وه له‌سه‌ر زه‌روره‌تی ئه‌م
حزبه له کۆمه‌لگای عێراقدا ئیشاره پێداو
ده‌ستگرتن پێوه‌ی و به‌هێزکرنی به
زه‌روره‌تێکی مێژوویی و گه‌وره ناوبرد.
به‌شی دووه‌می به‌رنامه‌کان له پارکێکی
گه‌وره‌ی شاری له‌نده‌ن دا و به ئاماده‌بوونی
هاوڕێیانێک ودۆستانێکی تر که له‌ده‌ره‌وه‌ی
له‌نده‌نه‌وه هاتبوون، به مۆسیقا‌و
هه‌ڵپه‌رکێ و دانس و چه‌ندین چالاکی وه‌رزشی
جۆراو جۆر و سه‌رحاڵی بۆ مناڵان به
شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام تا کاتێکی دره‌نگ
درێژه‌ی هه‌بوو.
3.
ئوسترالیا:
ئێواره‌ی ڕۆژی 05.08 2007 و به ئاماده‌بوونی
زۆرێک له ئه‌ندامان ودۆستانی حزب و که‌سانێکی
کۆمۆنیست و ئازادیخواز، وه به ده‌قیقه‌یه‌ک
وه‌ستان بۆ به‌رزڕاگرتنی یادی
گیانبه‌ختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم،
ڕیکخراوی ئوسترالیای حزب کۆڕێکی سیاسی به‌ست.
پاشان به‌شێک له فلیمێکی دۆکیۆمێنتی له‌سه‌ر
شۆڕشی ئۆکتۆبه‌رو به‌شداری جۆن ڕید،
ژۆرنالیستی به ناوبانگ و خاوه‌نی کتێبی" ئه‌و
ده ڕۆژه‌ی که جیهان تیایدا له‌رزی"، بۆ
ئاماده‌بووان نیشاندرا.
پاشان هاوڕێ جلال محمد، به‌رپرسی کۆمیته‌ی
ئوسترالیای حزب، قسه‌وباسێکی له‌سه‌ر گرنگی
دامه‌زراندنی حزب بۆ ئاماده‌بووان کرد. له
به‌شێک له قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی دا به
پێشڕه‌وی و خاڵه لاوازه‌کانی حزب.
پاشان لیلی محمد، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی
حزب و هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی
ژنان، ووته‌یه‌کی پێشکه‌شکرد له باره‌ی ڕۆڵ و
کاریگه‌ری حزب له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی
یه‌کسانیخوازی ژنان و مافه‌کانیان له ئاستی
کوردستان و عێراقدا.
پاش پشوویه‌کی کورت و شیرینی خواردن به‌م
بۆنه‌یه‌وه، ئاماده‌بووان چه‌ندین پرسیار و
سه‌رنجیان دا له باره‌ی دامه‌زراندنی حزب و
مه‌یدانه‌کانی هه‌ڵسوڕانی و هاوکات ئاماژه‌یان
دا به چه‌ندین خاڵی پێشڕه‌وی حزب له ئاسته
جیاجیاکاندا.
4.
که‌نه‌دا:
ڕۆژی 11.08.2007 کۆمیته‌ی که‌ندای حزب
سیمینارێکی به‌م بۆنه‌یه‌وه بۆ هاوڕێیان عادل
ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی کۆمیته که‌نه‌دا، و جلال
سه‌عید، ئه‌ندامی کۆمیته، سازدا. سه‌ره‌تای
سیمیناره‌که به ووتاری پیرۆزبایی له یادی
حزب و به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان له لایه‌ن
هاوڕێ که‌ژاڵ عزیز، به‌رێوه‌به‌ری
سیمیناره‌که ده‌ستی پێ‌کرد.
باسی یه‌کم له ژێر ناونیشانی "حزبی کۆمۆنیستی
کرێکاریی عێراق، خاڵێکی دره‌خشان له
کۆمه‌ڵگای عێراق دا" له لایه‌ن هاوڕێ عادل
ئه‌حمه‌ده‌وه پێشکه‌ش کرا.
هاوڕێ عادل له باسه‌که‌یدا ئیشاره‌ی به
هه‌لومه‌رجی دامه‌زراندنی حزب کرد له دوای
ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 و سه‌رهه‌ڵدانی
بزووتنه‌وه‌ی شوورایی شاره‌کانی کوردستان که
نه‌خشی هاوڕێ مه‌نسووری حیکمه‌ت له
دامه‌زراندنی ئه‌م حزبه‌دا به‌رجه‌سته‌و
به‌رچاو بوو. دوواتر چووه سه‌ر خاڵه
دره‌خشانه‌کانی حزب له کۆمه‌ڵگای عێراق
وده‌ورو نه‌خشی حزب له مه‌یدانه
جۆراوجۆره‌کاندا :له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران
و ڕێکخراوکردنیان له ئه‌شکاله جۆراوجۆره
ڕێکخراوه‌یه‌کاندا، ئیتحادیه‌و شووراو نیقابه
کرێکارییه‌کان و بێکاران. بزوتنه‌وه‌ی
یه‌کسانی ژنان ، لاوان، منداڵان ، قووتابیان و
پرۆسه‌ی خوێندن. دژی تیرۆر و ره‌شه‌کوژی ،دژی
گه‌مارۆی ئابووری له سه‌ر عێراق، دژی شه‌رو
داگیرکاری ئه‌مریکا له عێراق و..
،وه‌ستانه‌وه له دژی سیناریۆی ره‌شی
داگیرکاری وشه‌ری قه‌ومی و تایفی و ته‌رحی
دامه‌زراندنی کۆنگره‌ی ئازادی عێراق. له
کۆتاییدا ئیشاره‌ی به‌وه کرد که سه‌ڕه‌ڕای
هه‌ر که‌موکورتیه‌ک له‌م حیزبه‌دا به‌ڵام
خاڵێکی دره‌خشان له کۆمه‌ڵگای عێراقدا گه‌ر
هه‌بێ ئه‌وه ووجودی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی
عێراقه.
به‌شی دووه‌م سیمنارێک له ژێر ناونیشانی
"حیزب و مه‌سه‌له‌ی په‌ناهه‌نده‌یی" له
لایه‌ن هاوڕێ جه‌لال سه‌عیده‌وه پێشکه‌ش کرا.
هاوڕێ جه‌لال له میانه‌ی باسه‌که‌یدا چووه
سه‌ر ئاوا‌ره‌بوونی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک له
دووای ڕاپه‌ڕین ساڵی 1991 و دواتر شاڵاوی کۆچ
کردنی خه‌ڵک بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات و ده‌ورو
نه‌خشی حزب له ڕێکخراوکردن و دیفاع کردن
له‌ژیان و گوزه‌رانیان. له به‌شێکی تری
باسه‌که‌یدا چووه سه‌ر لایه‌نی ئینسانی دیفاع
کردنی حزب و فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عێراقی
له حورمه‌ت و که‌رامه‌تی په‌ناهه‌نده‌یی و
دیفاع له که‌یسه‌کانیان. له کۆتاییدا
ئیشاره‌ی به به‌ستنی کۆنگره‌ی فیدراسیۆن کرد
له ووڵاتی سوید له 25-26 ی ئابی 2007 وه‌ک
ڕێکخراوێکی سه‌رتاسه‌ری بۆ دیفاع له هه‌قی
په‌نابه‌رێتی.
له شه‌وی هه‌مان ڕۆژدا ئاهه‌نگێکی خۆشی به‌م
بۆنه‌یه‌وه ساز درا که تا سه‌عات دووی شه‌و
به ئاهه‌نگ و شایی و خۆشی ئاماده‌بووان
به‌رده‌وام بوو.
5.
نه‌رویج: ئۆسلۆ:
ڕۆژی 17.08.2007 ڕێکخراوی نه‌رویجی حزب هه‌ستا
به سازدانی مه‌راسیم و ئاهه‌نگێکی شادی به‌م
بۆنه‌یه‌وه. سه‌ره‌تا هاوڕێ ئه‌نوه‌ر نوری
به‌رپرسی کۆمیته‌ی نه‌رویجی حزب وێڕای به
خێرهاتنی ئاماده‌بووان و پیرۆزبایی یادی حزب
لێیان، ووته‌یه‌کی پێشکه‌ش به
ئاماده‌بووانکرد. له ووته‌که‌یدا باسی له
زه‌روره‌تی پێکهێنانی حزب وه‌ک زه‌روره‌تێکی
مێژوویی بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان وعێراق کرد به
تایبه‌تی که ئه‌م حزبه له کاتێکدا دامه‌زرا
ته‌پڵی مه‌رگی کۆمۆنیزم لێده‌درا و ئه‌حزاب و
جه‌رایاناتێکی زۆرخه‌ریکی ناوگۆڕین و
تۆبه‌کردن بوون. له به‌شێکی تری قسه‌کانیدا
ئاماژه‌ی بۆ ده‌ورو نه‌خشی حزب کرد له
ڕابه‌رایه‌تی چه‌ندین نه‌به‌ردی کۆمه‌ڵایه‌تی
له کوردستان و عێراقدا و وه‌ستانه‌وه‌ی
له‌سه‌ره‌وه‌ی چه‌ندین بزووتنه‌وه‌ی
کۆمه‌ڵایه‌تی و خواسته‌کانیان وه‌ک بێکاران،
ژنان، مناڵان و ڕێفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ی
کوردستان.... له به‌رامبه‌ر داگیرکاری
ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیشیدا، ئه‌نوه‌ر
نوری ئیشاره‌ی به‌وه‌دا که ته‌نها حزبێکه
که به ئاسۆیه‌کی ئینسانی و ڕۆشنه‌وه دژی
داگیرکاری ئه‌مریکا وه‌ستاوه‌ته‌وه بۆ کردنه
ده‌ره‌وه‌یان کارده‌کات و ده‌یه‌وێت له ڕێگای
به‌دیله ئینسانیه‌کانیه‌وه کۆمه‌ڵگای عێراق
له‌م سیناریۆ ڕه‌شه‌ی ئێستا ڕزگار بکات و
ئه‌منیه‌ت بۆ خه‌ڵک بگێڕێته‌وه.
به‌شی دووه‌می مه‌راسیم و ئاهه‌نگه‌که به
گۆرانی و مۆسیقای جۆراو جۆر و له نێو خۆشی و
شادی ئاماده‌بوواندا تا شه‌و دره‌نگانێک
درێژه‌ی هه‌بوو.
6.
فنلاند: هێلسنکی:
ڕۆژی 18.08.2007 له هێلسنکی ڕێکخراوی
فینله‌ندای حزب به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌کی
به‌رچاو له ئه‌ندامان و دۆستانی حزب، ئه‌م
یاده‌ی به‌رزڕاگرت. سه‌ره‌تا هاوڕێ ئاڵا فرج
به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی کرد و پاشان به
ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان ڕێز له
گیانبه‌ختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم
گیرا. دوواتر له لایه‌ن هاوڕێ سیروان ئه‌مین
ه‌وه چه‌ند پارچه هۆنراوه‌یه‌ک
خوێندرایه‌وه که به‌م بۆنه‌یه‌وه
ئاماده‌کرابوو.
پاشان ووته‌ی کۆمیته‌ی فینله‌ندای حزب له
لایه‌ن هاوڕێ مسته‌فا باهر، لێپرسراوی
کۆمیته، پێشکه‌ش به ئاماده‌بووان کرا.
له‌ووته‌که‌یدا ئاماژه‌ی به ده‌ورو نه‌خشی
حزب له مه‌یدانه‌کانی خه‌باتی سیاسی و
کۆمه‌ڵایه‌تی له 14 ساڵی ڕابردوودا له
کۆمه‌ڵگای کوردستان و عێراقدا کرد.
به‌شی دووه‌می یاده‌که به به‌شداری
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ خۆش مؤید چاوشین و تیپێکی
مۆسیقا تا دره‌نگانێک له نێوان خۆشی و شادی
ئاماده‌بوواندا درێژه‌ی هه‌بوو.
ڕێکخراوی ده‌ره‌وه
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
19.08.2007 |