|
یه‌کی ئایار ڕۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار
به‌ڕیوه‌یه. له‌م ڕۆژه‌دا کرێکاران له
سه‌رتاسه‌ری دنیا بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی
خواسته‌کانیان و بۆ نیشاندانی ڕیزی یه‌کگرتووی
چینایه‌تیان ده‌ڕژێنه شه‌قامه‌کان. چینی
کرێکاری کوردستانێش شانبه‌شانی هاوچینه‌کانیان
له سه‌رتاسه‌ری دنیا له مێژه ئه‌م ڕۆژه‌یان
کردوته ڕۆژی خۆنواندن‌و ڕاگه‌یاندنی خواست‌و
ئامانجه‌کانیان.
چینی کرێکار له کوردستان که ساڵانیکی دوور‌و
دڕیژه له ساده‌ترین مافه‌کانیان بێبه‌ش
کراون، ئه‌مڕۆ وێڕای هه‌موو بێبه‌شانی
کۆمه‌ڵگا له هه‌ل‌ومه‌رجێکی سه‌ختدا گوزه‌ران
ده‌که‌ن. که‌می یان نه‌بوونی ساده‌ترین
پێداویستیه‌کان، کرێی که‌م، گرانی بازاڕ،
نائه‌منی شوێنی کار، پێشیلکردنی ئازادی
ڕێکخراوبوون‌و مانگرتن‌و به‌رپاکردنی
ناڕه‌زایه‌تی، نه‌بوونی یاسایه‌کی کاری
پێشڕه‌و که لانی که‌می مافه‌کانی کرێکارانی
تیا زه‌مانه‌ت کرابێت، له‌به‌ریه‌کترازانی
مه‌ده‌نیه‌ت‌و پاوان‌کردنی ده‌سه‌ڵات‌و
سه‌روه‌ت‌و سامانی کۆمه‌ڵگا له ده‌ستی
که‌مایه‌تیه‌کی که‌م له سه‌رمایه‌داران‌و
به‌رپرسانی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان
هه‌ل‌ومه‌رجێکی ناله‌باری بۆ گوزه‌رانی
کرێکاران‌و سه‌رجه‌م بێبه‌شانی کۆمه‌ڵگا
پێکهێناوه.
ڕۆژی یه‌کی ئایار ڕۆژی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای
ئامانجه‌کانی چینی کرێکار له وه‌دیهێنانی
ئازادی‌و یه‌کسانی‌و خۆشگوزه‌رانییه، به‌ڵام
له هه‌مان کاتدا ڕۆژی پێداگرتن له‌سه‌ر
خواسته‌کان‌و وه‌ستانه‌وه له به‌رامبه‌ر
ئه‌م هه‌ل‌ومه‌رجه ناله‌باره‌یه.
کرێکاران، جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکیش‌و بێبه‌شی
کوردستان!
با ڕۆژی یه‌کی ئایار بکه‌ینه ڕۆژی
هێنانه‌مه‌یدانی ڕیزی یه‌کگرتووی
چینایه‌تیمان، با به ڕیپیوانی جه‌ماوه‌ری‌و
ڕێکخراوی خۆمان پێداگیریمان له‌سه‌ر
خواسته‌کانمان نیشانی هه‌موو لایه‌ک بده‌ین.
با خواسته‌کانمان له وه‌دیهینانی ئازادی
ڕێکخراو بوون و هه‌موو ئازادیه سیاسیه‌کان بۆ
چینی کرێکار، سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی
نوێنه‌رانی به ئازادی هه‌ڵبژێرراوی کرێکاران
به سه‌ر پرۆسه‌ی جێبه‌جێکردنی خواسته‌کانیان،
دانان و جێگیرکردنی یاسایه‌کی کاری هاوچه‌رخ،
زیادکردنی کرێ پێ به‌پێی گرانی بازاڕ،
فه‌راهه‌مکردنی پێداویستیه سه‌ره‌کیه‌کانی
ژیان له کاره‌با‌و ئاو‌و سوته‌مه‌نی و
بنه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵی، دابینکردنی بیمه‌ی
بێ‌کاری و هه‌موو بیمه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان،
فه‌راهه‌مکردنی خانو‌و شوێنی نیشته‌جێ بوون بۆ
هه‌مووان و هه‌موو خواسته‌کانی تر به گوێی
ده‌سه‌ڵاتداران بگه‌یه‌نین.
با ڕۆژی یه‌کی ئایاری ئه‌مساڵ ببێته ڕۆژی
هه‌نگاوهه‌ڵگرتن بۆ هه‌رچی زیاتر
ڕیکخراوبوون‌و یه‌کگرتوو بوونی ڕیزه‌کانی
کرێکارانی کوردستان. هاتنه مه‌یدانی چینی
کریکار وه‌ک ڕیزێکی یه‌کپارچه‌و ڕێکخراو
زامنی سازدانه‌وه‌ی مه‌ده‌نیه‌ت له کوردستان
و به‌دیهێنانی ئاینده‌یه‌کی باشتره.
بژی یه‌کی ئایار ڕۆژی هاوپشتی جیهانی چینی
کرێکار
لیژنه‌ی پێشوازی له یه‌کی ئایار له شاری
سلێمانی
17/04/07 |